هەواڵ

خەرمان هیرانی: کۆمۆنیست هەموو خێزانەکەمانی بردە سەر تەختی شانۆ!

10:07 - 08/07/2019 554 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

خانمە هونەرمەندی شانۆکار خەرمان هیرانی، بۆ زەمەن دەڵێت: ئەوە من نەبووم شانۆم هەڵبژارد، بەڵکو ئەوە شانۆ بوو لە سووچێکی نادیار و فەرامۆشکراوی جیهاندا، منی خستە ئامێزی خۆیەوە.

 


خەرمان منداڵ دەبێ کە لە ئاهەنگەکانی پارتی کۆمۆنیستدا نمایشە هونەرییەکان دەبینێ کە خوشک و براکانی تێیدا بەشداربوون، ئەویش خۆی دەخستە پێشیانەوەو دەیویست لە شتە بچووکەکاندا بەشداری بکات. ساڵی ١٩٧٥ ماڵی خەرمان دەگوازنەوە بۆ سەنگەسەر، لەوێ لەگەڵ خوشکێکیدا بەشداری شانۆییەکی منداڵان دەکات، ئیدی لەوکاتەوە کەڵکەڵەی هونەردەکەوێتە سەری. 

 


هیرانی دەڵێت: لە شانۆدا دەبیت بە کەسێک کە خۆتت خۆشبوێ و بەرهەمەکانت بە منداڵی خۆت بزانی. سەبارەت بە ئاستی ئەو بەرهەمانەی کە پێشکەشم کردوون، دەکرێ هەندێکیان لە هەندێکیان ئەکادیمی تربن، دەکرێ هەندێ بە پێوەرەکانی ئێستا کرچوکاڵ بن، هەندێکیش بە جاویدانی دەمێننەوە.”

 


بنەماڵەی ئەم خانمە هونەرمەندە، کۆمۆنیستێکی سەرسەخت و مۆدێرن دەبن، تەنانەت (خدر هیرانی) باپیریشی کۆمۆنیستێکی چالاک بووە و ئەندامی کۆمەڵەی (دارکەر) بووە کە (دڵدار)ی شاعیر دایمەزراندووە. هیرانی ئەم کۆمۆنیستبوونەی خێزانەکەیان بە کاریگەرییەکی باش وەسف دەکات لەسەر دەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی لە کاری هونەریدا و دەڵێت: کەشی خێزانیی ئێمە، پێداویستییەکانی بزۆزی هونەریی و سیاسی بۆ هەمووان فەراهەم کردبوو، کەس نییە لە خێزانی ئێمەدا نەچووبێتە سەر تەختەی شانۆ، بەڵام هەر من و تەلاری خوشکم درێژەمان بەو ڕێگەیە دا.

 


خەرمان هیرانی هونەرمەند، سەبارەت بە خۆشەویستی دەڵێت: من دایکمم دەپەرست، باوک و براکان و خوشکەکان و شەهید کاوەی برام و ئەو پارتە سیاسییەی کارم تێدا دەکرد خۆشدەویست. نایشارمەوە هەستی ژنێتیم بۆ ڕەگەزی بەرامبەر جوڵاوە بۆچی مەگەر ژیان بێ خۆشەویستی دەبێ؟

 

ئەم خانمە هونەرمەندە توڕەیە لەو دیدەی تەماشای بێوەژنی پێ دەکردێت لە کۆمەڵگەدا، ئەو بە شوورەیی دەزانێت بەو چاوە کەمە لە ژنە شەهیدەکان بڕوانن “ئەوانەی هاوسەرەکانیان بوونە خۆراکی بیابانەکانی عەرەب چین؟ من دایکم بە گەنجی کوڕەکەی شەهید بوو، دوایی هاوسەرەکەشی، ئەو بێوەژن بوو، کاتێک بەسەر ڕێگاکانی ڕانیەدا دەڕۆیشت پیاوان بە پێوە دەستیان بە سنگیانەوە دەگرت، من ژنم و مرۆڤم،  هەموو دیدە پاشڤەرۆیەکانی جڤات توڕ دەدەم”.

 


خەرمان لەگەڵ کارە هونەرییەکانیدا، خۆی بە کابانێکی باشی ناوماڵ دەزانێ و دەڵێت: کابانییش هونەرێکی پڕ سەلیقە و خۆپێگەیاندنە، کاتێ لە بەرهەمێکی باشدا بەشداری دەکەم، کێرڤی کابانیشم دەچێتە سەر و دەستڕەنگینتر دەبم.

 


ئەوەی لە دوور یان نزیکەوە خەرمان هیرانی ببینێ، هەست دەکات هێشتا خانمێکی جوان و گەنج و سەرنجڕاکێشە، بەڵام بەلای خۆیەوە ئەم جوانییەی زۆر جێی بایەخ و سەرنج نییە و پێیوایە جوانیش وەک هەموو شتەکانی دیکە ڕێژەییە “ لاوێتی میلی سەعات دوا دەخات و دەمێنێتەوە، من وەک هەموو کەسێکی دی دەژیم، ئاسایی و سادە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن