هەواڵ

مەلا کرێکار بە ١٢ ساڵ زیندانی سزا دەدرێت

09:44 - 15/07/2019 426 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

داواکاری گشتی ئیتالیا داوا دەکات مەلا کرێکار، ڕابەری ڕەوتی شاخ بە 12 ساڵ زیندانی سزا بدرێت.

ماڵپەڕی دووربینی نزیک لە مەلا کرێکار، ئەمیری پێشووی ئەنساروئیسلام و ڕابەڕی ڕەوتی شاخ ڕایگەیاند "دانیشتنی رەسمی دادگای شاری بۆڵزانۆی ئیتالیابوو، بۆ کۆتاجاری موداوەلەکردنی کێشەکەی مامۆستا کریکار لە ئیتالیا، کە بۆ جاری شەشەم بوو دواخرابوو".


بە گوێرەی هەواڵی ئەو ماڵپەڕە جگە لە مەلا کرێکار پێنج کەسی دیکە دراون بە دادگا کە بریتین لە "ماکوان کەریم و کامیل فەتتاح (لە نەرویج) و زانا هەمەوەندی و ئاوات وەهاب/ ئاوات کەرکووکی و رێبوار حەمەد (لە بەریتانیا)".


ماڵپەڕەکە بڵاویشیکردوەتەوە دادگاکە بە تۆمەتی دروستکردنی گروپی تیرۆرستی لە ئەوروپا و هەوڵدان بۆ فڕاندنی دیبلۆماتێکی ئەوروپی و ناردنی خەڵک بۆ مەشقی سەربازی بۆ سوریا و پەیوەندییان بە ڕێکخستنەکانی داعش و قاعیدە و هەوڵدان بۆ لابردنی عەلمانییەکانی کوردستان و دامەزراندنی خەلافەتێکی ئیسلامی.

هەروەها جەخت دەکەنەوە کە ڕێگە نەدراوە پارێزەرە نەرویجییەکەی مەلا کرێکار ئامادە بێت،  یاخود لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە دادگادا بکات.

کەناڵی ئێن ئاڕ کەی نەرویجی نوسیوێتی: "پێشتر پارێزەرەکەی مەلا کرێکار وتبووی کە دژواریی ئەم کێشەیەی ئیتالیا لەوەدایە کە کرێکار لە ئیتالیاوە تەسلیم بە وڵاتی سێیەم بکرێت.."

مەلا کرێکار لە بارەی دادگاکەیەوە ڕایگەیاند "گەلەکۆمەکێیەکی نێودەوڵەتی سەیرە، کە لەسەر کەڵەکەدرۆیەکی بێ بناغە بنیاتنراوە و لە بێکەسییماندا یاری بە رۆحمان دەکەن".


نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە مەلا کرێکار لە ساڵی ١٩٥٦ لە سلێمانی لەدایکبووە. ماستەری لە زانستی فەرموودەوانیدا ھەیە و ژنێک و چوار منداڵی ھەیە، زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی و نەرویژی دەزانێت، زیاتر لە ھەزار وانە و چل پەرتووکی ھەیە وە شاعیرە و دیوانی شیعری ٣٠٠ لاپەڕەیی ھەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن