هەواڵ

هه‌ڕه‌شه‌کانی ئێران ڕێکه‌وتننامه‌ی 5+1 به‌ره‌و کوێ ده‌بات؟

07:55 - 11/07/2019 78 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌رۆککۆماری ئێران حه‌سه‌ن رۆحانی، به زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم که ئه‌مه‌ش مانای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ڕێکه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی نێوان  ئێران و ٥ +١ـە نیگه‌رانییه‌کانی ئه‌وروپای گه‌یانده ئاستێک سه‌رۆکی فەڕه‌نسا په‌یوه‌ندی به ڕۆحانییه‌وه بکات.

 


پێشتر به کشانه‌وه‌ی ئه‌مر‌یکا، ڕێکه‌وتنه‌که گورزێکی کاریگه‌ری به‌رکه‌وت، به‌ڵام هه‌م ئێران و هه‌م ئه‌وروپا، تائێستاش ده‌ستیان به ڕێکه‌وتننامه‌که‌وه گرتووه، به‌تایبه‌ت ئه‌وروپا بۆی گرنگه ڕێکه‌وتننامه‌که شکست نه‌هێنێ. 

 


سه‌رۆککۆماری فه‌ڕه‌نسا ئیمانوێل ماکرۆن، له په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فونیدا، که سه‌عاتێکی خایاندووه، نیگه‌رانی خۆی به‌ ڕۆحانی گه‌یاند و سه‌رنجی ئه‌وی بۆ لێکه‌وته مه‌ترسیداره‌کانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ڕێککه‌وتنه‌که‌ی ساڵی ٢٠١٥ ڕاکێشا.

 


ئێران ڕایگه‌یاندووه که سزاکان و گه‌مارۆکان به سه‌ر وڵاته‌کەدا، ئێران ناچار ده‌کات بڕی زیاتری یۆرانیۆم بپیتێنێ، هه‌رچه‌نده ئێران ئێستا بڕی ڕێگه‌پێدراو زیاتر ده‌پیتێنێ. چونکه ناتوانێ سوته‌مه‌نی ته‌واو دابین بکات به‌بێ ئه‌وه. 

 


ئه‌گه‌ر ئه‌وروپا ده‌یه‌وێت ئێران په‌نا بۆ ئه‌و کاره نه‌بات، له‌سه‌ریانه هه‌وڵ بده‌ن ئه‌و سزا و گه‌مارۆیانه سووک بکرێن. ئه‌مر‌یکاش وای لێکده‌داته‌وه که ئێران به مه‌به‌ستی دروستکردنی چه‌کی ئه‌تۆمی یۆرانیۆم ده‌پیتێنێ.

 


ڕۆحانی له ئاگادارینامه‌که‌ی بۆ وڵاته‌کانی ناو ڕێکه‌وتنه‌که - به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، چین و روسیا، رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی دیاریکرد وه‌ک دووا ڕۆژ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌یه‌ک بۆ سووککردنی باری گه‌مارۆی سه‌ر ئێران- چونکه ٢ مانگ پێش ئێستا مۆڵه‌تی ٦٠ رۆژی دابووه ئه‌و وڵاتانه بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه چاره‌یه‌ک و رۆژی یه‌کشه‌ممه ئه‌و مۆڵه‌ته کۆتایی هات،  به‌ڵام ماکرۆن له په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنیه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ رۆحانی، وای کردووه که تاکو ١٥ ی ئه‌م مانگه هه‌وڵبده‌ن بتوانن رێگه‌یه‌ک بۆ دروستکردنی دیالۆگ له‌نێوان ئه‌و وڵاتانه‌دا بدۆزنه‌وه.

 


بەپێی رێکه‌وتننامه‌ی ئێران و ٥+١ که ئێستا ئه‌مریکا له ڕێکه‌وتننامه‌که‌دا نه‌ماوه، ئێران رێگه‌پێدراوه یۆرانیۆمی که‌مپیتێنراو به‌رهه‌مبهێنێت که چڕیه‌که‌ی له سه‌دا ٣ بۆ له سه‌دا چوار زیاتر نه‌بێ، که ده‌توانێ سوته‌مه‌نی بۆ کێڵگه‌کانی وزه‌ی ئه‌تۆمی بۆ کاره‌با دابین بکات، به‌ڵام یۆرانیۆمی پیتێنراو که بکرێت چه‌کی ئه‌تۆمی لێ دروست بکرێت، ده‌بێت چڕیه‌که‌ی بگاته له سه‌دا ٩٠، هه‌روه‌ها بۆ دروستکردنی یه‌ک بۆمبی ئه‌تۆمی ده‌بێت زیاتر له هه‌زار کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو هه‌بێ، به‌ڵام ئێران ته‌نیا رێگه‌ی پێدراوه ٣٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی که‌مپیتێنراو به‌رهه‌م بهێنێ. هه‌رچه‌نده روون نییه تائێستا ئێران ده‌یه‌وێت پیتاندنه‌که ده‌باته چی ئاستێک، به‌ڵام یه‌کێک له راوێژکاره‌کانی ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی رایگه‌یاند که ره‌نگه بیگه‌یه‌ننه له سه‌دا پێنج.

 


رۆحانی ده‌ڵێت: پلانی ئێمه بۆ زیادکردنی بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراو کاردانه‌وه‌یه‌کی ناچارییه له به‌رامبه‌ر ده‌سته‌وه‌ستانی وڵاتانی ناو ڕێکه‌وتننامه‌که له دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌ک بۆ سووککردنی گه‌مارۆکانی ئه‌مر‌یکا له سه‌ر ئێمه و ئه‌وان به‌ڵێنه‌کانی خۆیان نه‌بردۆته سه‌ر و له‌لای خۆیانه‌وه رێکه‌وتننامه‌که‌یان پێشێلکردووه.

 


ئێران نیه‌تی خۆی وا راڤه ده‌کات، که مه‌به‌ستیه‌تی رێکه‌وتننامه‌که بپارێزێت، نه‌ک له‌ناوی ببات، چونکه ئێران پێیوایه لایه‌نه‌کانی رێکه‌وتننامه‌که ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت رێکه‌تننامه‌که پارێزراو بێت، ده‌بێت ده‌رچه‌یه‌ک بۆ ئێران بدۆزنه‌وه بتوانێت پێداویستییه مه‌ده‌نیه‌کانی خۆی له سوته‌مه‌نی دابین بکات. ئه‌مه‌ش چۆن دابین ده‌بێت ئه‌گه‌ر گه‌مارۆ و سزاکان به‌رده‌وام بن؟ تره‌مپ ده‌ڵێت: ئێران یاری به ئاگر ده‌کات. هه‌روه‌ها له تویتێکدا ده‌نووسێت: ئێران وریای هه‌ڕه‌شه‌کانت به، چونکه ده‌کرێت ئه‌و هه‌ڕه‌شانه گاز له خۆت بگرێت، به‌شێوه‌یه‌ک که هیچ که‌سێک پێشتر گازی وای لێنه‌گیرابێت.

 


ئاژانسەکان  بڕی ڕێگه وزه‌ی ئه‌تۆمی نێونه‌ته‌وه‌یی، له چه‌ند رۆژی ڕابردوودا رایگه‌یاند، که ئێران به‌رهه‌مهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی گه‌یشتۆته بڕی رێگه‌پێدراوی خۆی که ٣٠٠ کیلۆگرامه، به‌و پێیەبێت له ئێستاوه هه‌ر بڕێکی تر به‌رهه‌مبهێنێت زیاده‌یه و پێشێلکردنی رێکه‌وتننامه‌که‌یه، بۆیه داوای کۆبونه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی سه‌باره‌ت به پرۆگرامی ناوه‌کیی ئێران کردووه له ١٠ ی ئه‌م مانگه‌دا.

 


ئێران له ئه‌مریکا نائومێد بووه، بۆیه هه‌وڵده‌دات ئه‌وروپا بخاته به‌رده‌م بڕیار و به‌رپرسیارێتیه‌وه. مه‌جید ته‌ختره‌وانچی، باڵیۆزی ئێران له نه‌ته‌وەیه‌کگرتووه‌کان و ئه‌ندامی تیمی دانوسانکار له رێکه‌وتننامه‌ی ٢٠١٥ به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند،  بڕیاری ئێران وه‌ک په‌یامێک وایه بۆ ئه‌وروپا:  ئه‌گه‌ر ئه‌مر‌یکا له رێکه‌وتننامه‌که بچێته ده‌ره‌وه و ئه‌وروپاش له شوێنگه‌یه‌کدا نه‌بێت قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه‌ی ئێمه بکاته‌وه، مانای وایه رێکه‌وتننامه‌که به که‌ڵک نایەت. ئێمه به هاوڕێ ئه‌وروپیه‌کانمان وتووه که رێکه‌وتننامه‌که شێوێنراوه، ده‌بێت چاکی بکه‌نه‌وه، ئێمه ناتوانین ئا‌وا به‌رده‌وام بین.

 


به‌ڵام ئه‌وروپا ده‌توانێ رێکه‌وتننامه‌که چاک بکاته‌وه؟ ئێران ده‌توانێ به‌رده‌وامبێ؟ ئێران ده‌توانێ رێکه‌وتننامه‌که لەوه زیاتر پێشێل بکات؟ ئه‌مریکا کاردانه‌وه‌ی چۆن ده‌بێ؟ 

 

هه‌موو ئه‌مانه، کۆمه‌ڵێک پرسیارن که وابه‌سته‌ی هه‌لومه‌رجی سیاسیی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمین و وه‌ڵامی هه‌ر یه‌کێک له‌و پرسیارانه لێکه‌وته و کاردانه‌وه‌ی ئه‌رێنی و نه‌رێنی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت. ئیستا ئه‌وروپا که له هه‌وڵه‌کانی ماکرۆندا خۆی نمایش ده‌کات ده‌یه‌وێ رێگه له ئاڵۆزبوونی زیاتری ره‌وشه‌که بگرێت و له‌وه‌ش دڵنیایه ناتوانێ رێکه‌وتننامه‌که وه‌ک جاران لێبکاته‌وه.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن