هەواڵ

بڕیاری قوباد تاڵەبانی بۆ لابردنی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی جێبەجێ ناكرێت

10:28 - 12/07/2019 3750 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

 

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، بڕیاری لادانی بەڕێوەبەری گشتيی پەروەردەی سلێمانی جێبەجێ ناكرێت و بەردەوام دەبێت لە ئەركەكەی، ئەو بڕیارەش سەرپێچی یاسایی و سیاسییە.

 

 
رێبوار ئەحمەد بازیانی، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای"زەمەن"ی راگەیاند، یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان بە رونی لە مادەی (6) دا باسی كردووە، كە لادان و دانانی بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایە و دانانی بەڕێوەبەری گشتی بە دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن دەبێت و لادانی هەر بەرێوەبەرێكیش بەندە بە سێ خاڵەوە، کە ئەوانیش بریتین لە : دەست پیسی، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەکانی، بەفیڕۆدانی دارایی گشتیی، ئەو خاڵانەش لە مامۆستا دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانیدا نەبووە.

 

 

وتیشی: ئەنجومەنی وەزیران لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان بەرپرس نییە و دەسەڵاتی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی نییە و ئەو بابەتانە پەیوەندییان بە ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە هەیە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران سەرپێچی یاسای كردووە و  ئەو بڕیاە زیادە رۆییكردنە سەر دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاكانە و ئەنجومەن دەتوانێت لە دادگای كاگێڕی داوای یاسایی لەسەر تۆمار بكات، چونكە بە یاسا ئەو  دەسەڵاتە رێكخراوە و ناوی ئەنجومەنی وەزیران لە یاساكەدا هاتوو كە دەبێت ئەنجومەی وەزیران پێوەی پابەند بێت، هەر هەنگاوێك بنێت بۆ زیادەڕۆییكردنە سەر دەسەڵاتی ئەنجومەی پارێزگاكان، سەرپێچییە و بەرپرس دەبێت لە بەرامبەر یاسادا.

 

 

رێبوار بازیانی، رونیشكردەوە، جگە لە سەرپێچییە یاساییەكە، ئەو بڕیارە سەرپێچی سیاسیشە، بەوەی كە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی بە رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی كراوە و ئێستاش ئەو رێككەوتنە بەردەوامە و هەڵنەوەشاوەتەوە، بۆیە لابردنی بەڕێوەبەرێك لە پشكی گۆڕان، سەرپێچی ئەو رێككەوتنەیە كە لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتیدا هەیە.

 

ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، جەختی لەوەشكردەوە، ئەو بڕیارە راگیرەوە و كاری پێناكرێت و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەسەر ئەركەكەی بەردەوام دەبێت، چونكە یاسایەكی بەركاری لە پشتە.

 

لە دوو رۆژی رابردوودا میدیاكان هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردەوە كە بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، مامۆستا دڵشاد عومەر، بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەسەركارەكەی لابراوەو جێگرەكەی كارەكانی رادەپەرێنێت.

 

بەگوێرەی زانیاریەكانی "زەمەن" ئەو بڕیارەی قوباد تاڵەبانی لە دژی مامۆستا دڵشاد عومەر لە بەرامبەر قبوڵنەكردن و رازینەبوونی مامۆستا دڵشاد دێت بە دانای كەسێك بۆ بەرێوەبەری پەروەردەی قەزای دەربەندیخان، كە سیڤییەكەی شایەنی وەرگرتنی ئەو پۆستە نەبووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن