هەواڵ

حكومەتێك بــــێ ئۆپۆزسیۆنی کاریگەر

09:26 - 06/07/2019 200 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن- هەولێر

مێژووی دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن بەشێوەیەكی رێكخراو، هاوكاتە لەگەڵ مێژووی دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكەمین بەشداریكردنی ئەو هێزە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە تەموزی٢٠٠٩.

 

لە یەكەمین بەشداریكردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكاندا توانی 25 كورسی بەدەست بهێنێ، لە دوای بەدەستهێنانی رێژەی 24٪ی دەنگەكانی هەرێم، بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونیدا. بەدوای بزووتنەوەی گۆڕانیش هەریەك لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە خاوەنی 16 كورسی پەرلەمانبوون، بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونیانداو رێژەی كورسییەكانی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان گەیشتە 40 كورسی.

 

لە ماوەی ساڵانی 2009 تا 2013 حكومەتی هەرێم رووبەڕووی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز بووەوە هەم لەناو هۆڵی پەرلەماندا هەم لەسەر شەقامیشدا. دوای ئەو چوار ساڵەو بەدوایدا لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتێكی هاوبەش لەنێوان تەواوی هێزەكانی هەرێم، حكومەتی هەرێم بەبێ ئۆپۆزسیۆن مایەوە.

 

بەڵام ئەو هێزانەی پێشتر ئۆپۆزسیۆن بوون بەشداریكردنیان لە حكومەت نەبووە هۆی پاشەكشەی دەزگا میدیاییەكانیان لە گوتاری ئۆپۆزسیۆنبوون.

 

ئێستا دوای هەڵبژاردنەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەر یەك لە یەكگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ و حزبى شيوعى وەك دوو هێزی ئۆپۆزسیۆن خۆیان راگەیاندو رەتیانكردەوە بەشداری پێكهێنانی كابینەی نوێدا بكەن. بەدوای ئەوانیش كۆمەڵی ئیسلامی دوای بێهیوابوونی لە بەشداری پێكردنی لە حكومەت بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوون بۆ ئەو هێزە بووەتە ناچاری.


ئۆپۆزسیۆن و یەكگرتووی ئیسلامی
هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند بەشداری كابینە ناكات و وەك ئۆپۆزسیۆن دەمێنێتەوە.

فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بەرنامەی تایبەتی خۆیان هەیە و دەبنە ئۆپۆزسیۆن و چاودێری كارەكانی حكومەت دەكەن. بۆ ئەمەش چەندین پڕۆژەیان ئامادەكردووە و هەوڵدەدەن لە داهاتوودا كاریان لەسەر بكەن.

مەسعود عەبدولخالق، سەرۆكی دەزگای ستاندەر پێیوایە ئەو دۆخەی ئێستا هەیە دۆخێكی جیاوازەو ئۆپۆزسیۆنبوونیش كاری هێزە ئیسلامییەكان نییە. ئەو دەڵێت: “ئۆپۆزسیۆنبوون بە ئیسلامییەكان ناكرێ، چونكە برایانی یەكگرتوو بەهۆی هەڵوێستەكانی پێشوویان، لەگەڵ هۆكارێكی نێودەوڵەتی كە لەئێستادا هەموو ئەو هێزانەی بە نزیك لە ئیخوان دادەنرێن، فشاری نێودەوڵەتییان لەسەرە. بۆیە ناتوانن لەهەڵوێستەكانیان زۆر توندبن.”

لەلایەکی تر هەر سەبارەت بە یەکگرتوو، كەمال چۆمانی رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی دەڵێت “یەكگرتووی ئیسلامی هێزێكی ئۆپۆزسیۆنە بەتامی دەسەڵات”

چۆمانی زیاتر دۆخی یەكگرتوو شی دەكاتەوەو دەڵێت: “یەكگرتوو بەهۆی ئەو باکگراوندە ئیخوانیەی هەیەتی، ناتوانێ زۆر شت بكات. ئەوان هەمیشە تاڵە موویەك لەگەڵ دەسەڵات دەهێڵنەوە بۆئەوەی لەهەركاتێكدابێ بتوانن لە كێكی دەسەڵات كەرتێكیان بەربكەوێت. بێجگە لەوەش ئێستا یەكگرتوو ترسی هەیە لە داخستن بەهۆی بوونی دەنگۆی خستنە لیستی تیرۆری ئیخوانەوە”.

كۆمەڵ و ئۆپۆزسیۆنی ناچاری
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان تا دوایین چركەساتەكان بەهیوابوو بەشداری لەكابینەی نوێدا بكات، بەڵام پارتی لای خۆیەوە كۆتایی بەو چاوەڕوانیە هێنا.

كەمال چۆمانی سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆنبوونی كۆمەڵی ئیسلامی بە “زەمەن”ی وت: “كۆمەڵی ئیسلامی هێزێكە دەتوانین ناوی بنێین ئۆپۆزسیۆنێكی ناچاری، چونكە كۆمەڵ هێزێكی ئایدۆلۆژیایەو ناتوانێ هێزێكی ئۆپۆزسیۆنبێـ و تا دوایین چركەساتیش هەوڵیدا بەشداری كابینەدا بكات، بەڵام پارتی رێگەی بەو بەشداریكردنەی كۆمەڵی ئیسلامی نەدا”.

سەردەمی ئۆپۆزسیۆنبوونی بزووتنەوەی گۆڕان، بەبۆچوونی چاودێران بە “سەردەمێكی زێڕین” دادەنرێت بۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان، مەسعود عەبدولخالق دەڵێت: “بەپێچەوانەی هەموو ئەو بۆچوونانەی دەڵێن كاریزما مۆدیلی نەماوە، من پێموایە بۆ ئێستای كوردستان كاریزما زۆر زۆر گرنگە. بۆ نموونە تا نەوشیروان مستەفا نەهاتە مەیدانەكە كە كاریزمایەكی زۆر بەهێزبوو كەس باسی كاری ئۆپۆزسیۆنی نەدەكرد، بۆیە هێزی ئۆپۆزسیۆن پێویستی بەكاریزما هەیە. خەڵك زۆر متمانەی بە نەوشیروان مستەفا هەبوو، بۆیە ئەو كارە بەكەسی تر ناكرێت ئەوە شتێكە واقیعەو گوناهی سەركردەكانی تر نییە كە ئەو كارەیان پێ ناكرێت”.

بە بۆچوونی كەمال چۆمانی یەكجار ئۆپۆزسیۆنی جدی هەبووەو دەڵێت: “لەهەرێمی كوردستان بەجدی یەكجار حكومەت ئۆپۆزسیۆنی هەبووە، بەبەراورد بەحكومەتەكانی دیكەی هەرێمیش تاڕادەیەك سەركەوتووتر بوو، لەحكومەتەكانی پێش خۆی و دوای خۆیشی. ئەو كاتە بوو كە بزووتنەوەی گۆڕان لەیەكەم هەڵبژاردن 25 كورسی هێناو دواتر وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی خاوەن بەرنامەو روئیا بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونیدا. بۆیەكەمجار بودجە لەپەرلەمان بەجدی گفتوگۆی لەسەر كرا”.


ئۆپۆزسیۆن و هیوای چاكسازیی
مەسعود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی و سەرۆكی دەزگای ستاندەر سەبارەت بە هەبوونی هیوای چاكسازیی بەهۆی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە دەڵێت: “ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنبوونی بزووتنەوەی گۆڕان ئەزموونێكی زۆر زێرین بوو. ئێستاش ئۆپۆزسیۆن نەماوە هیوای چاكسازیی زۆر لاواز دەبێ. چونكە ئێستا هێزە سەرەكییەكان هەموویان بەشدارن لەحكومەت نەك لەدەرەوەی حكومەت بن”.

 

سەرۆكی دەزگای ستاندەر بێ هیوایە لە ئەنجامدانی چاكسازیی و دەڵێت: “بۆچوونم پێچەوانەی هەموو ئەوانەیە هیوایان هەیە بۆ چاكسازیی، چونكە ئۆپۆزسیۆن زۆر لاوازە. لەئێستاوە دیارە ئەو حكومەتە هیچ چاكسازییەك ناكات، چونكە ئۆپۆزسیۆن نە لەشەقام و نە لەپەرلەمان كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نییە”.

 

رۆژنامەنووس كەمال چۆمانی پێیوایە لەئێستادا ئۆپۆزسیۆن بێ هێزەو دەڵێت: “ئێستا لە قۆناغێكداین ئۆپۆزسیۆن بێ هێزە، میدیای ئازاد بێ هێزە، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بێهێزن و رۆڵێكی كاریگەر ناگێڕن. ئەمەش مەترسیەكی زۆر گەورەیە لەسەر شێوازی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان”.


نەوەی نوێ و ئۆپۆزسیۆن
سەرەتا زۆر بەتوندی دەرکەوتن  وهەڕەشەی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزیان دەکرد، بەلام هێدی هێدی کێشە ناوخۆییەکانیان سیحری بەهێزیی لێ بەتاڵکردنەوە. ئەویش جوڵانەوەی نەوی نوێ بوو بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید.

 

چاودێرانی سیاسی و کاری پەرلەمانیی دەڵێن، كێشەی نەوەی نوێ ئەوەیە كەسیان نییە تا بیهێننە سەر شەقام و کاریگەریی لەسەر ناوندی بڕیار دابنێن. بۆیە لە ئێستاوە چاوەڕێ ناکرێ ئەم جوڵانەوەیە بتوانێ بچووکترین کاریگەری لەسەر سیستمی سیاسی کوردستان دابنێ.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن