هەواڵ

خوێندنەوەیەک بۆ رەخنەی ئەدەبی

08:39 - 14/07/2019 149 جار خوێندراوەتەوە

عەبدولخالق یەعقووبی

“بۆچی” وەک ئامرازی پرسیار لە زمانی کوردیدا هەڵگری دوو واتایە: یەکەم، بە مانای (why)ی ئینگلیزی،  واتە “لە بەر چی؟” و دووهەم بە مانای (for what)، واتە “لە پێناوی چیدا؟” هەر بۆیە دەبێت یەکەمجار باسی ئەوە بکرێت هۆی نووسینی رەخنە چییە و پاشان بگوترێت بۆ چ مەبەستێک و بۆ گەیشتن بە کام ئامانج رەخنە دەنووسرێت. پرسیاری یەکەم لە هۆکاری نووسینی رەخنە دەپرسێت، پرسیاری دووهەم لە ئاکامی؛ پرسیاری یەکەم رووی لە رەگوڕیشەکانی نووسینی رەخنەیە، پرسیاری دووهەم لە ئەنجام و ئامانجەکانی نووسینی رەخنە دەکۆڵێتەوە. بەڵام باشتر وایە بەرلەوەی باس لە “بۆچییەتی” نووسینی رەخنە بکرێت، “رەخنە” خۆی وەک چەمکێکی تیۆریک و پراکتیک، بە سەر بکرێتەوە. کەواتە شوێنی خۆیەتی پرسیار بکرێت “رەخنە چییە؟” رەخنە لە یەکەم هەنگاودا “دەقێکە لە سەر دەق” ئەم پێناسە خێرایە چەند خاڵێکمان دەخاتە بەر دەست: یەکەم، رەخنە بە حوکمی ئەوەی خۆی دەقە، کەواتە مەوجودییەتێکی زمانیی هەیە، واتە لە نێو سیستەمی زماندا، کار دەکات و دەجوولێتەوە. دووهەم، رەخنە دەقێکە کە دوابەدوای ئەو دەقەی لێی دەدوێت دێت، واتە بوونی دەقی رەخنە پابەندی بوونی ئەو دەقەیە کە لەسەری دەنووسێت. بە دەربڕینێکی تر، رەخنە لەو سەرەوە کە خۆی دەقە، کیانێکی زمانی و جیهانێکی مانایی سەربەخۆیە (in dependent) بەڵام لەو سەرەشەوە کە دەربارەی دەقێکە کە لێی دەدوێت و بە بۆنە و بیانووی ئەو دەقەی کە دەگەڕێتەوە سەری دێتە ئاراوە مەوجودییەتێکی وابەستەی (dependent) هەیە. کە واتە، رەخنە دەقێکە دەربارەی دەق (metatext) زمانێکە دەربارەی زمان (metalanguage). لێرەوە پارادۆکسێکی سەرنجڕاکێش خوویا دەبێت: دەقی رەخنەیی (critical text) بوونێکی سەربەخۆی وابەستەیە، سەربەخۆ لەوەی کە خۆی دەقە و لە نێو سیستەمی زمانیی خۆی دایە و لە مانا و مانەوەیدا خۆبژیوە و وابەستە لەوەی کە دەقێکە، بە پێچەوانەی دەقێکی داهێنەرانە ناگەڕێتەوە بۆ سەر خۆی، بەڵکو ئاراستە و ئاماژەی بۆ دەرەوەی خۆیەتی، بۆ ئەو دەقەی لێی دەدوێت و بۆ ئەو سیستەمە زمانییەی کە سیستەمی زمانیی دەرەوەی خۆیەتی. لەم سۆنگەیەوە، مەنتیقی ئاخافتنی رەخنە مۆنۆلۆگ نییە، بەڵکو دیالۆگە. دەقی رەخنەیی لە دەنگی خۆیەوە دەگات بە دەنگی دەقی داهێنەرانە و لە دەنگی دەقی داهێنەرانەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر دەنگی خۆی. رەخنە، بەو مانایە و بە زمانی خوازەیی، بریتییە لە گەمەی تۆپتۆپێنی نێوان دەنگی دنیای دەق و دەنگی جیهانی رەخنە. رەخنە تاکبێژی نییە لە سەر دەق، بەڵکو دانوستانە لە گەڵ  دەق؛ گرتنی شتێک نییە لە دەق (ئەو واتا لاوەکییەی کە لە دەستەواژەی “رەخنە گرتن”دا خۆی مەڵاس داوە، و من هەر بۆیە پێم وایە “رەخنەکاری” لە “رەخنە گرتن” و “رەخنەکار” لە “رەخنەگر” دروستتر و پڕبە پێستترن لە هەمبەر واتای گشتیی رەخنەدا. هەڵبەت شایانی سەرنجە دەوری پتر لە سەد ساڵ لە مەو پێش، حاجی قادری کۆیی-ش بەم شێوەیە ئاماژە بە واژە و واتای”رەخنەگر”دەکات: ئەوی حەسوود و جەهوولن، لەئیم و رەخنەگرن/لە عەیب و رەخنەیی عالیم بەری دەبن ئودەبا)، بەڵکو گۆڕینەوەی شتەکانە لە گەڵ دەق. پێوەندیی رەخنە بەو دەقەی لێی دەدوێت پێوەندییەکی دوو لایەنەی هاوکارانەیە: رەخنە لە شتێک دەدوێت کە دەق لە خۆیدا هەڵی گرتووە. رەخنە دەق دەهێنێتە دووان، لە هەمان کاتدا کە دەق رەخنە بۆ دووان دەورووژێنێت. رەخنە دەنگێک دەستێنێت و دەنگێک دەداتەوە. بەم مانایە، رەخنە دەنگدانەوە و رەنگدانەوەی دەقە، واتە جۆرێک پەرچەکردار؛ بەڵام ئەم پرۆسەیە خۆی پاژێکە لە دەنگ و رەنگی خودی رەخنە، یانی چەشنێک کردار. بۆیە رەخنە کردارە لە سەر کۆڵەکەی بوونی رەخنەییی خۆی و پەرچەکردارە لە سەر بنەمای وابەستە بوونی بەو دەقەی لێی دەدوێت و لە گەڵی دەدوێت. ئاکامی وێککەوتنی ئەم کردار (action) و پەرچەکردارە (reaction) کارلێکێکە (interaction) کە پێی دەگوترێت “خوێندنەوەی رەخنەکارانە” (critical reading): باسکردنی ئەو شتانەی دەق دەیانڵێت، یان نایانڵێت؛ ئەو شتانەی دەق دەخوازێت بیانڵێت و نایانڵێت، یان ئەو شتانەی ناخوازێت بیانڵێت و دەیانڵێت.

رەخنە لەو بەرگ و بارەدا، راستەخۆ دەقێکە و دێت وەک بوونێکی دەرەوەی دەقی داهێنەرانە لە سەر ئەو دەقە دێتە دەنگ کە لێی دەدوێت و لە گەڵی دەدوێت، بەڵام ئەم دەنگ و دووانە ئەو کاتە ئامانجی خوێندنەوەیەکی رەخنەکارانە دەپێکێت کە لە ئەنجامی تێکەڵاویی ئاسۆی دەقی داهێنەرانە و ئاسۆی خودی دەقی رەخنەییەوە هاتبێتە ئاراوە. ئەو رەخنەیەی مەرامی خۆی لە پەیامی دەق پێ گرینگتر بێت، یان پەیامی خۆی بخاتە سەرووی مەرامی دەقەوە، بە سەر هەڵەی کوشندەی “هەڵەکاریی نییەتدا کەوتووە: ئەو خوێندنەوەیەی کە تێیدا نییەتی رەخنەکار دەبێتە تاکە دەنگی دەقی رەخنەیی و هەر دەستبەجێ دڵی دیالۆگ، کە گوترا مەنتیقی کاری دەقێکی  رەخنەییە، لە کار و کەڵکی لێدان دەکەوێت. بەڵام گەر بێت و رەخنە ئایدیای خۆی بە سەر دەقدا بسەپێنێت و نییەت و نیگای تایبەت و مەرام و مەبەستی تاکڕەوانەی خۆی وەک بارێک لە شانی دەق شەتەک بدات، ئەو کات رەخنە لە بری گەیشتن بە چوارڕێیانی “بەسەر کردنەوەی ئایدیاکانی دەق” بە سەر جادەی تاک سایدی “داسەپاندنی ئایدیای خۆی بە سەر دەقدا” دەکەوێت. ئەگەر قەرزکردنی دەستەواژەکانی گوتاری سیاسی  بۆ گوتاری رەخنەی ئەدەبی بە نائاسایی لە قەڵەم نەدرێت، تەعبیری تری ئەم حاڵەتە بریتیین لە “دیکتاتۆرییەتی دەنگی رەخنەکاری” یان “تۆتالیتاریزمی رەخنەیی”. 

کە  واتە، رەخنە دەنگێک نییە لە سەر دەق، دەنگێک نییە بۆ دەق، دەنگێکیش نییە دژ بە دەق؛ رەخنە دەنگێکە لە پێناوی وەدەنگهێنانی دەق: دەنگێک کە دەنگێکی تر وە دەنگ دەهێنێت. رەخنە لە دەق دەدوێت و دەقیش دەخاتە دووان. رەخنە بە قسەی خۆی دەق وەقسان  دەهێنێت. رەخنە قسە ناخاتە زاری دەقەوە، بەڵکو بە قسە کردنی خۆی قسە لە  زاری دەق دەقۆزێتەوە. رەخنە هەڵوێست بەسەر دەقدا فەرز ناکات، بەڵکو لە هەڵوێستی دەقەوە هەڵویست بۆ خۆی وەردەگرێت و لەم دانوستانەی هەڵوێستەوە هەڵوێستێکی نوێ دەخوڵقێت: هەڵوێستی رەخنەکارانە.

رەخنە سریشتی خۆی لە خۆی دایە، لەوەی سەرچاوەی دەنگە،  ژێدەری هەڵوێستە، بەڵام ئەو سریشتە سەربەخۆیە ریشەی لە وابەستەبوونی دایە بە دەنگ و هەڵوێستی دەقەوە؛ دیسان هەمان پارادۆکسی گۆرین: خۆبژیوی ناسەربەخۆ یان سەربەخۆی ناخۆبژیو. لەم تەعبیرەدا، ناسەربەخۆیی یان ناخۆبژیوی هەڵگری دەلالەتێکی نەرێنی نییە بۆ رەخنە. رەخنە لەوەی پاش دەق دێت و بە دوای دەنگی دەقدا دەگەڕێت نابێتە هۆی ئەوەی لەپێوەندی نێوان (دەق/رەخنە)دا پێگەی پاشکۆیەتی و پلە دوویی پێ ببڕێت. هەر لە بنجوبناوانەوە رەخنە بۆ ئەوەیە دەق بخوێنێتەوە، بێ ئەوەی ئەم دەوری خوێندنەوەیە بۆ رەخنە ببێتە دەلیلی ئەوەی دەق یەکەمین و دواهەمین سەرچاوەی سەرهەڵدان و ئاخێزگەی ئافراندنی رەخنەیە. کەواتە،  رەخنە دوای دەق دەکەوێت، بەڵام دوای دەق نییە، لە گەڵ  دەقە؛ پاش دەق دێت، بەڵام پاشکۆی دەق نییە؛ هاوپێچی دەق نییە، هاوڕێی دەقە؛ دەنگی دەق نییە، هاودەنگی دەقە. رەخنە شوێنپێی دەق هەڵدەگرێت، بەڵام شوێنکەوتووی دەق نییە. 

ئەو رەخنەیەی هەموو شتێکی خۆی لە دەق وەربگرێت سەربەخۆیی خۆی دەدۆڕێنێت؛ ئەگەر بێت و هیچ شتێکیش لە دەق نەکات بە پاڵپشتی را و روانینی خۆی، تووشی تای تۆتالیتاریزمی رەخنەکارانە یان دەردی دیکتاتۆرییەتی رەخنەیی دەبێت. کەواتە، رەخنە لە دوو سەرچاوەوە پاراو دەبێت: ئەو ئاسۆی روانینەی دەق هەیەتیو ئەو ئاسۆی روانینەی خۆی هەیەتی. دەق ئۆبژەیەکە لە بەردەستی سووژەی رەخنە. عەینییەتێک دەکەوێتە بەر چاوی زەینییەتێک. لە ئاوێتەبوونی ئۆبژەی دەق و سووژەی رەخنە ئەو شتە بەرهەم دێت کە ناوی  نرا “خوێندنەوەی رەخنەکارانە”. سووژە ناتوانێت جیهانی بەتاڵ، دنیای بێ عەینییەت، شیبکاتەوە؛ جیهانی ئۆبژەش بە بێ سۆبژێکتیڤیتی قابیلی شیکردنەوە نییە. لە رەخنەدا، عەینییەت و زەینییەت، ئۆبژە و سووژە، دەکەونە نێو پرۆسەی “ئاوێتەبوونی ئاسۆکانەوەو لەئەنجامدا “تێگەیشتنی جوانی ناسانە”ی لێ دەکەوێتەوە. هاوسەنگیی ئەم تێگەیشتنە ئەو کاتە دەستەبەر دەبێت کە دەق و رەخنە لە دانوستانێکی تەندروست یان دیالۆگێکی مەنتیقیدا بن: رەخنە مونیزمی (تاک لایەنێتی) ئایدیالیی خۆی بە سەر دەقدا فەرز نەکات و دەقیش تەنگ بە بیرۆکەی رەخنەیی هەڵنەچنێت. لە نێوان دەق و رەخنەدا دەبێت ململانێیەکی بەرامبەر و بێ بەرامبەر بێتە ئاراوە لە بیستن و گوتن، لە دانوستان. بەم پێیە، رەخنە بە تەنیا هەر چاوێک نییە بۆ بینینی رەهەندە دیار و نادیارەکانی دەق و هەر زمانێک نییە بۆ قسە کردن لەگەڵ کۆدە حازر و بزرەکانی دەق، بەڵکو گوێیەکیشە بۆ ژنەفتنی دەنگ و دیعایە و داوا ئاشکرا و شاراوەکانی دەق. رەخنە تەنیا لە بینین و گوتندا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە بیستنیشدا چڕ دەبێتەوە. لەم سۆنگەیەوە رەخنە جووڵەیەکی ئۆرگانیکە، نەک دینامیکی، بزووتنێکی زیندەوەرئاسا، نەک هەر بە مەبەستی مانەوە و نەمردن، بەڵکو لەپێناوی ژیان و بووژانەوەشدا. رەخنە لە رێی خوێندنەوەی دەقەوە تەنیا بوونی دەق ناسەلمێنێت، بەڵکو ژیان و ژیانەوەی خۆیشی مسۆگەر و سەقامگیر دەکات. رەخنە لە دەق و لە گەڵ دەق دەدوێت بە مەبەستی ئەوەی بڵێت، ئەوە دەدوێم، کە واتە هەم. 

رەخنە دەستوەردان لە دەق نییە، بەڵکو دەستتێکەڵکردنە لەگەڵ دەق بە مەبەستی تەتەڵە کردن و تاوتوێکردنی ئەو پاژ و پێگانە لە دەق کە مانا و چێژی دەقیان تێدا تواوەتەوە. مانا و چێژ لە دەقدا پێویستیان بە رەخنە نییە بۆ ئەوەی مەوجوود بن، پێویستیان بە رەخنەیە بۆ ئەوەی بدۆزرێنەوە‌و بگوازرێنەوە. مانا و چێژ لە بوونی خۆیاندا سەر بە دەقن و لە ناسنامەکانی خۆیاندا سەر بە رەخنە. رەخنە پێناسەکەری ناسنامەکانی فۆرم و ماناگەلی دەقە. کەواتە، رەخنە نواندنی بوونی دەقە بەو چەشنەی کە هەیە، بەڵام نەک لە بەرگی ئەو جۆرەی کە لە زاتی خۆیدا هەیە، بەڵکو لە شێوەی ئەو خوێندنەوەیەی کە بۆ دەقی دەهێنێتەوە ئاراوە. رەخنە دەق (text) لە ئاستی دەقێتیی رووت و ئەبستراکت دەترازێنێت و دەیگەیەنێتە ئاستی دەقێکی خوێندراوە و لێکدراوە، یان هەمان بەرهەم (product). رەخنە دەق ناگێڕێتەوە، بەڵکو دەیخوێنێتەوە. رەخنە دەق بە زمانی خۆی داناڕێژێتەوە (paraphrase)، بەڵکو دەق شیدەکاتەوە (interpret). رەخنە قسەیەک نییە لە سەر دەق، بەڵکو قسەیەکە لە گەڵ دەق. رەخنە دووبارەکردنەوەی دەق نییە بە زمانی خۆی، بەڵکو ناساندنەوەی دەقە لە زمانی خۆیدا. هەر بۆیە، رەخنە بڕیاردەر نییە، بەڵکو روونکەرەوەیە، روونکردنەوەی ئەوەی لە دەقدا هەیە، یان لە دەقدا دەقەومێت. بڕیار، کەواتە، خوێنەرەوەی دەق دەریدەکات، لەژێر رۆشنایی ئەو گڵۆپانەی رەخنە بۆ بینین و خوێندنەوەی دەق هەڵیاندەکات. رەخنە بڕیار نییە لە بری خوێنەرەوە بڕیار بدات، بەڵام بە قسەی خۆی و لە رێگای دەنگی خۆیەوە چوارچێوەیەکی بڕیاردانیش بە نیسبەت دەق بۆ خوێنەرەوە پێکدەهێنێت. ئەوەی رەخنە لە زەینی خوێنەرەوەدا دروستی دەکات بیرۆکەی بڕیارە نەک خودی بڕیار.   

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن