هەواڵ

یەکێتی و پارتی بەفەرمی ناوی پارێزگاری کەرکوکیان راگەیاند

12:29 - 11/07/2019 292 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"


دوای چەندین کۆبونەوە لە کۆتاییدا یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدکردنی ئەندازیار تەیب جەبار بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک رێککەوتن.

 

پاش تەواوبونی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ لەسلێمانی بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی و حاکم قادر ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایانگەیاند، تەیب جەبار کاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.  


مەحمود محەمەد رایگەیاند، کەرکوک سامانێکی زۆری هەیە بەڵام لە رابردوودا زۆر خراپ ئیدارە دراوە و لەو بڕوایەین کە ئەم شارە پێویستی بە خزمەتێکی زۆر هەیە، هاوکات لیستی برایەتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک پێیان باشبوە ئەندازیار تەیب جەبار ئەمین وەک پارێزگار رۆڵی خۆی ببینێت و ئەو کەسە وەکو نوێنەرایەتی لیستی برایەتی دەستنیشان دەکرێت.


قادر حەمەجان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان روونیکردەوە کە چەند جارێک لەبارەی یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک کۆبینەوەتەوە چونکە ئەو شارە باری نائاسایی هەبوە و ویستومانە بیگۆڕین، هاوکات کۆمەڵێک رێکاری سیاسی گیراوەتەبەر و گەیشتینە گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە پێویستە ئەو دۆخە گۆڕانکاریی بەسەردابێت لە ئاسایی کردنەوە و گەڕانەوەی دەسەڵات و سەقامگیریی ئاسایش و بە دانانی پارێزگارەوە.


راشیگەیاند: بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە کەسانێکی زۆر ئامادەبون خزمەت بکەن، بەڵام دواتر لەرێگەی لیژنەیەک و چەند پێوەرێک لەسەر کاندیدکردنی تەیب جەبار رێککەوتین، هاوکات دەبێت داهاتی کەرکوک بخرێتە خزمەتی هاوڵاتییانی کەرکوک. 

 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن