هەواڵ

حزبەکانی رۆژهەڵات لەگەڵ کار بەدەستانى ئێراندا کۆدەبنەوە

08:37 - 16/07/2019 173 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەکەوە دراونەتە “زەمەن” چوار لایەنی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، حزبی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان) مانگی رابردوو لە نەرویج لەگەڵ نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەتەوە. 

 

بەپێی قسەی یەکێک لەو سەرچاوانە، نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران، داوایان لەو حزبانە کردووە چەک دابنێن و بگەڕێنەوە بۆ ئێران، بەڵام ئەم پێشنیازە بەلای ئەو حزبانەوە پەسەند نەکراوە.

ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێری کۆمەڵە - رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران لەلێدوانێکدا بۆ “زەمەن” ئاشکرایکرد: داوا لەوانیش کراوە کە بەشداری لەو گفتوگۆیانەدا بکەن، بەڵام رەتیانکردووەتەوە، چونکە پێیوایە جگە لەوەی گفتوکان بۆ فریودانە، هاوکات هەلومەرجی دانوستانیش لەلایەن ئێرانەوە نەڕەخسێنراوە.

لەسەر ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ ئێران بەڕێوە چوون، ئەو چوار لایەنەی بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە، راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێن: ئەوان باوەڕیان بە رێگای دیالۆگ هەیە بۆ چارەسەركردنی مەسەلەی كورد، بەڵام ئێران باوەڕی بە چارەسەری سیاسی ئاشتییانەی پرسی كورد نییە.

ئەو چوار لایەنە رەتیاننەكردووەتەوە كە گفتوگۆیان كردبێ، تەنیا ئاماژەیان بەوە كردووە كە هەركات مەرجەكانی دانوستانێكی جدی بۆ چارەسەری پرسی كورد بێتە دی، ئەوان رای گشتی خەڵكی كوردستانی لێ ئاگادار دەكەنەوە.

 



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن