هەواڵ

ماڵێک تەنیا بۆ خۆم

01:12 - 13/07/2019 145 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن: فاروق هۆمەر


رۆژێک لەدەم دەرگای ماڵەوە بە قوڕ‌و بەرد یاریم دەکرد، هەموو جلوبەرگەکانم‌و بەشێکی ڕوخساریشم نابووە ناو قوڕ و خۆڵەوە. تەمەنی خۆمم تەواو یاد نایەتەوە، بەڵام دڵنیام هێشتا بەتەواوی پێم نەنابووە ناو تەمەنی دوو ساڵی خۆمەوە. بەرد لەسەر بەردم دادەنان و هەوڵمدەدا بە قوڕ لەسەر یەکدیان بەرز بکەمەوە. دەمویست لە تەنیشت ماڵی گوڵبەهارەوە کە دراوسێی ماڵی باپیرەم بوو، منیش خانوویێک بۆ خۆم دروست بکەم. خانووێک هەر بە تەنیا ئی خۆم بێ. لەوە دەگەڕام لە لایێک پەنجەرە و لە لایێکی دییەوە دەرگایێکی بۆ چوونە ژوورەوە تیا بەجێ بهێڵم.

 

 

چیلەکە‌و چەواڵیشم بۆ دارەڕای خانووەکەم هێنابوون و لەوە دەگەڕام بە شێوەیێک ناو خانووەکە پتەو دابڕێژم کە ڕەشەبا و باران بۆی نەکرێ لێمی بشێوێنێ. دەبێ زۆرباش هەموو شتێک دابپۆشم و لە هیچ شوێنێکەوە کون و کەلەبەرێک بەجێ نەمێنێ. سەرم نوشتاندبۆوە بۆ خوارێ و لە دەرگاکەوە دەمڕوانییە ناو قووڵایی ژورەکانی، لە پەنجەرە کراوەکانەوە تیشکی ڕۆژ هاتبووە ژوورەوە و ڕۆشنایێکی خۆشیش کونوقوژبنی ماڵەکەمی ڕوناک کردبۆوە. دڵم بە ماڵەکەم زۆر خۆش بوو. هەستام و لە دورەوە لێم ڕوانی.

 

 

خانوویێک لە تەنیشت ماڵی گوڵبەهارەوە. گوڵبەهار لە ڕووکاری سەرەوە دراوسێی ماڵی باپیرەمە. ئەوە لێرە بەدواش دەبێ بە دراوسێی ماڵەکەی منیش و تەنیا دیوارێک لێکمان جیا دەکاتەوە. ئەو ژنە پیرە باڵای هەر هێندەی باڵای من دەبێ، پشتی کۆماوەتەوە و بۆ خۆی بە تەنیا لە ماڵێکدا دەژی و زۆر نابێ مێردەکەی مردووە.

 

 

دایکم هەمیشە دەربارەی گوڵبەهار دەڵێ، ژنێکی بەدبەختە. منیش هەر وای دەبینم بەدبەخت بێ. باوکیشم دەڵێ نەکەی هەرگیز گاڵتە بە گوڵبەهار بکەیت. ئاخر من گوڵبەهارم خۆش دەوێ، چۆن گاڵتەی پێدەکەم. ئەگەر چی ئەو منی خۆش ناوێ و هەر ئەوەندەی لە سەربانەوە کەمێک تەماشای ماڵەکەیان بکەم زوو زوو توڕە دەبێ و وردە بەردم تێدەگرێ. ئاخر ئەو هەمیشە دەرگای دەرەوەی ماڵەکەیان داخراوە و تا ئیستا بۆ جارێکیش نەمدیووە بێتە دەرەوە، ئیدی من ناچار دەبم لە سەربانەوە تەماشای بکەم.

 

 

ئەو دەڵێی باڵندەیێکی دیلە و لەناو قەفەزێک دەژی. من نازانم ئەو چۆن دەتوانێ ئاوا لە ژورەوە خۆی بەند بکا و هەر هیچ نەبێ ڕۆژی جارێک سەرێک نەهێنێتە دەرەوە. خۆ من لە ماڵەوە ئۆقرە ناگرم و ڕۆژی هەزار جار دێمە دەرەوە‌و چاوێک بە کۆڵاندا دەگێڕم. ئەوەش لەو لاوە بوەستێ ماڵەکەی ئێمە کە ماڵی باپیرمە هێند گەورەیە چوار ئەوەندەی ماڵەکەی ئەوان دەبێ. کەچی دڵم ئاو ناخواتەوە‌و هەر دەبێ بڕۆمە دەرێ. ئەو  کاتانەی بەسەر پەیژەکەدا سەردەکەوم و دەڕۆمە سەربان بۆ هەڵفڕاندنی کۆترەکانی کاکە خالیدی ئامۆزام،  بەدزیشەوە تەماشایێکی ماڵی گوڵبەهار دەکەم.

 

 

ئەو ماڵەکەی پڕ کردووە لە گوڵ و درەختی گەورە گەورەشی لەناو حەوشەکەیان ڕواندووە. زۆرجار گوڵبەهار لەناو حەوشێ دا دەبینم سەرقاڵی ئاودانی گوڵەکانێتی. یەکێک لەو گوڵانەی کە من زۆر پێی سەرسامم، گوڵە لاولاوە کە هەموو ماڵەکەی داپۆشیوە و خەریکە لە دیوارەکانەوە بەتەواوی دێنە دەرەوە و هەر بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێن. منیش دەمەوێ گوڵێکی ئاوا لەناو ماڵەکەی خۆم دا بڕوێنم. هەر کات چاوەکانم دەنوقێنم ماڵەکەی خۆشم دەبینم چۆن گوڵە لاولاو سەر و خواری داپۆشیووە. من ماڵەکەی خۆمم لە خوار پێپلیکانەی یەکەمی ماڵی باپیرەمەوە دروست کردووە.

 

 

هەرچییەک لێرەوە سەرکەوێتە سەرەوە ماڵەکەی منیش دەبینێ. من ئیدی لێرە بەدواوە خانوویێکی خۆمم هەیە و بە هیوام بەمزوانە بگوازمەوە ناوی، ئیدی وەکو دایک و باوکم کرێچی ماڵی باپیرەم نابم. بەخێرایی گەڕامەوە بۆ لای ماڵە خنجیلانەکەم و لەگەڵ خۆم چنگێک بەردی بچکۆلە بچکۆلەشم هێنابوون. بەردێکم لەسەر خانووەکە دانا و بەخۆمم گووت ئەوە باگردێنە، دەبێ هەر باران باری زوو زوو بێمە سەربان و خانووەکە بگێڕم. هەر بەردێکم لە شوێنێک دادەنا و بەخۆم دەگووت ئەوە قەرەوێڵەیە، ئەوە بەرمیلی ئاوە، ئەوانەش ئاودەست‌و گەرماون. هەموو شتێکم بە ڕێکوپێکی دانابوون و تەواو دڵم پێیان خۆش بوو.

 

 

هێواش هێواش دونیا خەریک بوو تاریکی دەکرد، خۆر بە تەواوی لەناو ماڵەکەم دا نەمابوو و پڕی بوو لە تاریکی. تەماشام کرد مێلورەیێک لە دەرگاکەوە خۆی کرد بە ژوورا. بۆم نەکرا ڕێگەی لێبگرم، بەڵام بەخۆشم دەگووت بۆ نەڕوات. ماڵەکەی من دەرگەی بۆ هەر کەس کراوەیە. کوا میوان دەرکراوە. من تەواو سەرقاڵی ڕوانینی مێلوورەکە بووم، لەپڕ کەسێک قۆڵی گرتم و لە شوێنی خۆم بەرزی کردمەوە. کاتێک ڕوانیم دایکمە. دایکم گووتی: ‘ هەمدیسان هەموو گیانی خۆتت پیس کردووە. 

 

‘’ئاخر خانوویێکم بۆ خۆم دروست کرد’’ 
‘’دەباشە با خانووەکە لە دەرەوە بێ’’ 
‘’من نامەوێ بێمە ژوورەوە، دەمەوێ بچمەوە بۆ ناو خانووەکەی خۆم’’ 
‘’ دەبێ بێیتە ژوورەوە’’ 
‘’ ئاخر من ڕقم لە ماڵی ئێوەیە. من دەمەوێ لە ماڵی خۆم بم’’ 

 

دایکم دەکەوێتە پێکەنین. من نازانم ئەو بە چی پێدەکەنێ. ئەو کچی ئاسمانە ئەوەندە زلە، هەر کاتێک بیەوێ وەکو جووجێک لەگەڵ خۆیم هەڵدەگرێ و بۆ کوێی بوێ دەمبا. جلەکانم لەبەر دادەکەنێ‌و ڕووتوقووتم دەکاتەوە و لەناو تەشتێکی بەتاڵی گەورەم دادەنێ و دەست دەکات بە شۆردنم. خێرا خێرا ئاوی گەرمم بەسەرا دەڕژێنێ و بە سابوونیش هەموو چاوم کوێر دەکات. من هەر خەریکم چاوم هەڵدەگڵۆفم‌و بۆم ناکرێ هیچ ببینم، دایکم دەیەوێت بە پێکەنین وام لێ بکات کە ژیر ببمەوە، بەڵام من هەر ژیر نابمەوە و لەژێر دەست‌و باڵە گەورەکانیا دەمەوێ ڕا بکەم. چەند جارێک لەناو تەشتەکە ڕادەکەمە دەرەوە و ئەو خێرا دەمگرێتەوە و ئەوەندەی تر ئاوی گەرمم بەسەرا دەڕژێنێ کە من بە ئاستەم بۆم دەکرێ هەناسە بدەم. دڵم پڕ دەبێ لە گریان و زوو زووش دەستێک دەکێشم بە مەچەکیا.

 

 

دواتر دایکم لە شوێنی خۆمم بەرز دەکاتەوە و بە خاولییەک وشک وشکم دەکاتەوە و لەناو جێگەوبانەکەم دادەنێ. من دڵم هەر لای ماڵەکەمە. دەزانم ئیستا پڕی مێلورە بووە. من ڕقم لە مێلورەکان نییە. لە باوەشی دایکما پاڵکەوتووم و دایکم جارجارێک بە هێواشی دەکێشێت بەسەر پشتما و چاوم بەتەواوی گەرم دەبن بۆ خەو. بە دایکم دەڵێم، با هەردوکمان پێکەوە بچین چنگێک گەنم بەرین بۆ مێلورەکان، ئەوان گوناهن لەناو خانووە تازەکەم برسییان دەبێ. دایکم دەڵی، مێرولەکان بە شەوان نان ناخۆن. ئەو دەڵێ، تۆ ئیستا بخەوە و هەر کاتێک لە خەو هەستایت ئەودەم پێکەوە دەچین گەنم بۆ مێرولەکانیش دەبەین.

 

 

منیش بە قسەی دایکم دەکەم، بڕواش دەکەم هەر ئەوە بێ کە هەموو گیانم گەرم بووە بۆ خەو و هەست بە تەمەڵی دەکەم، پێمخۆشە بنووم‌و لە شوێنی خۆم هەڵنەسم. من ئیدی ئاگام لە خۆم نامێنێ و دەبینم هەر خۆم بە تەنیام و بەرەو لای ماڵەکەم ڕادەکەم. ماڵەکەم چەندێک گەورە بووە. بە پەلە دەچمە ژوورێ و دەبینم ماڵەکەم ئەوەی مێلورە بێ، تیای نییە. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن