هەواڵ

بە تۆمەتی “فێڵکردن” شاسوار عەبدولواحید دادگایی دەکرێت

09:31 - 30/07/2019 287 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

بە تۆمەتی فێڵکردن و زیادکردنی سەرمایەی کۆمپانیای چاڤیلاند لە یەک ملیۆن دینارەوە بۆ 105 ملیار دینارو گۆڕینی بۆ کۆمپانیای هاوپشکیی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شاسوار عەبدولواحید دەردەچێ. 

لەسەر سكاڵای 48 هاوپشكی چاڤیلاند، بەتۆمەتی فێڵكردن و ساختەکاریی، دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ شاسوار عبدلواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەرکردووە. بەوتەی خاوەن پشكەكان شاسوار عەبدولواحید خاوەنی كەمتر لە 15%ی پشكەكانە، بەڵام 70%ی كردووە بەناوی خۆیەوە.

فەرمانەکە بەپێی مادەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکراوەو هێزە ئەمنییەكان راسپێردراون بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیركردنی شاسوار.

یاساناسان روونی دەکەنەوە، ئەو مادەیەی کە شاسوار عەبدولواحیدی پێ تۆمەتبار كراوە، تایبەتە بە تاوانی “فێڵكردن”و سزاكەی لە چوارچێوەی یاسای سزادانی عێراقیدا، بریتی دەبێ لە بەندكردن کە لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێ.

نەژاد رەشید، نوێنەری خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند بە “زەمەن”ی وت: “حكومەت لەسەر بنەمای قسەو ئەو ڤیدیۆیانەی شاسوار لەسەر چاڤیلاند پێشانی بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیاكانی داوە، خەمڵاندن بۆ پشكەكانی كراوە. شاسوار كراوە بە خاوەنی 70%ی پشكەكانی چاڤیلاند لەكاتێكدا خۆی خاوەنی 15%ی پشكەكانیش نییە. ئەمەش وایكردووە مافی خاوەن پشكەكان زەوت بکات”.

نوێنەری خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند كە بە بەهای 205 ملیۆن دینار پشكی كڕیوە، وتیشی: “نۆ هەزارو 700 كەس خاوەنی پشكن لە چاڤیلاند بە بڕی 22 ملیۆن دۆلار، كە دەكاتە 30 ملیار دینار، کەچی ساڵانی 2013‌و 2016 بڕێكی كەم پارەی قازانج دراوە بە هاوپشکەکان”.

بەوتەی خاوەن پشکەکان، ئێستا كەوتوونەتە ژێربارێكی قورسەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە ساڵانە داهاتێكی زۆری هەیە، کەچی حەوت ساڵە لێی بێبەشن.

بەوتەی نەژاد رەشید، تائێستا ئیدارەی چاڤیلاند بودجەی نییە “ئەگەر كورسیەكیان كڕیبێ، ئەم ئیدارەیە هەموو ساڵێك نوسیویەتییەوە. هەموو ئەمانەمان بە بەڵگەوە لەلایە، بۆیە ئێستاش ئێمە قازانجی ساڵانەی چاڤیلاندمان دەوێ لە  ساڵی 2013ەوە بۆ ئێستا”.

پسپۆڕێکی یاسایی کە چاودێری رەوتی لێکۆڵینەوەکان لەم دۆسێیەدا دەکات بۆ “زەمەن” ئاشکرایکرد: لەسەر سکاڵایەکی پێشووی خاوەن پشکەکان فەرمانی دەستگیرکردنەکە دەرچووە. دۆسێکە پێشتر هەبووەو ئیجرائاتی تێدا نەکراوە. بەڵام ئێستا زیندوو کراوەتەوەو جارێکی تر جوڵێنراوە.

سکاڵاکەی سەر شاسوار عەبدولواحید لەلایەن 48  خاوەن پشکەوە تۆمارکراوەو دواتر بووە بە 12 داوا، هەر سێ خاوەن پشکەکەو داواکەیان بووە بە پەڕاوێک. 

سەرچاوەکەی “زەمەن” وتی: “شاسوار عەبدولواحید بەپێی مادەی 456 و بە تۆمەتی ئەوەی لە زیادکردنی سەرمایەی کۆمپانیاکەدا فرتوفێڵی لە خاوەن پشکەکان کردووە، فەرمانی گرتنی هەیە لە دادگای لێکۆڵینەوەی دوو. تائێستا وتەی لێوەرنەگیراوە بەڵام نازانرێت کە دوای دەستگیرکردنی رادەگیرێت یان بە کەفالەت ئازاد دەکرێ یان مادەکەی دەگۆڕێ. چونکە جارێ لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە، دواتر دادگا بڕیار دەدات ئایا لە قۆناغی لێکۆڵینەوە دۆسێکە دادەخرێت یان حەواڵە دەکرێت بۆ دادگاو سزادانی. هەموو ئەوانەش لە دەسەڵاتی دادگادایە”.

بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی کە لەسەر ئەو دۆسێیە ئامادەکراوە، سەرمایەی کۆمپانیایەکە لە یەک ملیۆن دینارەوە زیادکراوە بۆ 105ملیار دینار کە ئەو بڕیارە هەڵەی تێدایە بەپێی یاسای کۆمپانیاکان. چونکە بەپێی نووسراوی بانکی بازرگانی هەرێم، لەو بڕە تەنیا 340 ملیۆن و 440 هەزار دیناری بە حازرەو بڕەکەی تری خەمڵێنراوەو حازر نییە. بەڵام لە سەرمایەی کۆمپانیاکەدا وەک پارەی حازر (نەختینە) تۆمارکراوە، کە ئەوەش پێچەوانەی یاسای کۆمپانیاکانە.

خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند لە ساڵی 2011ەوە وەک هاوپشک لە کۆمپانیاکە ناویان تۆمارکراوەو ژمارەیان 9 هەزارو 700 کەسەو بڕی‌ 30 ملیار دیناریان خستووەتە پڕۆژه‌ی‌ چاڤی لانده‌وه‌، بەڵام تائێستا هیچ بڕە پارەیەک نەچووەتە سەر حسابی پشکەکان و بڕی‌ قازانجی‌ پشكه‌كانیان نادیارەو گومانیان هەیە لەوەی پارەکانیان لە پڕۆژەو بابەتی دیکە سەرف بکرێت.

تائێستا تەنها دوو جار پارەی قازانجی پڕۆژەکە دراوەتە خاوەن پشکەکان، جاری یەکەم لە ساڵی 2013 بڕی 30 هەزار دیناریان داوه‌ به‌ هه‌ر خاوه‌ن پشکێک له‌ بەرامبەر یەک ملیۆن دیناری عێراقی و جاری دووەمیش لە ساڵی 2016 بڕە پارەیەکیان وەک کارتی یاریکردن لە پڕۆژەکە پێدراوە.

دوای چەندین خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ساڵی 2016ەوە خاوەن پشکەکان لە هەوڵی وەرگرتنەوەی مافەکانیان و دواجار لە دادگا سکاڵایان تۆمار کردو داوای مافی خۆیان کرد لە قازانجی کۆمپانیاکە لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا.

دوای گردبوونەوەو خۆپیشاندانەکان، ساڵی رابردوو جارێکی تر 70 سکاڵای یاسایی لە بنکەی پۆلیسی ئازادی شاری سلێمانی لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمارکرا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن