هەواڵ

چەکوشەکەی خاتوونی سەرۆک

09:49 - 11/07/2019 286 جار خوێندراوەتەوە

زةمةن: ئیبراهیم عه‌لى

لەسەروەختی مشتومڕی حزبەکان لەسەر سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەکان، فێمینیستەکان و ژنانی چالاکوان تەواو دڵخۆشبوون بەوەی ژنێک لەسەر کورسی سەرۆکایەی خولی پێنجەم دانیشتووە. ئیتر بۆ ئەوان گرنگ نییە سەرۆک لە کوتلەی کام حزبە بەڵکو گرنگ ئەوەیە ژنێکە.



دوای حەوت مانگ لە سەرۆکایەتی ئەم خولەی پەرلەمان بە کاتی، دوێنێ چوارشەممە ڤالا فەرید بووە وەزیر لە کابینەى نۆیەمى حکومەتدا و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رادەستی رێواز فایەق سەرۆکی داهاتوو کرد کە ئەمڕۆ پێنجشەممەلە لایەن پەرلەمانتارانەوە هەڵدەبژێردرێت. ئەم هەواڵە بۆ ژنان رووداوێکی جێی سەرنجە کە دوای بیست و حەوت ساڵ لە ئەزموونی پەرلەمانی و حوکمڕانی کورد، بۆ یەکەمجار ژنێک دەبێتە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.

 

هەموو ئەو ژنانەی پێشوازی لە سەرۆکبوونی ژنێک دەکەن، چاوپۆشی لەوە دەکەن سەرۆک لە کامە رەنگ و حزبە، بۆ ئەوان لە هەموو شت گرنگتر ئەوەیە ژنێک چەکوشی سەرۆکایەتی بە دەستەوەیەو ئەو کاتەی دەیەوێ دانیشتنەکان رێک بخات، دەیکێشی بەسەر مێزەکەی بەردەمیدا پێشتر هەرگیز ئەو مێزە چەکوشی دەستی ژنی بەرنەکەوتووە!

 

بێگومان ئەمە یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان، ژنێک پۆستێکی باڵا لە سێ سەرۆکایەتییەکەی حوکمڕانی وەربگرێت. بۆیە لای رێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی ئەم بوارە جێی دڵخۆشی و شادمانییە.

 

سه‌بریه‌ غه‌فار، ئه‌ندامی باڵاى یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە و بۆ خۆی لە خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان پەرلەمانتار بووە، پێیوایە ئەمە “متمانەدانە بە ئافرەت” سەبریە ئەم قۆناغە بە گۆڕانکاری دەزانێ بۆ ژنان کە متمانەیان پێ دەکرێ تا بگەنە پۆستێکی وا باڵا و گرنگ.

 

سەرۆک لە رەگەزی میهرەبانەکانە
بۆ ژنان هەڵبژاردنی ژنێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان، هەڵبژاردنی میهرەبانییە لە بەرامبەر زبری و توندی دەسەڵاتی نێرینەدا. ئەوانەی کە لەگەڵ ئەم بۆچوونەدان دەڵێن: ژن کاتێکیش دەبێتە سەرۆک ژنبوونی خۆی لە دەست نادات و وەکو جاران دڵنەرم و میهرەبانە لەگەڵ ئەندامانی گروپەکەیدا.


ئه‌مه‌ل جه‌لال ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان، رەخنە له‌ حوکمڕانی کورد دەگرێ کە “هەمیشە له‌لایه‌ن نێره‌وه‌ قۆرخ كراوە” بۆیە ئێستا بەلایەوە زۆر گرنگە ژنێک دەبێە سەرۆکی دامەزراوەیەکی باڵا.


ئەمەل بۆ “ زەمەن” وتی: “ ژن كاراكته‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و لە یەک کاتدا رۆڵی هاوسه‌ر، دایك و خوشك ده‌بینێ. ژنان میهره‌بانانه‌تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دەوروبەریاندا دەکەن بۆیە لە پلە و پۆستیشدا دیسان دەتوانن نەرم و نیان و میهرەبان بن، ئەمەش خواستێکی هەمیشەیی خەڵکە لە دەسەڵات و حوکمڕانان.” 


هەر ئەمەل نییە کە باوەڕی وایە ژنێک دەتوانێ میهرەبانی بگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان، نووسەر و چالاکوانی مافی ژنان چلوره‌ هه‌ردی پێیوایە ده‌سه‌ڵاتی پیاوان له‌ رابردوودا هه‌رێمی كوردستانی به‌ره‌و توندوتیژی بردووه‌، بۆیە خوازیاره‌ خاتوونی سەرۆک لە پەرلەمان “ئارامی بۆ هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و ئه‌و توندوتیژییەی هەبووە‌ نه‌مێنێ”.

مەرجە ژنبوونی خۆی بسەلمێنێ
چلوره‌ وتی: “زۆر گرنگه‌ ژنان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌، به‌ڵام له‌وه‌ گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ چاوه‌ڕوانم ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌جۆرێكی جیاواز له‌ پیاوان به‌كاربێنن. بزانین ژنان چۆن ئارامی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌. من چاوه‌ڕوانم گرنگی به‌ کەرتی په‌روه‌رده‌و ئاشتی و دادپه‌روه‌ریی بده‌ن، ئەگەر ئەمانەیان کرد ئه‌وسا جێگه‌ی ئه‌وان گرنگیی ده‌بێ”.



بۆ سەرۆکایەتی کاتیی ئەم خولەی پەرلەمان فراکسیۆنی پارتی ژنێکی دیاریکرد، دواجار پۆستەکە رادەستی یەکێتی دەکرێت ئەویش ژنێک دەکاتە سەرۆکی پەرلەمان. خانمی سەرۆک (رێواز فایەق)ــە کە دوو خولە بۆ خۆی ئەندامی پەرلەمانیشە.


ئەو ژنانەی کە بۆ ئەم راپۆرتە قسەیان کردووە، هەریەکەیان سەر حزب و ئایدۆلۆژیای جیاوازن یان سەربەخۆن، بەڵام هەموویان لەوەدا هاوڕا و کۆکن کە بەوپەڕی تواناوە پشتگیریی لە سەرۆکی پەرلەمان بکەن و هاوکاری بکەن بۆ سەلماندنی رۆڵی ژنانەی خۆی لەو پۆستەدا.


ئەوان دەڵێن ئەوەی ئیستا پێیگەشتوون، بەرهەمی خەباتی ژنانی چالاکوان و مافە پێشێلکراوەکانی ژنان خۆیانە. بۆیە نایانەوێ ئەزموونی خاتوونێکی سەرۆک شکست بێنێ یان ئاستەنگ بخرێتە بەردەم کار و هەنگاوەکانی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن