هەواڵ

(نوح) مۆدێرن لە تاوانى هۆلۆکۆستدا

02:01 - 15/07/2019 75 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن: بیشوان جەلال

لە 8 ى مایسی ساڵی 1945 پاش جەنگى جیهانیی دووەم، چەند جولەکەیەکى رزگاربووى نێو کامپە مەرگهێنەرەکانى پۆڵەندا، نامەیەک ئاڕاستەى رای گشتى دەکەن و دەڵێن “ئێمە بەشێوەکى دڵسۆزانە داوادەکەین، کە بەهەر جۆرێک بێت یارمەتى بەرێوەبەر (شیندڵەر) بدەن، بەجۆرێک کە بتوانێت ژیانێکى نوێ بۆ خۆى بنیات بنێت، لەبەرئەوەى ئەو لە شارەکانى کراکۆ و برونلیتز هەموو سەروەت و سامانەکەى لەپێنا و ژیانى ئێمەدا کردە قوربانى “.

 


ئۆسکار شیندڵەر، ئەو بزنسمانە ئەڵمانیەی کە هەندێک بە (نوحی مۆدێرن) و هەندێک بە فریادڕەسی ئیلاهیی ناوى دەبەن، ئەو لە جەنگى جیهانیی دووەمدا، ئەودەمەى جولەکەکان دەکرانە سوتوو، 1200 جولەکەى لەخۆگرت و بە بیانوى کارپێکردنیان لە کارگەکانیدا ژیانى ئەوانى لە مەرگ رزگار کرد. بەڵام ئەو لە ساڵی 1974 لە ئەڵمانیا و بە موفلیسی کۆچی دوایی کرد، بەر لەمەرگ وتى: لە ئورشەلیم بە خاکم بسپێرن، رێک لاى منداڵەکانم . گۆڕی ئەو ئێستا لە ئورشەلیمەو ئەو  یەکەمین کەسی سەر بە دەسەڵاتى نازییە کە وەها رێزێکى لێ نرابێت . 

 


چیرۆکى بەرهەمهێنانى فیلمى “ لیستى شیندلەر “ کە خاوەنى 7 خەڵاتى ئۆسکارى ساڵی 1994 ەو لە ریزبەندى 100 لە باشترین فیلمەکانى ئەمریکادا پلەى هەشتەمى وەرگرتووە، چیرۆکێکى سەرنجڕاکێشەو چۆنێتى بەرهەمهێنانى ئەم فیلمە خۆى لە خۆیدا سیناریۆیەکى دیکەیە .  “پۆڵدیک پیفەربێرگ” کەسایەتیەکى رزگاربووى نێو تاوانى هۆڵۆکۆستە و شیندڵەرى بزنسمان هۆکارى بەزیندوومانەوەیەتى ، پاش جەنگ، دواى مانەوە لە چەند وڵاتێکى ئەوروپی، دواجار لە ساڵی 1950 دا لە شارى لۆس ئەنجەلوسی ئەمریکا نیشتەجێ دەبێت، بەڵام ئەو بەردەوام چیرۆکى شیندلەر خەیاڵدانى جیناهێڵێ و دەیەوێت لەهەر رێگەیەکەوە ئەو کەسایەتیە بە جیهان بناسێنێت.

 


گەران بەدواى چەندین دەرهێنەرى سینەماییدا بۆ ئەوەى شیندلەرى فریادرەس لە فیلمێکى دۆکیومێنتاریدا بە جیهان بناسێنرێت و بەر لە مردنى چیرۆکى ژیانى خۆى لەسەر شاشەی سینەماکان ببینێتەوە، بەڵام شیندلەر لە ساڵی 1974 کۆچی دوایی دەکات، پیفەربێرگ واز لە چیرۆکەکە ناهێنێ و هەموو تەمەنی خۆى بۆ پاداشتدانەوەى شیندلەر تەرخان دەکات، تا ئەو دەمەى لە ساڵی 1980 کە خۆى خاوەنى دوکانێکى فرۆشتنى کەرەستەى لەچەرم دروستکراوە ( تۆماس کینیلی)  رۆماننووسی ئوستورالی لەو دوکانە جانتایەک دەکڕێت، لەو یەکتربینینە  (کینیلی)‌ى نووسەر رازى دەبێت کە ژیانى شیندلەر لەدوو توێی رۆمانێکدا بنووسێت و ناونیشانى “ کەشتی نوحى شیندلەر” کتێبەکە لە ساڵی 1982 بڵاوکرایەوە، ئەم رۆمانە بووە خاوەنى چەندین خەڵاتى ئەدەبی.

 

 

پاش بەرهەمهێنانى ئەم رۆمانە، پیفەربێرگ بۆ ناساندنى شیندلەر، هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئامانجەى کە خۆى دەیەوێت، بەڵام ئێستا رۆمانێکى لەبەر دەستدایە بۆ ئەوەى هەوڵبدات بیکاتە فیلمێکى سینەمایی، لێرەوە “ستیڤن سپیڵبێرگ” فیلمسازى بەتواناى ئەمریکى دەناسێت، سپیڵبێرگ سەرسامى بۆ چیرۆکەکە دەردەبرێت، بەڵام گومان لە تواناکانى خۆى دەکات بۆ ئەوەى کار لەسەر ئەو فیلمە بکات، لەبەر ئەوەى ئەو پێشتر لە سەر فیلمەکانى خەیاڵی زانستی کارى کردووە، بۆیە داوا لە چەند دەرهێنەرێکى دی دەکات، بۆ ئەوەى ئەو چیرۆکە بکەنە فیلم، پاش ئەوەى لەوانى دی بێهیوا دەبێت، ئیدی خۆى دەستدەکات بە بەرهەمهێنانى فیلمەکە .

 

 

لە سەرەتاکانى ساڵی 1993 سپیڵبێرگ خۆی و ستافی فیلم روودەکەنە شاری کاراکۆى پۆڵەندا بۆ ئەو شوێنەى کە رووداوەکە تێدا روویداوە، بۆ هەموو ئەو شوێنانەى کە پەیوەستە بە چیرۆکى رووداوەکەوە، لەوێ و لە ماوەى 72 رۆژدا کارى وێنەگرتنى فیلمەکە تەواو دەبێت، سپیڵبێرگ بۆ ئەوەى ژانرى فیلمەکە لە دراما و جەنگییەوە لە دۆکیومێنتارى نزیکبکاتەوە، بە شێوازى رەش و سپی فیلمەکە بەرهەمدێنێت . فیلمەکەش بۆ یەکەمین جار لە بەروارى 30 تشرینى دووەمى 1993 دا لە شارى واشنتن دیسی نمایشدەکرێت. ئەم فیلمە دەبێتە شاکاری ئەو فیلمانەى لەسەر هۆلۆکۆست بەرهەمهێنراون و ئاستى بەرهەمهێنانى فیلمى هۆلیود باڵاتر دەکات، لەو ساڵەدا فیلمەکە خەڵات بە فێستیڤاڵە ناودارە جیهانیەکانەوە ناهێڵێت و تاوانى هۆلۆکۆست و سینەماى ئەمریکا و تواناى سپیڵبێرگ دەباتە قۆناغێکى باڵا. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن