هەواڵ

خالید فاتیحیی-وەرگێڕ: بۆ وەرگێڕان، زۆر پێویستە زمانى ستانداردمان هه‌بێ

08:46 - 14/07/2019 36 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: بارین عەلی

نووسەرو وەرگێڕ (خالید فاتیحیی) سه‌ره‌تاى خوێندنی لاى باوكی ‌به‌ خوێندنى قورئان و گوڵستانى سه‌عدى دەستیپێکردووە، ساڵى 1995 يه‌كه‌م كارى وه‌رگێڕانى بریتیبوو لەرۆمانى (دارهه‌نارىسه‌رگرده‌كه‌)ى يه‌شار كه‌مال و تا ئێستا “هه‌ژده‌“ کتێبی وەرگێڕانی بڵاوكردووەتەوە و زیاتر کاری وەرگێڕانی لەسەر ئەم نوسەرانە کردووە:(يه‌شاركه‌مال، مه‌حمودى ده‌وڵه‌ت ئابادیی، ئيڤان تۆرگنێڤ، غولام حسێنى ساعدى، عه‌لى ئه‌شره‌فى ده‌رويشيان و چەندینی تر.


* مه‌رج و پێوه‌ره‌كانى وه‌رگێڕى سه‌ركه‌وتوو چين؟
-وه‌رگێڕان هه‌ر له‌دێرزه‌مانه‌وه‌ گرنگى و تايبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌بووه‌. وه‌رگێڕان پردى په‌ڕينه‌وه‌ى كولتوره‌كانه‌، ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕان نه‌بوايه،‌ گه‌لان هيچ شاره‌زايى و ئاشنايه‌تيان به‌ زمان و كولتورو زانستى يه‌كترى نه‌ده‌بوو. ئه‌و زمانه‌ى زۆرترين وه‌رگێڕانى بابه‌تى زانستى و ئه‌ده‌بى و فكریی بۆ وه‌رده‌گێڕدرێ، له‌ زمانه‌كانى ديكه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندتره‌. ده‌كرێ به‌خۆشحاڵييه‌وه‌ بڵێين ئێستا كتێبخانه‌ى كوردیی له‌و شاكاره‌ ئه‌ده‌بى و زانستى و فكريانه‌ دانه‌بڕاوه‌ كه‌ له‌و چه‌ند ساڵه‌ى دواييدا ده‌يان شاكار كراونه‌ته‌ كوردیى. وه‌رگێڕى سه‌ركه‌وتوو، ئه‌و وه‌رگێڕه‌يه‌ كه‌ بتوانێ ئه‌و بابه‌ته‌ى وه‌ریده‌گێڕێ به‌ته‌واوى به‌ناخيدا شۆڕبووبێته‌وه‌و به‌زمانێكى ره‌وان وه‌ريبگێڕێ، به‌مه‌رجێك له‌ ته‌كنيك و شێوازى نووسه‌ر لانه‌دات. وه‌رگێڕ،‌ ده‌بێ شاره‌زاى كوولتورى ئه‌و گه‌له‌ش بێت، ده‌نا توشى كێشه‌و گرفت ده‌بت. چه‌ند شێوازێكى وه‌رگێڕانمان هه‌ن، هه‌يه‌ وشه‌به‌وشه‌ وه‌ريده‌گێڕێ، هه‌يه‌ ده‌قه‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌و به‌ ئاره‌زووى خۆى دايده‌ڕێژێته‌وه‌، هه‌شه‌ به‌ رسته‌ دايده‌ڕێژێته‌وه‌. به‌ڕاى من ده‌بێ رسته‌كه‌ بخوێنيته‌وه‌و دايبڕێژيته‌وه‌.


* ئايا ته‌نيا زمانزانين پێويسته‌ بۆ وه‌رگێڕان، ياخود كه‌سێتى وه‌رگێڕ ده‌بێت خاوه‌نى باگراوندى رۆشنبيریى و ئاستێكى به‌رزى مه‌عريفى بێ؟
- نه‌خێر ته‌نيا زمانزانين به‌س نييه‌ بۆ وه‌رگێڕان. تۆ سه‌يربكه‌ بۆ نموونه‌ له‌ شارێكى وه‌كو سلێمانى، ره‌نگه‌ دوو هه‌زار فارسیزان و عه‌ره‌بیزانى لێبن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى كارى وه‌رگێڕان ده‌كه‌ن، له‌و دوو زمانه‌دا ره‌نگه‌ نه‌گه‌نه‌ هه‌شتا كه‌س. ده‌بێ چه‌نده‌ شاره‌زايت له‌ زمانى به‌رامبه‌ر هه‌بێ‌، زۆر زياتر شاره‌زايت له‌ زمانه‌كه‌ى خۆتدا هه‌بێ. ئه‌وجار شاره‌زاى هونه‌ریی وه‌رگێڕانيش بى‌و بتوانى به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ بابه‌ته‌كه‌ وه‌ربگێڕى. كارى وه‌رگێڕ زۆر له‌كارى نووسين دژوارتره‌. نووسه‌ر ئازاده‌ چۆن ده‌نووسێ، به‌ڵام وه‌رگێڕ ئازاد نييه‌ و نابێ له‌چوارچێوه‌ى نووسه‌ر بچێته‌ده‌ر.! خاڵى دووه‌م: وه‌رگێڕ ده‌بێ شاره‌زاى كولتوورى ئه‌و زمانه‌ش بێ كه‌ بابه‌ته‌كه‌ى لێوه‌رده‌گێڕێ. بۆ نموونه‌ براده‌رێك (قه‌مه‌رى به‌نى هاشم) ى كردبووه‌ (مانگى به‌نى هاشم) له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ نازناوى عه‌بباسى كوڕى ئيمامى عه‌لييه‌ و ناو به‌هيچ شێوه‌يه‌ك ناگۆڕدرێ. خاڵێكى ديكه‌ كه‌ ده‌بێ هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ربكه‌ين ئه‌وه‌يه‌ زۆر له‌ وه‌رگێڕه‌كان په‌ندو ئيديۆم وه‌رده‌گێڕن، له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ ده‌چيته‌ خانه‌ى ئه‌ده‌بى به‌راوردكاریى و به‌هيچ شێوه‌يه‌ك وه‌رناگێڕدرێن. براده‌رێك (مرد حسابى) كردبووه‌ پياوى ژمێريارى؟ رێك وشه‌ به‌وشه‌ وه‌ريگێڕابوو، له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ ئيديۆمه‌ واتا پياوى باش، كوڕى باش. يه‌كێكى ديكه‌ (دماغت چاقه‌) كردبوويه‌ لوتت قه‌ڵه‌وه‌؟ ئه‌وه‌ش ئيديۆمه‌ واتا كه‌يفت سازه‌. حاڵت باشه‌. 


* ئايا كاتى ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌، ئێمەش ده‌زگايه‌كى تايبه‌تمه‌ندمان هه‌بێت بۆ وه‌رگێڕان و کار لەسەر زمانی ستانداردیش بکەین؟
- يه‌كه‌م: به‌ڵێ پێويسته‌ ده‌زگايه‌ك هه‌بێ بۆ چاودێرى كردنى وه‌رگێڕان. يانى هه‌ركتێبێ وه‌رده‌گێڕدرێ پێويسته‌ به‌و ده‌زگايه‌دا تێپه‌ڕبێت. له‌وێدا كۆمه‌ڵێك كه‌سى پسپۆڕو زمانزان به‌وكتێبه‌دا بچنه‌وه‌‌‌و هه‌ڵيسه‌نگێنن ئه‌گه‌ر كتێبه‌كه‌ شايانى بڵاوكردنه‌وه‌ نه‌بوو بڵاونه‌كرێته‌وه‌، با كتێبى خراپ نه‌كه‌وێته‌ بازاڕ. ئێستا كه‌س به‌كه‌سه‌. به‌داخه‌وه‌ وه‌زاره‌تى رۆشنبيرى هيچ ده‌ورێكى نييه‌، ده‌چى مۆڵه‌ت بۆ كتێبێك وه‌رده‌گرى ئه‌و كه‌سه‌ى مۆڵه‌كه‌ت ده‌داتێ نه‌چاوى لێده‌كات بزانێ چييه‌ و دڵنيام بۆخۆشى ره‌نگه‌ دوو كتێبى نه‌خوێندبنه‌وه‌. ده‌زگا ئه‌هليه‌كانيش، ته‌نيا له‌بيرى گيرفانى خۆياندان، گرنگ بازاڕى خۆيانه،‌ خۆ نايه‌ن كتێبه‌كه‌ بخوێننه‌وه‌، بزانن وه‌رگێڕ باشى وه‌رگێڕاوه‌ يان نا. دووه‌م: به‌ڵێ زۆر پێویستە زمانى ستانداردمان هه‌بێ. ئه‌ويش كارى حكومه‌ته‌ ناوه‌ندێكى ئه‌كاديمى زمان له‌ چه‌ند مامۆستايه‌كى شاره‌زاو زمان زان پێكبێنێ و ئه‌و ئه‌ركه‌يان پێبسپێرێ و پشتيوانيشيان لێبكات.


* بۆچى كه‌متر گرنگى به‌ وه‌رگێڕانى به‌رهه‌مى كوردى ده‌درێت، بۆ زمانه‌كانى ترى جيهان... ئايا ئه‌ده‌بى كوردیی له‌و ئاسته‌دا نييه‌ وه‌ربگێڕدرێت بۆ زمانه‌ جيهانييه‌كان؟
- ئه‌وه‌ خەوشێکی گه‌وره‌يه‌. بێگومان كورد شاعير و چيرۆكنووس و رۆماننووس‌و نووسەری زۆر باشى هه‌ن، كه‌ شايانى ئه‌وه‌ن به‌رهه‌مه‌كانيان بۆ سه‌ر زمانه‌كانى دنيا وه‌ربگێڕدرێن. ئه‌وه‌نده‌ى كراوه‌ له‌ ئاستى ئه‌و هه‌موو كاره‌ جوانانه‌دانين، ئه‌ده‌بياتى كورديش له‌و ره‌وته‌ به‌جێ نه‌ماوه‌‌. به‌ڕاى من، ئه‌وه‌ كارى ده‌زگاكانى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌يه‌ كه‌ ده‌بێ ئه‌و ده‌زگايانه‌ كۆنتاكتيان له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌كانى بڵاوكردنه‌وه‌ى وڵاتاندا هه‌بێ، چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌ ته‌نيا كه‌سێك ره‌نگه‌ مه‌حاڵ بێ. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن