هەواڵ

ڕانیه‌.. سیمینارێك سه‌باره‌ت به‌توندڕه‌وی ئایینی له‌ ڕۆمانی عێراقیدا

01:48 - 08/07/2019 178 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"


توێژەر و خوێندکاری دکتۆرا، سالار تاوگۆزی، باس لە هۆکارو چارەسەرەکانی توندڕەوی ئایینی دەکات.

له‌سیمینارێكدا كه‌ له‌كتێبخانه‌ی ناوه‌نده‌ دیموكراتیه‌كانی راپه‌ڕین له‌ژێر ناونیشانی : (توندڕه‌وی ئایینی له‌ ڕۆمانی عێراقی هاوچه‌رخدا) پێشكه‌شی كرد، توێژه‌ر له‌ بواری ئایین و ئه‌ده‌ب و مامۆستا له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌ددین، سالار تاوگۆزی، له‌ده‌ستپێكی قسه‌كانیدا باسی له‌ پێشكه‌وتنه‌كانی ڕۆمانی هاوچه‌رخ له‌ ڕووی ناوه‌رۆك و هونه‌ری ڕۆماننوسینه‌وه‌ كرد.

له‌سیمیناره‌کەدا كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ڕۆشنبیران و به‌رپرسانی ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین ئاماده‌ی بوون، توێژه‌ر هۆكاری هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌، كه‌ پسپۆڕان و به‌رپرسان، زیاتر له‌ڕووه‌ سیاسی و میدیایی و ئاینیه‌كه‌یه‌وه‌ باسیان له‌توندڕه‌وی ئایینی كردووه‌ و كاردانه‌وه‌ی ئه‌و توندڕه‌ویه‌یان له‌ كۆمه‌ڵگای عێراقیدا له‌ناو گوتاری ئه‌ده‌بیدا، به‌تایبه‌تی له‌ده‌قی ڕۆماندا زۆر فه‌رامۆش كراوه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌گه‌ر له‌ڕووانگه‌ی سوسیۆلوژیای ئه‌ده‌به‌وه‌ بڕوانینه‌ ده‌قی ڕۆمانی هاوچه‌رخی عێراقی، ده‌بینین كه‌ ڕۆماننوسان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر وردتر و قوڵتر شرۆڤه‌ی توندڕه‌وی ئاینییان كردووه‌.

گوتیشی: "ڕۆمان ده‌كرێت وه‌ك دیكۆمێنتێكی میژووی و كۆمه‌ڵایه‌تی واقیعی كۆمه‌ڵگا سه‌یری بكه‌ین" ڕوونیشی كرده‌وه‌ " به‌داخه‌وه‌ ئه‌م دیكۆمێنته‌ گرنگه‌، ئه‌مڕۆ كه‌متر جێگای سه‌رنجی خوێنه‌رانه‌" .

هه‌ر له‌ ئه‌و چوارچێوه‌یه‌دا، تاوگۆزی، ئاماژه‌ی به‌ ئه‌وه‌ كرد كه‌ له‌ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی (53) ڕۆمانی عێراقیدا بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ده‌كرێت ڕۆمانی قۆناغی دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق به‌ (ڕۆمانی توندڕه‌وی) ناو ببه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ له‌ ناو ئه‌و ڕۆمانانه‌دا چه‌ندین بابه‌تی وه‌ك: (كۆچكردن و كۆچپێكردنی به‌زۆری كه‌مینه‌كان، نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، گه‌نده‌ڵی، خیانه‌ت، داگیركاری خاكی عێراق، جاسوسی، ئیزدیواجیه‌تی تاكی عێراقی، بابه‌ته‌ په‌راوێزخراوه‌كان، شكاندنی تابۆی سێكس و ئایین و سیاسه‌ت) و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ وروژێندراون، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ سه‌رێكه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ پیاوی ئایینی و تونڕه‌وه‌ ئاینییه‌كانیشه‌وه‌ هه‌یه‌.

وتیشی: " هه‌ستم  به‌ئه‌وه‌ كردووه‌، له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ دابرانێك له‌نێوان ڕۆشنبیری عه‌ره‌بی و كوردیدا دروست بووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ بره‌وی پێبده‌ین، چونكه‌ په‌یوه‌ندی ڕۆشنبیری و كلتووری به‌گشتی، بناغه‌ی باشبوونی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیشه‌، له‌سه‌رده‌مێكدا كه‌وا كلتووری ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌ویدیكه‌ زاڵه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و به‌گشتی و  كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی به‌تایبه‌تی".

له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ئه‌و توێژه‌ره‌، له‌ڕووانگه‌ی ڕۆمانی عێراقی وله‌سه‌ر بنه‌مای خوێندنه‌وه‌یه‌كی سوسیۆلۆژیانه‌، هۆكاره‌كانی توندڕه‌وی ئایینی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ هه‌ندێك له‌ده‌قه‌ئاینیه‌كان و ته‌ئویلكردنی خراپ بۆیان و نه‌زانی و ڕۆڵی خراپی هه‌ندێك پیاوی ئایینی كه‌ هۆكاری چاندنی تۆوی ڕق وكینه‌ن له‌نێو تاك و پێكهاته‌ ئاینیه‌كانی عێراقدا.

ئه‌مه‌ سه‌رباری ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی و تێكه‌ڵكردنی ئایین به‌سیاسه‌ت و ، پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ و پێكهاته‌ی سایكۆلۆژی تاكه‌كان و  كاریگه‌ری به‌رده‌وامی ڕووداوه‌ خوێناویه‌كانی مێژووی عێراق و تاكڕه‌هه‌ندی له‌بیركردنه‌وه‌و بوغزاندنی ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز له‌ ئایین و مه‌زهه‌ب و تایه‌فه‌گه‌رایی و گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی تاكه‌كان و جوگرافیاو ژینكه‌.

سه‌باره‌ت به‌چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه‌ش، گوتی: " ئه‌وه‌ی تێبینیم كردووه‌، ڕۆماننوسانی عێراق به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ندێك نموونه‌ی پێكه‌وه‌ژیان له‌مێژووی عێراق و پێشكه‌شكردنی كلتووری یه‌كتری قه‌بوڵكردن و فره‌ ڕه‌هه‌ندی له‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاری و بیركردنه‌وه‌و ئاشنابوون و فێربوونی زمان و كلتووری جیاواز و زیندووكردنه‌وه‌ی هه‌ستی نیشتیمانپه‌روه‌ری و خۆشه‌ویستی خاك، ده‌یانه‌وێت توندڕه‌وی ئایینی كۆتایی پێبهێنن، یان هه‌ر هیچ نه‌بێت كه‌می بكه‌نه‌وه‌".

 

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌، سیمیناره‌كه‌ له‌ میدیای عه‌ره‌بی و له‌ناو ڕۆشنبیرانی عێراقدا، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی هه‌بوو. هه‌روه‌ها سالار تاوگۆزی جگه‌ له‌وه‌ی نامه‌ی دكتۆراكه‌ی کە پێشکەشی بەشی عەرەبی کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەلاحەددینی دەکات، سه‌باره‌ت به‌ (كاراكته‌ری ئاینییه‌، كه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی سوسیۆ - كلتووریه‌ بۆ ڕۆمانی عێراقی له‌نێوان 2003- 2016) بۆ ماوه‌ی حه‌وت ساڵ له‌ حوجره‌و مزگه‌وته‌كانی بیاره‌و شاره‌زوور و هه‌ولێر وانه‌ی ئایینی خوێندووه‌و چه‌ندین وتارو توێژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و ئایینی به‌زمانی عه‌ره‌بی و كوردی بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن