هەواڵ

بەستە و مەقام

08:35 - 14/07/2019 269 جار خوێندراوەتەوە

سەڵاح ڕەئوف

بەستە ومەقام، دوو وشەی پڕمانای زمانی ساز و ئاوازی مۆسیقای کوردین؛ جا بەژەنینی ئامێرە مۆسیقاییەکان بێت یان بێژانی دەنگی، هەردووکیان خاوەنی پەیژەی مۆسیقای خۆیانن، واتا پەیژەی مۆسیقا بناغەی ئەم دوو فۆرمە مۆسیقایەن، بۆیە ئەشێ بڵێین هەموو جۆرێک لە فۆرمەکانی مۆسیقا( بەستەو مەقام) خاوەنی پەیژەی مۆسیقای تایبەتی خۆیانن. لێرەدا بە کورتی باسێک لەو دوجۆرە فۆرمەی مۆسیقای کوردی دەکەین. هەرچەندە نابێ ئەوە فەرامۆش بکرێت کە ئەم دوو فۆرمە مۆسیقایە بەستە(گۆرانی) و (مەقام) چۆن خاوەنی پەیژەی مۆسیقای خۆیانن و هەروەها هەریەکەیان خاوەنی هۆنراوەی تایبەتی خۆیانن. بەڵام گرنگترین شت کە لەیەکیان جیا ئەکاتەوە ڕیتمی مۆسیقایە و پاشان بە وردی باسی لێ ئەکەین:
١- بەستە (ستران - گۆرانی) : 
واتا ئەو ئاوازانەی کە خاوەنی ڕیتمێکی مۆسیقان و خانەی نووسینەوەی نۆتەی مۆسیقایەکانیان  ئەشێ بەپێی ئەو ڕیتمەی کە لەسەری بنیاتنراوە لە باڕەکانی نۆتەی مۆسیقادا بنووسرێتەوە. ئەوەی شایەنی زانین و باسکردنە ئەم فۆرمە (شێوازە) مۆسیقاییە لە زۆر شوێن پێی ئەوترێ (گۆرانی) لەسەر بنەمای ئەو نەریتەی کە گۆرانەکان لەسەردەمی کۆندا ستران (بەستە) یان وتووە یان ژەندووە بۆیە ئیتر بەسەر ئەواندا سەپێنراوە کە گوایا وەکو گۆرانیەکان ستران ببێژن، یان ئاواز بژەنن، بۆیە بۆتە هەردوو ڕستەی گۆرانی بڵێن، یان گۆرانیەک بژەنن، هەرچەندە باشتر وابوو کە بڵێین ئاوازێک یان سترانێک بڵێن یان بژەنن.
٢- مەقام ( موغام)   (Improvisation – آرتجال) :
 وشەیەکی ئازەربایجانییە بۆ پێناسەکردنی فۆرمێکی مۆسیقای (شێوازێکی مۆسیقا) ڕیتم سەربەست بەکار دێت، جا بە دەنگی مرۆڤ بێت یان بە ئامێری مۆسیقا، ئەم جۆرە ئاوازە بریتییە لە فۆرمێکی سەربەخۆی ڕیتم سەربەست، هەرجۆرێک لەم فۆرمە (شێوازە) ئاوازانە خاوەنی پەیژەی مۆسیقای خۆیانن. ئەوەی شایانی باسە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گەورە، دەیان جۆری لەم شێوازە ئاوازە هەیە بۆ نموونە: ناوچەی گەرمیان بە دەوڵەمەندترین ناوچە بەناوبانگە لەم شێوازە (فۆرم) ئاوازانە لەوانە فۆرمی : ( قەتار  - خاوکەر ( بەرزە قەتار ) – خورشیدی – (ئەڵاوەیسی) کە بوونەتە ناسنامەیەکی بەرزی کوردستان بەگشتی و ناوچەی گەرمیانیش بەتایبەتی. هەروەها لە دەشتی هەولێر خاوەنی حەیرانین، کە پێناسەیەکی جوانی دەشتی هەولێرە بەتایبەتی و هەموو کوردستان بەگشتی، بۆ زمانی سازو ئاوازی کوردی. لاوک بە هەموو جۆرەکانیەوە پێناسەیەکی شکۆداری باکورو خۆرئاوای کوردستانە و خاوەنی مۆرکێکی رەسەنی زمانی سازو ئاوازی مۆسیقای کوردییە. بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە، لای هەندێ کەس وایە کە بێژانی ئەم جۆرە فۆرمانە پەیوەستن بە بێژانی یەکەم جاریانەوەو مافی هیچ گۆڕانکارییەکی تر نییە، بۆیە بۆتە هۆکاری فراوان نەبوونی ئاستی ئەم جۆرە ئاوازانە. بەڕای من لە ساتی ژەنینی ئەم فۆرمە ڕیتم سەربەستانە ئەشێ ژەنیار یان سترانچڕ پەیوەست بێت بە پەیژە مۆسیقاکەیەوە لە ئاستێکی باڵادا هەوڵ بۆ فراوانبوون و بە جیهانی ناساندنی بدرێت، نەک پەیوەستبوون بە فۆرمی یەکەم جاری ژەنین و بێژانی ئەو فۆرمە ئاوازانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن