هەواڵ

گرژی لە هورمز سەریهەڵدایەوە.. ئێران رێگری لە کەشتییەکی نەوتی بریتانی کرد.

02:19 - 11/07/2019 29 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"


حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند کەشتییەکی بازرگانی لە گەروی هورموز لەلایەن ئێرانەوە رێگری لێکراوە، بەڵام ئێران ئەو هەواڵانەی بەدرۆخستەوە.

 

لە بەیاننامەیەکدا حکومەتی بریتانیا نیگەرانیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند: دوێنێ چوارشەممە سێ کەشتی ئێرانی لە گەروی هورمز هەوڵیان داوە رێگری لە کەشتییەکی بازرگانی وڵاتەکەیان بگرن بەڵام بەهۆی هۆشدارییەکانی کەشتییەکەیانەوە ئەو سێ کەشتییە ئاراستەکانیان گۆڕییوە.


لە بەرامبەردا سوپای پاسدارانی ئێران رایانگەیاند: ئەو هەواڵانە هیچ بنەمایەکیان نییە و تەنها مەبەستیان پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزکردنی دۆخەکی ناوچەکەیە.

میدیا جیهانییەکانیش بڵاویانکردەوە کە پێدەچێت دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت بەهۆی هەوڵەکانی ئێرانەوە بۆ رێگریکردن لەو کەشتییە.

 

هاوکات ئەمەش لەکاتێکدا دێت لە چەند رۆژی رابردودا حکومەتی بەریتانیا دەستیان گرت بەسەر کەشتییەکی ئێرانی لە نزیک ئاوەکانی جەبەل تاریق کە هەوڵیدابوو نەوت بۆ سوریا بگوازێتەوە و ئەمەش نیگەرانی ئێرانی لێکەوتەوە، لە بەرامبەریشدا بەریتانیا روونیکردەوە کە دەستگرتنیان بەسەر ئەو کەشتییە بەهۆی سزاکانی سەر سوریا بوە نەک سزاکانی سەر ئێران.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن