هەواڵ

ئەبوبەکر هەڵەدنی: لایەنگری فرەژنیم و لەبەر سەرقاڵی ژنی دووەم ناهێنم ​

06:21 - 09/07/2019 1798 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

ئەبوبەکر هەڵەدنی پەرلەمانتار و کەسایەتی دیاری ئیسلامی، هەندێک نهێنی و وردەکاری ژیانی خۆی بۆ زەمەن ئاشکرا دەکات و بێپەردە وەڵامی ئەو پرسانە دەداتەوە کە تایبەتن بە ژیانی کەسێتی خۆیەوە. ناوبراو بۆ خوێنەرانی ئاشکرا دەکات هاندەری چ هەڵبژاردەیەکە و بە چ نووسەرێک سەرسامە، هاوکات نایشارێتەوە کە لایەنگری فرەژنییە و باس لەو گللەییانە دەکات کە ژنەکەی لێی دەکات.

* قۆناغی گەنجێتیت چۆن گوزەرا و چ حەز و ئارەزوویەکت هەبوو نەهاتە دی؟
- قۆناغی گەنجێتیم وەک هەر گەنجێکی تری سەردەمی داپڵۆسینی بەعسی عەفلەقی، بە خەم و ئازار بەڕێکردووە. هەرگیز چێژم لە قۆناغی منداڵیی‌و گەنجێتی نەبینیوە کە بەردەوام لەژێر تۆپ و تەیارە‌و کیمیایی دەمانناڵاند و لە ( کونە تەیارە) خۆمان دەشاردەوە. لەبەرئەوەی باوکم پێشمەرگە بوو دوازدە ساڵی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییم لە نۆ قوتابخانە خوێندووە بۆ ئەوەی ئاشکرا نەببین، دوای راپەڕینیش ناسۆرەکان لەسەردەمی دەسەڵاتی کوردی بەردەوام بووە. شەش ساڵ دوای دەرچوونم لە زانکۆ نەیاندەهێشت دابمەزرێم، چونکە پارتی‌و یەکێتی، بەعسئاسا داوای تەزکییەی حزبییان دەکرد، رووداوی ئەنفال و شەهیدبوونی مامەڕیشە، دوو رووداوی سەردەمی گەنجێتین و هەرگیز بیرم ناچنەوە، بەڵام هەر ئەو سەردەمە خۆشتربوو، چونکە پاکیی راستگۆیی و وەفا و سادەیی و بیروباوەڕ هەبوو.


* دەڵێن لەناو کەسایەتییە ئیسلامییەکاندا تۆ کراوەترینیانیت؟
- ئیسلام ئایینێکی کراوەیە، ئەوە ئێمەین بچووکین و درکی گەورەیی ئیسلام ناکەین و بە ناشرینی پیادەی دەکەین. بەداخەوە هێشتا لە (رحمە للعالمین) و گەورەیی ئیسلام  نەگەیشتووین، ئیسلام کۆت و بەندی سەر مرۆڤەکانی هەڵگرتووە، لەم دنیا بەهەشتمان بۆ درست دەکات کاتێ رێز لەیەکتری بگرین و هاوکاری یەکدی بین. ئیسلام گەورەیە بەڵام مرۆڤەکان بە تێگەیشتنی بچووک و کەموکورتیان وێنای نەشیاوی پیشان دەدەین.


* دوو خولە ئەندامی پەرلەمانیت، چێژ و کێشەکانی ئەندام پەرلەمانی چین؟
- پێنج ساڵ و نیوە پەرلەمانتارم، کاتێ یاسایەکی باش دەردەچێ و کارێکی باش دەکەین و مافی ستەملێکراوان وەردەگرینەوە یان بەرەوڕووی خراپە و گەندەڵی دوەستینەوە، ئەوانە مایەی چێژبەخشین و ئاسودەیی و ئارامییە. زۆربەی پەرلەمانتاران بە کاری خۆیان هەڵناسن و سوێندکەیان کەوتووە، چونکە لە بیری رازیکردنی حزبەکانیاندان نەک خەڵک، کاتێکیش کاروبارت لەبەر ناڕوات و لەمپەر  و ئاستەنگت بۆ دروست دەکرێت، مایەی ئازار و نیگەرانییە. بە ئەزموونی خۆم زۆربەی دەسەڵاتداران و بەرپرسان درۆزن و بێ بەڵێن و بێ پەیمانن ( لە ترسی خوا و ترسی خەڵک) بێباک و بێمنەتن.


* کە تەلەفونمان بۆ کردیت وتت کوڕەکەت نەشتەرگەریی بۆ دەکەرێت... هەستی باوکایەتیت چۆنە کاتێ جگەرگۆشەکەت دەبرێتە ژووری نەشتەرگەریەوە؟
- هیچ شتێک هێندەی منداڵ شیرین نییە، لە خودا داواکارم ئازار و ناخۆشی منداڵەکانم بخاتە سەر خۆم،  چونکە تەمەنم لە پەنجا ساڵ نزیک بووەتەوە و بەشی خۆمم ژیان گوزەراندووە. هەرچەندە باوکێکی نموونەیی نەبووم، بەڵام منداڵەکانم لەخۆم زیاتر خۆشدەوێن، داوای بەخشین و لێبوردنیان لێ دەکەم دەبوایە باشتر خزمەتم بکردنایە.


* بە گشتی لە کەشی خێزانیدا بە چ شتێ توڕە دەبی و چ شتێک ئارامت دەکاتەوە؟
- بە دوو شت نیگەران دەبم، خواردن لە کاتی خۆی ئامادە نەبێ، جا خواردنەکە هەرچیبێ کێشەم نییە. هەروەها بەوەش تووڕە دەبم کە دەچین بۆ سەردان خێزانم درەنگ خۆی ئامادە دەکات، بەوەش ئارام دەبم کە رێز لە میوان و دۆست و هاوڕێکانم بگیرێت، حەز دەکەم لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەمیشە گەرموگوڕ و زمانشیرین و بە لوتفبن لەگەڵ میواندا.


* کەسانی وەک تۆ بەهۆی ئیشوکارەوە کاتتان کەمە بۆ هاوسەرەکانتان، ئایا لەمبارەیەوە تووشی گلەیی و سەرکۆنەی خێزانت نەبووی؟
- بە دڵنیاییەوە گلەیی خێزانم لەسەرە. نەک ئێستا، 36 ساڵە من کاری سیاسی و حزبایەتی دەکەم، دەرفەت و کاتی کەمم داوە بە خێزانەکەم و ستەمم لێکردوون و کەمتەرخەم بووم بەرامبەریان، بەردەوام گلەیی ئەوەم لێدەکەن کە هەموو کاتەکانم داوە بە دەرەوەی خێزان، کوڕەکەم لە حەوت ساڵییەوە هەموو شەوێک یەک جۆر پرسیارم لێدەکات کە ئێستا تەمەنی بیست ساڵە: باوکە بەیانی بۆ کوێ دەچی؟ کۆبوونەوەت هەیە؟ پرسە و تەعزیە هەیە؟ چونکە بەردەوام جێمهێشتوون.


* هەندێک لە کادر و مەلا و کەسایەتییە ئیسلامییەکان دەڵێن ژنی دووەم و سێیەم خێرە، لەسەر ئەمە دەڵێی چی؟
- هەموو پیاوێک حەز دەکات ژنی دووەم بهێنی، بەڵام من ناتوانم بەهۆی سەرقاڵیمەوە. ئەگەر راستیتان دەوێت لە تەمەنی 27 ساڵیدا پەشیمان بومەوە کە ژنم هێنا، چونکە لە 23 ساڵیدا ژنم هێنا، خۆزگە ژنم نەهێنایە چونکە مافی ژن  ومنداڵەکانم نەداوە. بەڵام من لایەنگری فرەژنیم بەتایبەت بۆ دۆخی ئەمڕۆ، پشت بەخوا خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەی هەمواری یاسای باری کەسێتیم تا کۆت و بەند و رێگری بەردەم فرەژنی هەڵگیرێ.


* لەگەڵ موزیک و گۆرانیی نێوات چۆنە و زیاتر گوێ لەکێ دەگریت؟
- گوێ لە گۆرانیی و موزیک دەگرم، چونکە بەشێکە لە پێداویستی رۆحیی و دەروونیی مرۆڤ، سەرسامم بە مامۆستا مەزهەری خالقی و حەسەن زیرەک، بەگشتی حەزم لە گۆرانیی کۆن  وکلاسیکە. لەناو تازەکانیشدا گوێ لە عەدنان کەریم و بەهجەت یەحیا دەگرم، خۆیشم گۆرانیی بۆ خێزانم دەڵێم و جارجاریش لە بۆنەکان بۆ دۆستان و هاوڕێیانی دەڵێم، بە زۆری گۆرانییەکانی مەزهەری خالقی و حەسەن زیرەک و عەلی مەردان دەڵێمەوە.


* ئەی لەگەڵ تۆپی پێ نێوات چۆنە و هاندەری کوێیت؟
- لە منداڵیی و تەمەنی 33 ساڵی یاریم دەکرد و زۆربەی کات گۆڵچی بووم، لە تیپی گەڕەک و قوتابخانە و زانکۆدا یاریم کردووە و هاندەری بەڕازیل و ریال مەدریدم.


*زیاتر چ جۆرە کتێبێک دەخوێنیتەوە و بە چ نووسەرێکی کورد سەرسامیت؟
کتێبی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی دەخوێنمەوە و کاتی تایبەتیشم داناوە بۆ شیعر و رۆمان، شەوانە سەعاتێک دەچمە خزمەتی شاعیرانی کلاسیک، زۆر سەرسامم بە شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەس هەروەها لە نووسینیش سەرسامم بە کاک نەوشیروان مستەفا و هەژار موکریانیی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن