هەواڵ

ترەمپ دەیەوێ دۆلار لاواز بکات

09:50 - 10/07/2019 164 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن: ئەنوەر کەریم 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، خوازیارە بەهای دۆلار دابەزێنرێ تا ئاستی هەناردەی وڵاتەکەی بەرزبێتەوە. ئەمەش بە مەبەستی زیادکردنی هەناردە لە بەرامبەر رکابەرە سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتەکەیدا.

 


ترەمپ بۆ ئەم کارە، چاوی لەسەر سەرۆکی یەدەگی فیدراڵ- زە فێدە. بەڵام جۆرمی پاوڵ سەرۆکی زە فێد دەڵێت “ ئەوە کاری من نییە”  میدیاکان ئاشکرایان کردووە، ماوەیەکە ترەمپ دەیەویت جۆرمی پاوڵ لەو پۆستە لابدات بە بیانووی ئەوەی ڕێژەی سوودی بانکیی بەرزە لە ئەمریکادا.

 


لەگەڵ خواستی لادانی پاوڵم، ترەمپ بە ئاشکرا بە شانوباڵی سەرۆکی  بانکی ناوەندیی یەکێتیی ئەوروپادا هەڵ دەدات “ لەبەر ئەوەی ڕێژەی سوودی بانکیی لە ئەوروپادا نزمە” 


هەفتەی ڕابردوو، ترەمپ یەکێتیی ئەوروپاو چینی تاوانبارکرد بەوەی بەهای دراوەکانیان دادەبەزێنن بۆ ئەوەی ئاستی هەناردەیان زیاد بکەن. 


سیاسەتی نەختینەی ئەمریکا
سیاسەتی نەختینە واتە کۆنترۆڵکردنی پارە  لە لایەن دەوڵەتەوە کە دوو جۆری سەرەکی سیاسەتی نەختینە هەیە و پەیڕەو دەکرێت  لە ئابووریدا. 


یەکەم: سیاسەتی نەختینەی فراوانخواز ودەستبڵاو. 
دووەم: سیاسەتی نەختینەی سکهەڵگوشین و زبر. 


لە زۆربەی وڵاتەکاندا  سیاسەتی نەختینە کاری بانکی ناوەندییە، لە ویلاتە یەکگرتووەکان  بەم دامەزراوەیە دەوترێت یەدەگی فیدراڵ The Federal Reserves    کورتکراوەی (زەفێد)ــە کە ساڵی 1913 دامەزراوە. بانکی ناوەندی بە ئاستێکی بەرز سەربەخۆیی هەیە، ئەو دەستەیەی بەڕێوەی دەبات، بۆ ماوەیەکی درێژخایەن هەڵدەبژێردرێن بۆ ئەوەی هێزی سیاسی نوێ نەتوانێ بیانگۆڕێ و دەستکاری سەربەخۆییەکەیان بکات. 


ئەم بانکە دوو ئەرکی سەرەکی لەسەرشانە: 
 یەکەم – بریتیە  لەڕێکخستنی  بانکەکانی ترو چاودێریکردنیان، بانکی ناوەندیی هەڵدەسێ بە دابینکردنی قەرز هەروەها  کارئاسانی تریشیان پێشکەش دەکات، بۆیە هەندێجار پێی دەڵێن “بانکی بانکەکان” 

 

ئەم بانکە دوا قەرزدەرە، لە چاودێریکردنی تەندروستی سیستمی بانکی ناوەندیی، دەشێ سنوور بۆ قەرزپیدان دابنێ و ئازادی تەواو بە بانکەکان نەدات.


 دووەم: کاری بانکی ناوەندیی  بریتیە لە کۆنترۆڵکردنی  خستنەڕووی دراو لە ئابووریدا،  لە بانکی  ناوەندیی ویلاتە یەکگرتووەکانی  ئەمریکادا  کۆمیتەی بازاڕی کراوەی فیدڕاڵ بڕیار لەسەر سیاسەتی نەختینەی   ئەمریکا دەدات . 


 بانکی ناوەندی  لە وڵاتانی پێشکەوتوو و تازەپێگەیشتوودا، سێ ئامڕاز  بۆ کۆنترڕۆڵکردنی خستنەڕووی پارە بەکاردەهێنرێت، بۆ ڕزگاربوون لە هەڵاوسان  و پووکانەوەی ئابووری، یان دەستکاریکردنی بەهای دراوی نیشتمانیی. 


بەهۆی ئەم ئامڕازانەوە، کار لەسیاسەت و ڕەفتارو بڕیاری بانکەکان  دەکات، نەبوونی ئەم ئامڕازانە  وا دەکات سەقامگیری ئابووریی زەحمەتتربێ. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن