هەواڵ

زەمەن خاڵه‌ گرنگەكانى كارنامه‌ى كابینه‌ی نوێ ئاشكرا ده‌كات

11:33 - 09/07/2019 1446 جار خوێندراوەتەوە

هەر بەرپرسێک بازرگانی و وەبەرهێنان بکات سزا دەدرێت

زەمەن - هەولێر

لەڕێی چەند سەرچاوەیەکی تایبەتەوە “زه‌مه‌ن” خاڵە گرنگەکانی کارنامەی کابینەی نوێی دەستکەوتووە کە ئەگەر جێبەجێ بکرێن، ئەوا لە داهاتوودا ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم بەهێز دەکەن.

 

لەم کارنامەیەدا کە پوختەی پرۆژەکانی گۆڕان و یەکێتی و پارتییە بۆ حکومەت، هەندێ خاڵ و بڕگەی تێدایە کە لە کابینەکانی پێشووتردا نەبوون. بەرچاوترینیان سنووردانان و رێگرییکردنە لە دەستوەردانی بەرپرسان لە کەرتی بازرگانیی و وەبەرهێناندا.

لەو بەشەدا کە رێگریی لە بەرپرسان دەکات هاتووە: نابێ به‌رپرسان كاری بازرگانیی و به‌ڵێنده‌رایه‌تی و وه‌به‌رهێنان بكه‌ن. هەر کەسێک لەمبارەیەوە سەرپێچی بکات، ئەوا تووشی لێپرسینه‌وه‌ دەبێ.

 

لە بەشێکی کارنامەکەدا، تیشک خراوەتە سەر پرسی موچەی وەزیر و پەرلەمانتاران و پلە تایبەتەکان و بەرزکردنەوەی موچەی خانەنشینیی. تێیدا هاتووە: یاسای چاكسازیی سەرلەنوێ ئاماده ‌ده‌كرێته‌وه‌ به ‌فۆرمێكى تازه‌ و ده‌ینێرینه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی کوردستان. ئەمەش به‌مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى موچه‌ به‌رزه‌كان و لابردنى بندیوارو نەهێشتنی دوو موچه‌، هەروەها دادپه‌روه‌ریى له‌ خانه‌نشینى پله ‌تایبه‌ته‌كاندا.

 

لە کارنامەکەدا بەشێکی تەرخانکراوە بۆ‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان، سەبارەت بە رێکخستنەوەو بەهێزکردنیان هاتووە: به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا، له‌ پێناو به‌هێزكردنی سیستمی به‌رگریی و ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی هه‌رێم، پێداچوونه‌وه‌ به‌ میكانیزمی ڕێكخستن و یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆدا ده‌كه‌ین.

 

بچوككردنه‌وه‌ى پێکهاتەی حكومه‌ت، به‌شێكه‌ له ‌كارنامه‌ى ئه‌م كابینه‌یه‌ و هاتووه‌: كاری جدی ده‌كه‌ین بۆ ته‌رشیقی هه‌یكه‌لیه‌تی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌. به‌ شێوه‌یه‌ك، كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان گونجاوبێ، ئه‌مه‌ش به‌ پێی پلانێكی تۆكمه‌ دادەڕێژرێتەوە. 

 

بەپێی کارنامەکە؛ کابینەی نوێ کار دەکات بۆ‌ سه‌رلەنوێ رێكخستنه‌وه‌ى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌، کە رۆڵی وەزارەتی دەرەوە دەبینێ و سەرپەرشتی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکات. لە کارنامەکەدا هاتووە: فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه،‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی یاسایی، دیسان رێكده‌خرێته‌وه‌.

 

سەبارەت بەناوەڕۆکی ئەم کارنامەیە، عه‌لى حه‌مه‌ساڵح سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان، به‌ زه‌مه‌نى راگه‌یاند: كاره‌كانى نووسینه‌وه‌ى کارنامه‌ى حكومه‌ت، ته‌واو بووه‌و ئه‌وه‌ى به‌لاى گۆڕانه‌وه‌ گرنگ بوون، جێگیركراون. 

 

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان وتیشی:” له‌مه‌ودوا ئه‌وه‌ کارنامه‌ى هه‌مووان دەبێ لە حکومەتدا ‌و  گرنگ جێبه‌جێكردنیه‌تى. ئه‌ركى ئێمه‌ش ئەوەیە چاودێری جێبه‌جێكردنى ئه‌و کا‌رنامه‌یه‌ بکەین”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن