هەواڵ

مانگا و مەڕ و بزنی کوردستان زیاد ناکات

05:50 - 12/07/2019 174 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن: رەنجدەر عوسمان


ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق تا کۆتایی ساڵی ١٩٧٠ هەیە کە لە تێکڕای عێراقدا، زۆرترین ئاژەڵ و مەڕوماڵات لە هەرێمی کوردستاندا بووە، ئەو کاتە کە حەوت ملیۆن سەر مەڕو بزن و مانگا بووە، واتای ٤٩٪ی مەڕو بزن و مانگای عێراق لە هەرێمی کوردستاندا بوون.

 

دوای نزیکەی پەنجا ساڵ لەو ئامارە، کەچی ئێستا مەڕو بزن و مانگا لە هەرێمی کوردستان بە ژمارەیەکی زۆر کەمترەوە بەخێو دەکرێن. بەگوێرەی ئامارێکی دەستەی ئاماری هەرێم کە مانگی رابردوو بڵاویکردەوە ، ساڵی ٢٠١٧ هەرسێ جۆر ئاژەڵەکەوە، ناگەنە چوار ملیۆن سه‌ر ئاژەڵ.

 

لە ئامارەکەدا هاتووە: دوو ملیۆن و ٣٩٩ هەزار و ١٧٦ سەر مەڕ، ملیۆنێک و ٢٢٣ هەزار و ٩٤٩ سەر بزن،  ٢٥٦ هەزار و ٩٩٩ سەر مانگا هەن.

 

بۆ زۆری ئاژەڵ و ئاژەڵداریی، پارێزگای سلێمانی - بە گەرمیان  وهەڵەبجەوە- بە دوو ملیۆن و ١٣٤ هەزارو ٥٣٥ سەر ئاژەڵەوە لە پلەی یەکەمدایە و دوای ئەو پارێزگای دهۆک دێت کە یەک ملیۆن و ٩٧ هەزار و ٤٠٩ سەر ئاژەڵی تێدایە و پارێزگای هەولێریش کەمترینیانە و ٦٥١ هەزار و ٣٠٠ سەر ئاژەڵی هەیە.

 

شارەزایانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی دەڵێن، بەهۆی فەرامۆشکردنی گوندەکان و گواستنەوەی ژیانی زۆربەی زۆری دانیشتووانی هەرێم بۆ ناو سەنتەری شارەکان. کەرتی ئاژەڵداری هاوشانی کەرتی کشتوکاڵ لاوازبووە.

 

ره‌مه‌زان محەمەد، به‌ڕێوه‌به‌رى سامانى ئاژه‌ڵە له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ بۆ‌ زه‌مه‌ن دەڵێت: ئاژه‌ڵداریی  له‌ هه‌رێمى كوردستان، هێشتا به‌ شێوه‌ى زانستى و ستانداردى جیهانى نییه‌، تا ئێستا هەر به‌ شێوازە كۆنەکە مه‌ڕ و ماڵاته‌كانیان به‌خێو ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى خراپى ده‌بێ له‌سه‌ر به‌خێوكردن و بڕى به‌رهه‌می ئەو ئاژەڵانە.

 

به‌هرۆز محەمەد مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی و پسپۆرى سامانى ئاژه‌ڵ، لیستێک لە هۆکار ریز دەکات کاتێ دەیەوێ هۆکاری گەشەنەکردن و پاشەکشەی کەرتی ئاژەڵداری شرۆڤە بکات.
مامۆستا بەهرۆز بۆ‌ زه‌مه‌ن وتی:  حكومه‌تى هه‌رێم ته‌نیا پشت به‌ كه‌رتى وزه‌ ده‌به‌ستێ  بۆ سه‌رچاوه‌ى داهات. له‌ كاتێكدا هه‌رێم به‌هۆى هەبوونى چوار وه‌رزى ساڵ و ده‌شت و دۆڵ و چیا و بارانێكى زۆر، شوێنێكى گونجاوه‌ بۆ ئاژه‌ڵداریی و ده‌توانرێت له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ به‌شداربێ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كى گرنگى داهات.

 

ئەو هەروەها پێشنیاز دەکات و دەڵێت:  گرنگیدان به‌ گونده‌كان و دابینكردنى هه‌لى كار له‌سه‌ر كێڵگەکانى به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵ و گرتنه‌به‌رى ڕێكارى زاستىی له‌م سێكته‌ره‌دا، دەبنە هۆكاری بوژانەوەی ئه‌م كه‌رته‌.

 

به‌ پێویستیشى ده‌زانێت باجى زۆر له‌سه‌ر هاورده‌كردن و هێنانى ئاژه‌ڵ دابنرێت، ڕێگه‌ له‌ به‌ قاچاغ  هێنانیش بگرێت تاوه‌كو ئاژه‌ڵداران بتوانن سوود له‌ به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌ربگرن.

 

گۆشتی سوور و شیرەمەنی

له‌گه‌ڵ زیادبوونى ژماره‌ى دانیشتووان، خواست له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانى ئاژه‌ڵ وەک گۆشتى سوور و شیره‌مه‌نیش زیادى كردووه‌. به‌ڵام هه‌رێم ناتوانێ خواست و داواكاریی هاوڵاتیان به‌ به‌رهه‌مى ناوخۆ دابین بكات.

 


بەگوێرەی داتاو ئاماری سامانى ئاژه‌ڵ له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ، هه‌رێمى كوردستان ساڵانه‌ پێویستى به‌ زیاتر لە 83 هه‌زار ته‌ن  گۆشتى سوور هه‌یه‌. کەچی بە بەرهەمی ناوخۆ ته‌نیا 45 هه‌زار ته‌نی پێ دابین دەکرێ و 38 هه‌زار ته‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ دەكات.

هه‌روه‌ك  پێویستى به‌ 485 هه‌زار لیتر شیر هه‌یه‌، به‌ڵام 275 هه‌زارى به‌رهه‌مى ناوخۆ‌یه‌ و بۆ پڕكردنه‌وى خواستى هاوڵاتیان پێویستى به‌  210 هه‌زار لیترى تر هه‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ى ده‌كات.

 

پاشەکشەیەکی زۆر

به‌پێى پلانی كۆنگره‌ى كشتوكاڵ کە ساڵى 2009 لە هەولێر بەسترا بۆ پلانی ستراتیژی کشتوکاڵ، ده‌بوو‌ له ماوه‌ى چوار ساڵی داهاتوودا واتا 2013 رێژه‌ى به‌رهه‌مهێنانى گۆشتى سوور لە ناوخۆ بەرز بکرێتەوە بۆ 200 هه‌زار ته‌ن و به‌رهه‌مهێنانى شیر بگەیەنرێتە ‌400 هه‌زار لیتر له‌ ساڵێكدا، کەچی نه‌ك ئه‌و پلانه‌ سه‌رى نه‌گرت، به‌ڵكو به‌رهه‌مهێنان دابه‌زینى زیاترى به‌خۆوه‌ بینى ب‌ە بەراورد بە پلانه‌كه‌، به‌ جۆرێك ساڵى 2008 بڕى به‌رهه‌مهێنانى گۆشتى سوور 100 سه‌د هه‌زار ته‌ن و شیر200 دوو سه‌د هه‌زار لیتر بووه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن