هەواڵ

من شاعیر نیم، شیعر قەرز دەکەم.!

06:00 - 08/07/2019 106 جار خوێندراوەتەوە

 

(یەکێ لە هاوڕێکانی زیندانت، کاتێ یادەوەریی جەنابتان دەگێڕێتەوە دەڵێت “زۆر جار لە سوچێکی زیندان بە بێدەنگییەکی قووڵ دادەنیشت و سەری بەسەر کتێب و لاپەڕەو وشەدا شۆڕدەکردەوە، کەم دوو بوو، بەڵام گوێگرو خۆشەویست و گونجاو بوو لەگەڵ زیندانییەکانی تردا. کە پێمان دەوت تۆ شاعیری گەورەی کوردیت، خەندەیەکی کورتی دەکردو دەیوت، من شاعیر نیم، من تەنها شیعر قەرزدەکەم و دەینووسم.! ئەوەش دەڵێن کە بەردەوام شیعریی عەرەبیی و تورکیت خوێندووەتەوە. باس لەوەش دەکرێت زۆرێ لەو شیعرە وەرگێڕاوانەی کۆبەرهەمی شیعرەکانت، لەکاتی زیندان وەرگێڕا بێت و هەندێکیانت لە رۆژنامەی ژین بڵاوکردووەتەوە.)

(لەبارەی شیعری وەرگێڕانەوە وام بە مامۆستا گۆران وت.!)

*لەڕاستیدا، لەسەرەتای ئەم گفتوگۆو دەمەتەقێیەی من و تۆوە، خۆم بۆ پرسیاریی وا ئامادەکردبوو. رەنگە ئەم بابەتە درێژە بکێشێ و بمانبات بۆ سووچی جیاوازو تاریکیی نێو دنیای ئەدەبیات و شیعرم. دەبێ کەمێ هەناسە درێژ بیت، رەنگە هەندێ لە پرسیارەکانیشت، لە ئێستادا نەتوانم وەک خۆی وەڵامت بدەمەوە. یان وەڵامێکت بدەمەوە، تۆ پێی رازی بیت. (مامۆستا گۆران وای وت.!)

- “من شاعیر نیم، شیعر قەرز دەکەم.!” ئەم دێڕەت کەمێ ئاڵۆزو گوماناویی نییە؟ چۆن شاعیر نیت؟ ئەی بۆ بە رچەشکێنی شیعری قۆناغێکی ئەدەبی کوردیت ناو دەبەن؟ ئەمە لە سادەییتەوەیە، یان نهێنیی و تاریکییەکی تێدایەو دەتەوێ بۆ خوێنەرەکانت کەمێ روناکی کەیتەوە؟

*هیچیان... ئەوەی هەیە، شیعرەو من نووسیومە، هەست و سۆزە، ئازاری ناخە، هێرشی وشەو ئازاری جوان بینینەو هیچی تر، کە لاوازم لەبەردەمیانداو ناتوانم خۆمی لەبەردەمدا راگرم و دەینووسمەوە. سوپاس بۆ تۆو بۆ خوێنەرەکانیشم، کە بە شاعیرێکی باش، هێمام بۆ دەکەن.! من وا لە شیعرەکانم گەیشتووم. دڵنیام هەندێ لە شیعرەکانیشم، بەدڵی خوێنەرەکانم نین.

(گۆران، ئەم قسانەی بە جۆش و خرۆشەوە وت، بەس بە دەنگێکی هێواش و ئارام.)

- من قسە لەسەر شیعرە نووسراوەکانت ناکەم، لەپێشتردا زۆر قسەمان لەسەرکرد، بۆچوونی هاوبەش و دیدی جیاوازیشمان هەبوو. قسەم لەسەر شیعرە وەرگێڕاوەکانتە. لە کۆبەرهەمە شیعرییەکاندا، هەندێکیان ناوی شاعیرەکەی بەسەرەوە نییە. نازانین شاعیرەکەی کێیە؟ هەندێکیان گومان دەبەم شیعری خۆت بن و بەناوی وەرگێڕانەوە بۆ خوێنەرت نووسیبێ.! (هەروەک م. حەمەی مەلا کەریمیش گومانێکی لەو شێوەی هەیە.!)

هەروەک شیعری گەڕانەوە لە زیندان کە لە ژمارە (١١٢٤ی ٢٠-١١-١٩٥٢) لە رۆژنامەی ژین بڵاوتکردووەتەوە. نە لە رۆژنامەکە، نە لە دیوانی کۆ بەرهەمە شیعرییەکانتا، ناوی شاعیرەکەی لەسەر نییە. شیعرەکەش بەم شێوەیە دەستپێدەکات:
دەرچووم، دەرچووم بەندم پسان
لەگەڵ هاوڕێ و برادەران
هاتینەوە دەر لە زیندان
دڵپڕ لە کینەی زۆرداران
لەگەڵ ئەوەی شیعرەکە باسی ئازادبوونی زیندانیی دەکات، خۆشت لەو بەروارە لە زیندان ئازادکراویت، ئایا ئەمە بیانوویەک بووە، بەناوی وەرگێڕانەوە بڵاوت کردووەتەوەو شیعری خۆتە؟ یان تەنها محەمەدی مەلا کەریم و من گومانمان پێبردوویت.

یان لە شیعرێکی تریشدا بەناوی “دڵەکەم” بەناوی وەرگێڕانەوە بڵاوت کردووەتەوە، ئەویش ناوی شاعیرەکەی لەسەر نییە؟ شیعرێکی تریش بەناوی “دەربەدەر” نازانین هی کێیە وەرتگێڕاوە.

 

بەپێچەوانەوە دەیان شیعری تری (نازم حیکمەت و مەهدی جەواهیریی و مەعروف ڕەسافیی و جبران خەلیل جبران)ت وەرگێڕاوەو ناویانت خستووەتە سەر شیعرەکان.! ئەم شیعرە بەناو وەرگێڕاوانەی دیوانەکەت، نهێنیی چی تێدایە؟

* (گۆران کەمێ بێدەنگ بوو. دەستی هێنا بە قژە لوولەکەیداو دوودڵیی و دڵەڕاوکێ لە ڕووخساریدا دەرکەوت.)

لەڕاستیدا من هەر لەسەرەتای گفتوگۆکانماندا ئەوەم بە تۆ وت، کە من شاعیر نیم.! 

(ئەم ڕستەیەی مامۆستا گۆران، کەمێ تووڕەبوونی پێوە دیار بوو) تۆ ئەوە دەزانیی من لە جەواهیریی شاعیری گەورەی عەرەب جیاوازترم؟ جەواهیریی نەک شیعریی خۆی، شیعریی زۆری شاعیرانی تریشی لەبەر بوو، بەڵام من کەم شیعریی خۆمم لەبەرە، مەگەر بۆم بخوێنیتەوەو کەمێ لێی ڕابمێنم.
(م. گۆران، بەردەوام بوو لەقسەکردن لەسەر شیعرو شیعرە وەرگێڕاوەکانی)
- دڵەکەم:
ئەوەندەی دەریایەک پڕ دڵەکەم
ئەڵێی هێلایەنە بۆ خەفەت و خەم
هەوارگەم دوور وڵات، دەشتەو بیابان
دڵەکەم بەدبەختەو حاڵم پەرێشان
من خۆشم و نازانم چیم و چیکەرم
بە “لم”ی بیابانا مەرگە ڕابەرم
دەربەدەر:
گۆرانیی “قین ئەڵێم با ڕقم هەڵسێ
ئاغایەک بمێنێ مەیدان بەرنادەم
ئەو کەسەم دەردی خۆی لەبەرد ئەنووسێ
مزگەوتێک جێی”میر”بێ من لێی سەرنادەم
ئەم کۆپلە شیعرانەم بۆ خوێندەوە، کە سەیری ڕووخساریم کرد، تەواو خەیاڵ و هۆشیی ڕۆشتبوو. جارجار دەستی بۆ لاجانەکانی دەبردو سەری بۆ ئاسمان بەرزدەکردەوە، وەک ئەوەی وەحیی بۆ بێت و لە چاوەڕوانییدا بێت.!
(کەمێ بێدەنگیی)

*بیرم نایەت، ساڵێنێکی زۆر پێش ئێستا ئەو شیعرانەم نووسیوە، یان کردوومن بە کوردیی. خۆشم نازانم کامیانە. با بمێنێ بۆ ڕۆژگاریی خۆی و بۆ ئەوانەی دەیانەوێ شیکارو توێکاریی بۆ وشەو دێڕە شیعرەکانی من بکەن. چیترت هەیە لەسەر شیعرە وەرگێڕاوەکانم؟ 

(مامۆستا گۆران وا پرسیاریی لێکردم !)

(گفتوگۆ لەسەر شیعری وەرگێڕاو، درێژەی دەبێت.)

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن