هەواڵ

شیرین ئەمین: دۆسیەی گەندەڵی زۆر گەورەمان لەبەردەستە، حکومەت پێکبێت دەیجوڵێنین

02:59 - 09/07/2019 158 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: ئیبراهیم عەلی

مێردەکەی شەش ساڵ لەمەوبەر لەحەوشەی خۆیاندا لە شاری کەلار، لەسەر دژایەتیکردنی گەندەڵی تیرۆرکرا. ئێستا بۆ خۆی سەرۆکی لیژنەیەکی هەستیاری پەرلەمانی کوردستانە کە ئەویش لیژنەی دەسپاکییە.


شیرین ئه‌مین ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان، هاوسه‌ری رۆژنامه‌نووسی تیرۆرکراو كاوه‌ گه‌رمیانییە و ئێستا سه‌رۆكی لیژنە‌ی دەسپاکی و سكاڵایە له‌ په‌رله‌مانی کوردستان. لەم دیدارەیدا لەگەڵ “زەمەن” راشکاوانە دەڵێت: تا ئەوپەڕی توانا دژایەتی گەندەڵی و گەندەڵکاران دەکات.


سەبارەت بە کاری لیژنەکەیان، شیرین وادیارە جارێ رازی نییە، چونکە یاسا دەستی بەستوون و ناتوانن لەو کەیسانەی گەندەڵی بپرسنەوە کە لەناو جانتاکانیاندا هەڵیانگرتوون بەهۆی ئەوەی حکومەتی ئێستا، ئەم خولە متمانەی پێنەداوە بۆیە بۆیان نییە لێی بپرسنەوە.

* له‌ماوه‌ی ده‌ست به‌كاربوونتان له‌ لیژنە‌ی دەستەی دەسپاکی‌، تائێستا كارو چالاكییه‌كانتان چی بوون؟

 - ماوه‌یه‌كی زۆر نییه‌ لیژنە‌كان ده‌ست به‌كاربوون، چونكه‌ ئێمه‌ وه‌ك لیژنە‌ی دەسپاکی له‌ سه‌ره‌تای مانگی چوار یه‌كه‌مین دانیشتنمان ئه‌نجامداوه‌و ده‌ستمان به‌كاره‌كانمان كردووه‌. تائێستاش پێنج كۆبوونه‌وه‌ی ئاساییمان کردووه‌و به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌مان له‌چه‌ندین دۆسێ‌ كردووه‌و به‌ده‌م چه‌ندین سكاڵای هاوڵاتیانیشه‌وه‌ چووین. زۆر سكاڵا هه‌یه‌ ئێمه‌ ئێستا ناتوانین كاری له‌سه‌ر بكه‌ین به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌ی ئێستا هه‌یه‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان متمانه‌ی وه‌رنه‌گرتووه. چه‌ندین دۆسیه‌ی گه‌وره‌مان له‌به‌ر ده‌ستدایە هه‌ر كاتێك کە حكومه‌ت پێكهات، ئه‌و كاتە ده‌توانین كار له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیانه‌ بكه‌ین. 

 

* له‌و ماوه‌یه‌دا زۆرترین سكاڵا به‌ده‌ستتان گه‌یشتبێ له‌سه‌ر چ دۆسێیه‌ك بووه‌؟ 

 - یه‌كێك له‌و دۆسیانه‌ی كه‌ زۆرترین سكاڵای هاوڵاتیانمان له‌سه‌ری به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌، بابه‌تی پێوه‌ری ئاوی ماڵانه‌ كه‌ نا یه‌كسانییه‌كی زۆری تێدایە. له ‌ئه‌نجامی به‌دواداچوونمان، كه‌موكوڕی زۆرمان تێبینی كردووه‌، بۆ نموونه‌ ماڵێكی ئاسایی هه‌بووه‌، 25 ملیۆن دیناری بۆ هاتووەته‌وه‌. ئه‌مه‌ش شتێك نییه‌ به‌رێككه‌وتبێ به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌و سیستمه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ بۆ پێوه‌ره‌كه‌ دیاری كراوه‌. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ماڵێك له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگدا (60) به‌رمیل ئاو به‌كاربێنێ، ئه‌وا بڕی 32 دیناری بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ماڵه‌ ئه‌و 60 به‌رمیله‌ له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگدا بكات به‌ 61 به‌رمیل ئه‌وه‌ بری 122 هه‌زار دیناری بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ واتا زیادبوونی هه‌ر به‌رمیلێك ئاو یه‌كسان كراوه‌ له‌گه‌ڵ چوارهێنده‌ی بڕی 60 به‌رمیل. جا ئه‌م سیستمه‌ وا دانراوه‌ چه‌ند به‌رمیل زیاد بكه‌ی ئه‌ویش هه‌مووجار بۆ به‌شداربووه‌كه‌ نرخه‌كه‌ی جارانی چوار ده‌كات. له‌كوێی دنیا هه‌بووه‌ نرخی یه‌ك به‌رمیل ئاو جارانی چوار به‌رامبه‌ری نرخی 60 به‌رمیل ئاو بكرێت؟ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له ‌لیژنە‌كه‌ی خۆماندا لیژنە‌یه‌كی لاوه‌كیمان بۆی پێكهێناوه‌و له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ر به‌رپرسێكی په‌یوه‌ندیدار پێویست بكات سه‌ردانی ده‌كه‌ین تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌ بۆ هاوڵاتیان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین.

 

*  ئەو كه‌یسە گه‌ورانەی‌ دەڵێی‌ له‌به‌ر ده‌ستتاندایه‌، چین؟

 - دۆسیه‌ی كه‌سی پله‌ به‌رزمان هه‌یه‌ له‌ حزبه‌كاندا ره‌نگه‌ پێویست بكات، حكومه‌ت كارابێ ئینجا بتوانین لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ بكه‌ین.

* لیژنە‌كه‌ی ئێوه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتنی زانیاری به‌چ میكانیزمێك كارده‌كه‌ن؟ ئایا ئێوه‌ سه‌رچاوه‌ی تایبه‌تتان هه‌یه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتنی زانیاری یاخود ته‌نیا چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن كه‌سانێك سكاڵایان هه‌بێ و ئێوه‌ش به‌دواداچوونی بۆ بكه‌ن؟
- به‌پێی یاسا هه‌موو رێوشوێنه‌كان دیاریكراون بۆ چۆنێتی كاركردنی په‌رله‌مانتاران و لیژنە‌كانی په‌رله‌مان. به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێ كه‌سانێك هه‌بن زانیارییمان پێ بده‌ن تا ئێمه‌ش بتوانین به‌دواداچوونی بۆ بكه‌ین. یاخود په‌رله‌مانتار ده‌توانێ سه‌ردانی هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك بكات كه‌ بیه‌وێ و ده‌بێ مه‌له‌فه‌كانی ئه‌و شوێنه‌ی بخرێته‌ به‌رده‌ست تا لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌وه‌ بكات.

 

* له‌ماوه‌ی رابردوو ده‌سته‌ی دەسپاکی هه‌رێم راپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه‌، به‌ڵام ئێوه‌ به ‌راپۆرتێكی پڕ كه‌موكوڕیتان له‌قه‌ڵه‌مدا، ده‌كرێت بزانین ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌ چی بوون؟

 - ئێمه‌ ره‌خنه‌مان له‌شێوازی نووسینی راپۆرته‌كه‌ و شێوازی به‌دواداچوون بۆ كه‌یسه‌كان هه‌بوو. چونكه‌ به‌پێی یاسا، پەرلەمان ده‌سه‌ڵاتی داوه‌ به‌ده‌سته‌ی دەسپاکی كه‌ به‌شێوازێكی وردتر به‌دواداچوون بۆ كه‌یسه‌كان بكات نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا. ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ده‌یتوانی به‌پێی یاسا رۆڵێكی كاراتر ببینێ نه‌ك ته‌نیا كه‌یس بكات به‌راپۆرت به‌ڵكو زۆر كه‌یس هه‌یه‌ ده‌بوو له‌دادگاكان بگه‌یه‌نرایه‌ته‌ ئاستی بڕیاری كۆتایی و یه‌كلایی بكرابانه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر ئاوا به‌كراوه‌یی بمێننه‌وه‌.

بۆیه‌ ئه‌و راپۆرته‌ نه‌ له‌ئاستی چاوه‌ڕوانی په‌رله‌ماندا بووه‌ نه‌ له‌ئاستی چاوه‌ڕوانی رای گشتیدا. بۆیه‌ ئێمه‌ ره‌خنه‌مان لێی گرتووه‌.

تێبینه‌یه‌كی دیكه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و راپۆرته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نیا ناوی دوو وه‌زیر هاتووه‌ كه‌ كه‌یسی گه‌نده‌ڵیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تائێستا ئه‌و وه‌زیرانه‌ بۆ یه‌كجاریش نه‌رۆیشتوونه‌ته‌ به‌رده‌م دادگا و ئه‌ستۆ پاكی خۆیان بكه‌ن. چه‌ندین كه‌یس هه‌یه‌ ماوه‌ی دوو ساڵه‌ له ‌دادگادان به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێك نه‌نراوه‌ بۆ به‌دواداچوون  له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسانه‌، به‌ڵام پێده‌چێ ده‌ستوه‌ردانی حزبیی له‌و كه‌یسانه‌ هه‌بووبێ و حزب رێگرن له‌گرتنه‌به‌ری رێ و شوێنی توند له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ كه‌یسیان له‌سه‌ره‌.

 

* به‌دیاریكراوی كێشه‌تان چییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و راپۆرته‌ی ده‌سته‌ی ده‌ست پاكی؟

 - بۆ نموونه‌ ئێمه‌ له‌كوردستان 170 كه‌یسی گه‌نده‌ڵیمان  هه‌یه‌ به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌، چه‌ند مانگێكی دیكه‌ ده‌بێ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ راپۆرتێكی تر‌ بڵاوبكاته‌وه‌ بۆ رایگشتی بێ ئه‌وه‌ی هیچ كام له‌و كه‌یسانه‌ یه‌كلایی كرابنه‌وه‌. ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت رووبه‌روی ئه‌و دیارده‌یه‌ ببینه‌وه‌ ده‌بێ په‌له‌ بكه‌ین به‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامی كۆتایی له‌باره‌ی ئه‌و دۆسێیانه‌وه‌ و ته‌واوی دۆسێیه‌كان له‌رێی دادگاوه‌ بڕیاری كۆتاییان له‌باره‌وه‌ بدرێت و تۆمه‌تباره‌كان به‌سزا بگه‌یه‌نرێن. 
هیچ شانازی نییه‌ راپۆرته‌كه‌ت ته‌نیا بریتیبێ له‌وه‌ی به‌خه‌ڵك بڵێی ئه‌وه‌نده‌ كه‌یسه‌ له‌دادگا هه‌یه‌. له‌كاتێكدا تۆ نه‌توانی هیچ رۆڵێكت هه‌بێت له ‌یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كه‌یسه‌كان و به‌سزا گه‌یاندنی تاوانباره‌كاندا.

 

* له‌ماوه‌ی رابردوو لیژنە‌یه‌ك له‌په‌رله‌مان پێكهات ده‌رباره‌ی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی ئه‌ركی كڕینی كه‌لوپه‌لی ناو ماڵ بۆ خانووی په‌رله‌مانتاران پێ سپێردابوو، كاره‌كانی ئه‌و لیژنە‌یه‌ به‌كوێ گه‌یشتووه‌؟

 - هه‌م له‌كڕینی کەلوپەل، هه‌م له‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شوقه‌و خانووی په‌رله‌مانتاران كه‌موكوڕی زۆر هه‌بووە. به‌تایبه‌ت كه‌ له ‌میدیاكانه‌وه‌ ئه‌و پرسه‌ وروژێنرا. پێشتریش په‌رله‌مانتاران تێبینییان له‌سه‌ر نرخی کەلوپەله‌كان هه‌بوو كه‌ نرخه‌كان زۆر زیاتربوون له‌نرخی بازار. زۆربه‌ی په‌رله‌مانتاران سكاڵایان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌بوو، نرخه‌كان زۆر زیاتر له‌نرخی خۆی له‌سه‌ر په‌رله‌مان هه‌ژماركراون. دوای ئه‌و کەموکوڕیانە له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ لیژنە‌یه‌كی وردبینی پێكهێنرا، ئه‌و لیژنە‌یه‌ تائێستا له‌كاره‌كانی به‌رده‌وامه‌.

* كاتێ ئێوه‌ به‌ڵگه‌تان هه‌یه‌ له‌كرینی ئه‌و کەلوپەلانه‌ گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌، بۆچی ئه‌و كه‌سانه‌ ناده‌نه ‌دادگا؟

 - قسه‌ی ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاری ئه‌و لیژنە‌یه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ ئه‌و مه‌بله‌غه‌ی به‌هه‌ده‌ر دراوه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی. به‌ڵكو ده‌بێ ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و كاره‌یان له‌سه‌ر ساغ ده‌بێته‌وه‌ توندترین سزا بدرێن له‌رێی دادگاوه‌.

 

* پێتان وایه‌ بتوانن كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ بكه‌ن؟

 - ئێمه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین ئه‌و كه‌سانه‌ سزا بدرێن كه‌ ئه‌و تۆمه‌تانه‌یان له‌سه‌ر ساغ ده‌بێته‌وه‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌كیش كار بۆ سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر ئاستێكدابن.

 

* به‌پێی ئه‌و راپۆرت و زانیارییانه‌ی له‌به‌رده‌ستی ئێوه‌یه‌ كام دامه‌زراوه‌ی حكومه‌ت زۆرترین گه‌نده‌ڵی تیدایه‌؟

 - وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان و وه‌زاره‌تی دارایی زۆرترین رێژه‌ی گه‌نده‌ڵییان تێدایه‌.

* له‌سه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌و دیكۆمێنتان هه‌یه‌؟

 شیرین: به‌ڵێ چه‌ندین دۆسێیه‌ له‌راپۆرتی ده‌سته‌ی دەسپاکی هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌و له‌میدیاكانیش شتی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ له‌رابردوودا.

 

* له‌كۆتایی خولی رابردووی په‌رله‌مان پرۆژه‌ یاسایه‌ك هاته‌ په‌رله‌مان به‌ناوی پرۆژه‌ یاسای چاکسازیی، چاره‌نوسی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ به‌كوێ گه‌یشت؟

 - ئێستا بۆ روبه‌رووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی یه‌كێك له‌ئامرازه‌ زۆر گرنگه‌كان كه‌ ده‌توانین پشتی پێ ببه‌ستین، ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌. ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ ته‌نیا تایبه‌ت نییه‌ به‌یه‌ك پرس بەڵکو پرۆژه‌یه‌كی هه‌مه‌ لایه‌نه‌یه‌و كراوه‌ته‌ مه‌رجی به‌شداری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌كابینه‌ی نۆیه‌م و ده‌بێت دوای ده‌ست به‌كاربوونی حكومه‌ت به‌زوترین كات ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. به‌بۆچوونی من نیوه‌ی ئه‌وه‌ی له‌و یاسایه‌دا هه‌یه‌ جێبه‌جێ بكرێت هه‌نگاوێكی زۆر گرنگ و نه‌وعی ده‌بێ بۆ روبه‌رووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی.

 

* ئێوه‌ هیچ دۆسێیه‌كتان هه‌یه‌ كه‌ دۆسێه‌ی گه‌نده‌ڵی بێت و چاوه‌ڕێی پێكهێنانی كابینه‌ بكه‌ن ئینجا كاری له‌سه‌ر بكه‌ن؟

 - به‌ڵێ، دۆسێه‌ی زۆر گه‌وره‌مان له‌به‌ر ده‌سته‌ به‌تایبه‌ت دۆسێه‌ی نه‌وت و دارایی. به‌داخه‌وه‌ به‌شێك له‌و دۆسێه‌ گه‌ورانه‌ بووه‌ته‌ هۆی وێرانكردنی هه‌رێمی كوردستان.

* هیچ كه‌س هه‌یه‌ به‌رپرسبێ له‌و گه‌نده‌ڵیانه‌و ئێستاش كاندیدبێ پۆستی وه‌زیری وه‌ربگرێت؟

 - وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌میدیاكانه‌وه‌ ده‌بیستین، به‌ڵی هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ ئاشتی هه‌ورامی كه‌ گوایه‌ دیسان ده‌كرێته‌وه‌ به‌وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان.

 

* ئه‌و دۆسێانه‌ چین له‌سه‌ر ئاشتی هه‌ورامی؟
- به ‌دیاریكراوی حه‌ز ناكه‌م ناوبێنم و ورده‌كارییه‌كان باس بكه‌ین تا كاتی خۆی. به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م له‌وه‌ دڵنیاتان بكه‌مه‌وه‌ من له‌هیچ دۆسێه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵی سڵ ناكه‌مه‌وه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌گه‌ر له‌ حزبه‌كه‌ی خۆشمدابێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن