هەواڵ

تاقانه‌ كورده‌که‌ى گوانتانامۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق

05:52 - 27/07/2019 444 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن "

 

ئەم راپۆرتە کە وردەکاری ژیان و بەسەرهاتی یاسین عارف کە تەنیا کوردی ناو گرتووخانەی بەناوبانگی گوانتانامۆیە، لەلایەن رۆژنامەوان (رۆجیار هێمن)‌ەوە ئــامــادەکــراوەو لــــــە مـــاڵـــپــەڕی www.wllat.net دا بە زمانی کوردی بڵاوکراوەتەوە، “زەمەن” بە ئاگاداری رۆجیار هێمن، دەقی ئەو راپۆرتە بێ هیچ دەسکاریکردنێک کتومت وەکو خۆی بڵاو دەکاتەوە.

“ڕۆژى 9ى حوزه‌یرانى 2019 له‌ ڕێگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى په‌ینسلڤه‌ینیاوه‌ یاسین عارف، ئه‌و تاوا‌نباره‌ كورده‌ى كه‌ تێوه‌گلابوو لە رووداوه‌كانى 11ى سێپته‌مبه‌ر له‌ ئه‌مریكا، دواى به‌سه‌ربردنى 13 ساڵ له‌ به‌ندینخانه‌ى گوانتانامۆ، له‌لایه‌ن حكومه‌تى ئه‌مریكاوه‌ ره‌وانه‌ى عێراق كراوه‌ته‌وه‌. ئێستا یاسین له‌ عێراق وه‌ك هاووڵاتییه‌كى ئازاد ژیان به‌سه‌ر ده‌بات.

یاسین كێیه‌؟
یاسین محێدین عارف ناسراو به‌ “یاسین عارف”‌ ساڵى 1970 له‌ گوندێكى ناوچه‌ى گه‌رمیان له‌ خێزانێكى پابه‌ند به‌ ئاین له‌دایكبووه‌. باپیرى یاسین یه‌كێك بووه‌ له‌ ئیمام و كه‌سایه‌تیه‌ ئاینیه‌ به‌ناوبانگه‌كانى گه‌رمیان. ساڵى 1988  به‌شێكى خێزانه‌كه‌ى كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر شاڵاوى ئه‌نفال و له‌ عێراق بڕوانامه‌ى له‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌كاندا به‌ده‌ستهێناوه‌. ساڵى 1995 هاوسه‌رگیرى كردووه‌ و باوکى چوار منداڵه‌ به‌ناوه‌كانى: ئاڵا، سه‌ڵاح، ئه‌عزه‌م، دڵنیا.

دواى ئه‌وه‌ى هاوسه‌رگیرى ده‌كات، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ى روویانكردووه‌ته‌ وڵاتى سوریا. له‌ شارى دیمه‌شق له‌ زانكۆى (نوور) ده‌ستىكردووه‌ به‌ خوێندن وهەر له‌وێ خوێندنى ته‌واوكردووه‌. پاش ماوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجامى ئه‌و دۆخه‌ خراپه‌ى به‌هۆى كوردبوونییه‌وه‌ بۆ خۆى و خێزانه‌كه‌ى له‌ سوریا هاتووه‌ته‌ پێش، ساڵى 1999  داواى وه‌رگرتنى مافى مانه‌وه‌ى له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى كردووه‌. له‌ هه‌مان ساڵدا خۆى و خێزانه‌كه‌ى پاش قبوڵكردنى داواكارییه‌كه‌یان له‌ ناوچه‌ى ئه‌له‌بانى له‌ نیویۆرك ده‌گیرسێنه‌وه‌، له‌وێ ده‌ست به‌ ژیانێكى نوێ ده‌كه‌ن.

یاسین خاوه‌نى چه‌ند بڵاوكراوه‌یه‌ك و كتێبێكه‌ به‌ناوى (كوڕى شاخه‌كان.. ژیانى من وه‌ك كوردێك و تۆمه‌تبارێكى تیرۆر) كه‌ تێیدا باسى ورده‌كارییه‌كانى ژیانى خۆى دەکات هەر له‌ له‌دایكبوونه‌وه‌ له‌ گه‌رمیان تا زیندانیكردنى له‌ ئه‌مریكا و گوانتانامۆ.

ده‌ستپێكى تێوه‌گلان
یاسین كاتێك كه‌ ده‌چێته‌ وڵاتى سوریا، بۆ په‌یداكردنى بژێوى خێزانه‌كه‌ى، بووه‌ته‌ باخه‌وانى پیاوێكى بازرگان. دواتر كاره‌كه‌ى گواستووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ باخه‌وانى باره‌گاى (بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان) له‌ دیمه‌شق، كه‌ ئه‌وكات له‌لایه‌ن مه‌لا كرێكارە‌وه‌ رابه‌رایه‌تى كراوه‌. له‌و كاته‌دا چه‌ند جارێك مه‌لا كرێكارى بینووه‌. دواتر له‌ ساڵى 2001 به‌ته‌واوه‌تى دواى دوو ساڵ له‌ نیشته‌جێبوونى یاسین له‌ ئه‌مریكا، مه‌لا كرێكار گروپى “تیرۆریستى” ئه‌نسارولئیسلامى راگه‌یاند. 

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك باس له‌وه‌ده‌كه‌ن “یاسین هه‌رچه‌نده‌ مه‌لا كرێكاری بینیووه‌، به‌ڵام هه‌رگیز هاوڕاى سیاسه‌ته‌كانى نه‌بووه‌، به‌تایبه‌تى له‌ بابه‌تى ئیسلامى توندڕه‌ودا”

ئیمامى مزگه‌وتێك
له‌گه‌ڵ گه‌یشتنى به‌ ئه‌مریكا، یاسین ناچارده‌بێ بژێوى خێزانه‌كه‌ى دابینبكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ شۆفێرى ئه‌مبوڵانس. پاش ماوه‌یه‌ك كاركردن، كاره‌كه‌ى ده‌گۆڕێت و ده‌بێته‌ ئمامى (مزگه‌وتى سه‌لام) له‌ ئه‌له‌بانى شاری نیویۆرك. ئیتر له‌م ساته‌ به‌دواوه‌ گومانه‌كان له‌سه‌ر ژیانى ده‌ستپێده‌كه‌ن.

ساڵى 2003 پاش ئه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى به‌ ڕێبه‌رى ئه‌مریكا پڕۆسه‌ى ئازادى عێراق ده‌ستپێده‌كه‌ن، بۆ یه‌كه‌مجار و به‌ رێككه‌وت، یاسین ده‌كه‌وێته‌ داوى كارمه‌ندێكى (ده‌زگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى فیدراڵى ئه‌مریكا -ئێف بى ئاى)ـەوە.

ورده‌كارى ئه‌م رووداوه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێ كه‌ ناو و ژماره‌ ته‌له‌فۆن و ناونیشانى یاسین له‌ بینایه‌كى داڕوخاودا دواى ته‌قینه‌وه‌یه‌كى تیرۆریستى له‌ عێراق له‌ناو ده‌فته‌رێكى تێبینیدا ده‌دۆزرێته‌وه‌. دواتر راسته‌وخۆ ئه‌م زانیارییه‌ دۆزرایەوە ده‌كرێته‌ فایلێكى ‌تایبه‌ت و به‌دواداچوونى بۆ ده‌كرێت. 

ئه‌وه‌ى له‌و بابه‌ته‌دا ده‌بێته‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى كه‌ ناوه‌كه‌ى یاسین ببێته‌ جێى سه‌رنج ئه‌وه‌یه‌، له‌ ته‌نیشت ناوه‌كه‌ى له‌ ده‌فته‌رى تێبینیه‌كه‌دا نووسراوه‌ “فه‌رمانده‌“ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ دواتر له‌ دادگا راست ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و وشه‌یه‌ وشه‌ى “كاكه‌“ بووه‌ كه‌ وشه‌یه‌كى كوردییه‌ و به‌ واتاى (برا گه‌وره‌) دێت یان بۆ ڕێز به‌كاردێ. به‌هۆى به‌هه‌ڵه‌ وه‌رگێڕانه‌وه‌ به‌وشێوه‌یه‌ى لێكراوه‌، به‌ڵام ئه‌م نابێته‌هۆكارى پاكبوونه‌وه‌ى یاسین له‌ تۆمه‌ته‌كانى.

ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى نووسینگه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى فیدراڵى ئه‌مریكا كه‌یسێكى تایبه‌ت بۆ یاسین بكاته‌وه‌ له‌ ساڵى 2006، پاش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌یسه‌كه‌ى و تۆمه‌تى “هاوكارى گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان”ى ده‌خرێته‌ پاڵ بۆ دابینكردنى چه‌ك به‌ مه‌به‌ستى به‌كارهێنانەوه‌ى له‌ كوشتنى به‌ كۆمه‌ڵدا. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى هاوكاریكردنى گروپه‌ تیرۆرستییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا. به‌وهۆیه‌وه‌ ساڵى 2007 ده‌برێته‌ به‌رده‌م دادگا له‌ نیویۆرك، پاش ساغبوونه‌وه‌ى تۆمه‌ته‌كه‌ى، سزاى 15 ساڵ زیندانى به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێ. به‌ڵام دواتر سزاكه‌ى كه‌م ده‌كرێته‌وه‌ بۆ 13 ساڵ.

یاسین به‌هۆى ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى كه‌ ده‌درێته‌ پاڵى، ده‌بێته‌ تاقانه‌ كوردى زیندانى گوانتانامۆ كه‌ گه‌وره‌ تیرۆرسته‌كانى جیهانی تێیدا به‌ند ده‌كرێ. له‌وێ هه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت هه‌میش زیندانى ده‌كرێت.

یاسین لە گوانتانامۆ
بێجگه‌ له‌ له‌ تاوانى تێوه‌گلان له‌ كارى تیرۆستیى، یاسین ساڵى 2004 له‌ كارى سپیكردنه‌وه‌ى پاره‌دا تێوه‌ده‌گلێ له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كى پاكستانى. هه‌ربۆیه‌ كه‌ تۆمه‌تى تیرۆرى به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێ له‌و كاته‌دا به‌ تۆمه‌تى سپیكردنه‌وه‌ى پاره‌ له‌ زینداندا ده‌بێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌م تۆمه‌ته‌دا جێگه‌ى سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌وترێت “به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ سه‌ره‌تاى چوونیدا بووه‌ بۆ ئه‌مریكا و زمانى ئینگلیزى نه‌زانیووه‌، به‌ هه‌ڵه‌ تۆمه‌تبار كراوه‌ له‌ دادگاش ئه‌مه‌ پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ له‌به‌ر نه‌بوونى به‌ڵگه‌ى ته‌واوه‌تى تۆمه‌ته‌كه‌ى هه‌ر له‌سه‌ر ساغبووه‌ته‌وه‌، دادگا ته‌نیا توانیویه‌تى سزاكه‌ى بۆ سوك بكات”

یاسین چۆن گه‌ڕایه‌وه‌ عێراق؟
له‌ ئێواره‌ى ڕۆژى 9ى  حوزه‌یرانى 2019 پاش 13 ساڵ زیندانى  ده‌زگاى كۆچبه‌رانى ئه‌مریكا ناسراو به‌ ICE به‌ ڕه‌سمى، به‌ یاسین راده‌گه‌یه‌نن كه‌ ئیتر ئەو ئازاده‌. به‌ڵام چیتر ناتوانێ له‌ ئه‌مریكادا بژى و ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ عێراق.

سه‌ڵاح کوڕی یاسین سەبارەت بە ئازادكردنى باوكی ده‌ڵێت:” له‌ كاتژمێر 3:45 ئێواره‌ى ڕۆژى یه‌كشه‌ممه‌ 9ى حوزه‌یران، ته‌له‌فۆنێكم له‌ باوكمه‌وه‌ بۆ هات وتى: ده‌زگاى په‌نابه‌رانى ئه‌مریكا پێیانوتووم: له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئازاد ده‌كرێی، كه‌لوپه‌له‌كانت بپێچه‌ره‌وه‌، چونكه‌ چیتر ناتوانی له‌ ئه‌مریكا بمێنیته‌وه‌. پاش ئه‌و قسه‌كردنه‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌ى پچڕا”

سەلاح ده‌شڵێت: “هه‌رچه‌نده‌ من زۆر چاوه‌ڕێمكرد تا بزانم كەی‌ باوكم ده‌برێته‌ فڕۆكه‌خانه‌، به‌ڵام ته‌له‌فۆنیان نه‌كردەوە. دواتر بۆمان ده‌ركه‌وت ره‌وانه‌ى عێراق كراوه‌ته‌وه‌“
كاسى مانلى، پارێزه‌رى چه‌ند ساڵه‌ى یاسین له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: “ئێمه‌ داواى ئازدكردنیمان كرد له‌ دادگا، به‌ڵام پێیانوتین پێویست به‌وه‌ ناكات، ئه‌و ده‌نێردرێته‌وه‌ بۆ عێراق”

ژیانى له‌ عێراق له‌ مه‌ترسیدایه‌
شه‌مشاد ئه‌حمه‌د، وتاربێژ و سه‌رپه‌رشتیار مزگه‌وتى سه‌لام له‌ نیویۆرک كه‌ پێشتر یاسین تێیدا ئیمام بووە، نیگه‌رانه‌ له‌ دۆخى هاوڕێكه‌ى و ده‌ڵێت:”ئێمه‌ هه‌موومان به‌جۆشبووین كه‌ ئه‌و بڕیاره‌مان بیست، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عێراق و ژیانێكى نوێ ده‌ستپێبكات. له‌و كاته‌وه‌ى كه‌ ده‌ستگیركراوه‌ ژیانێكى داخراوى هه‌بووه‌. نایشیشارینه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌لامه‌تى گیانى ده‌ترسین”.

كاسى پارێزه‌ر هاوڕاى شه‌مشاده‌  له‌باره‌ى هه‌بوونى مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانى یاسین له‌ عێراق و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: “من نیگه‌رانم له‌باره‌ى سه‌لامه‌تییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌رپرسانى عێراق له‌باره‌ى كه‌یسه‌كانییه‌وه‌ زانیارییان هه‌بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر توشى كێشه‌ نه‌بێ، ئه‌وا‌ ژیانێكى ئارام و نوێ و به‌ ئامانج ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌“

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌ڵاحى كوڕى یاسین ده‌ڵێت: “باوكم، ده‌یه‌وێ ژیانێكى نوێ له‌ عێراق ده‌ستپێبكات كه‌ وڵاتى خۆیه‌تى”

یاسین ئێستا له‌كوێ ده‌ژى؟
له‌پاش راده‌ستكردنه‌وه‌ى یاسین بە عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، تائێستا هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر ژیانى تایبه‌تى ئاشكرا نه‌بووه‌ كه‌ ئایا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان یان له‌ شاره‌كانى ترى عێراقدا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات؟ خێزانه‌كه‌شى ئاماده‌نین لەمبارەیەوە هیچ زانیارییه‌ك ئاشكرا بكه‌ن. به‌رپرسانى حكومه‌تى عێراقیش تائێستا هیچ لێدوانێكیان له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن