هەواڵ

حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان ناوەندی هاوبەش پێکدەهێنن

09:19 - 05/07/2019 100 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

بۆ هەر ئەگەرێک کە لەکاتی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بێتە ئاراوە. بەرپرسانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن دەیانەوێ بە پڕۆژەیەکى هاوبەشەوە، خۆیان بۆ ئەو رووداو و گۆڕانکارییانە ئامادە بکەن کە دێتە ئاراوە.

 

پێنج پارتى رۆژهەڵاتى کوردستان ناوەندێکیان بەناوى “ناوەندى هاوکاری” دروستکردووەو روونی دەکەنەوە، ئامانجیان بنیاتنانی سیستمێکی دیموکراتی فیدراڵیە لە ئێران کە مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد دەستەبەر بکات.

 

ئەو لایەنانە هیوایان لەسەر هەڕەشەو فشارەکانى ئەمریکا هەڵچنیوە تا بەمنزیکانە هێرش بکاتە سەر ئێران و گۆڕانکاری ریشەیی ببین کە یەکەمیان گۆڕینی رژێمی ئێستابێ. لایەنە کوردیەکان لەماوەى رابردوودا سەردانى واشنتۆنیان کردووەو لەگەڵ وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا کۆبوونەتەوە.

 

لایەنە بەشداربووەکانى ناوەندی هاوکاری، سەرقاڵى گەڵاڵەی پڕۆژەیەکن بۆ رۆژهەلاتى کوردستان بۆ ئەوەى ببنە خاوەنى یەک هێزى چەکدارو میدیاى هاوبەش تا خۆیان لەگەڵ رووداوەکانى ئیستاو داهاتووى ئێران بگونجێنن.

 

هەریەکە لە حزبى دیموکراتى کوردستان و حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران و سازمانى خەباتى کورستانى ئێران و کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى کوردستان، ئەندامى ئەو ناوەندەن. بەرپرسانیان دەڵێن لەسەر دروستکردنى ئەو هێزە چەکدارییە یەکدەنگن بڕیار وایە بەمنزیکانە لەسەر هێزە هاوبەشە رێکبکەون. بەڵام نایشارنەوە کارەکانیان زۆر بە سستى بەڕێوە دەچێ. 

 

محەمەد ساڵح بەرپرسی پەیوەندییەكانی حزبی دیموكراسی كوردستانی ئێران بە “زەمەن”ى وت: “گۆڕینی ستراتیژی واشنتۆن لەبەرامبەر ئێران لە ڕووی كردارییەوە، لای ئێمە گرنگە. ئەو هەنگاوە كردارییانەی ئەمریكا لە داهاتوودا لەبەرامبەر ئێران پەیڕەویان دەكات گرنگن، جا لەڕێگای ڕاستەوخۆی ئێمەوەبێ یان لەڕێگای هاوپەیمانەكانی واشنتۆنەوەبێ لە ناوچەكەدا. بۆیە ئێمە حساب لەسەر هەنگاوە كردارییەكانی ئەمریكا دەكەین”.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، پێش ئەوەی ئەمریكا ستراتیژی خۆی لەبەرامبەر ئێران بگۆڕێ، ئەوان وەک حدکاو پارتەکانى ترى رۆژهەڵات، ساڵانێكە خەباتی خۆیان دژ بە ئێران درێژە پێداوەو لە داهاتووشدا بەردەوام دەبن بێ ئەوەی پشت بە هیچ وڵاتێکی دەرەکیی ببەستن. 

 

دانا رۆھرباكەر، کە ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكایە لەمیانی وتارێكدا لە کۆنگرێسى وڵاتەکەى رایگەیاند، ژمارەی كورد لە ئێران زۆر زیاترە لە ژمارەی كورد لە عێراق و سوریا، بەهۆی ئەوەی كوردانی ئێران ژمارەیان زۆرە، بۆیە ئێستا كاتی ڕزگاركردنیانە لەژێر فەرمانڕەوایی ئێراندا.

 

رۆھرباكەر ئاماژەى بەوەشکردووە، بابەتەکە تەنیا چەکى ئەتۆمى نییە، بەڵکو پێشێلکردنى مافى گەلان ئێران و چەوساندنەوەیانە، داواشى لە ئیدارەى ترەمپ کردووە کورد بخاتە پلانە ستراتیژەکەیەوە.
عەلى بداغى، ئەندامى رێبەرى حزبى دیموکراتى کوردستان-حدک باس لەوە دەکات، ئەم دۆخەى ئێستا لە ئێران دروستبووە کە بە ئاڕاستەى لاوازکردنى ئێران لەدەرەوەو ناوخۆ دەڕوات، دەرفەتى بۆ کوردو نەتەوەکانى تریش رەخساندووە تا سود لەو لاوازییە وەربگرن.

 

ئەندامى رێبەرى حدک بۆ “زەمەن” وتى: “ئێمە لە ناوەندى هاوکارى حزبەکانى رۆژهەڵات خەریکى پڕۆژەیەکین بۆ قۆناغى پێش رووخان و دواى رووخانى رژێمى ئێران لەگەڵ لایەنەکانى تریش یەکتر بینین و گفتوگۆ هەیە کە بتوانین لە ئاست داواکارییەکانى خەڵکى رۆژهەڵات و ئەو دۆخەدا بین کە هاتووەتە پێشەوە”.

 

بداغى ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵەکانى ئەوان بۆ دروستکردنى یەکڕیزى و یەکگوتارییە لە رۆژهەڵاتدا، چونکە پێیوایە تا کورد یەکڕیز نەبێ و خاوەنى پڕۆژەى خۆى نەبێ، ئەمریکاو ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى نازانێ مامەڵە لەگەڵ کێ بکات.  

 

مانگى نیسانى ئەمساڵ، ئەمریکا لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێران کۆبووەوەو داوا لەو لایەنانە کرد کە پڕۆژەیەکى هاوبەش بۆ داهاتووى ئێران ئامادە بکەن. هەرچەندە ئەمریکا بەڵێنى رووخانى رژێمى ئێرانى بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێران نەداوە، بەڵام داواى لێکردوون یەکدەنگ و خاوەنى یەک پڕۆژە بن.

 

سكرتێری كۆمەڵە پێیوایە کە ئەوەى روودەدات تەنیا فشارێکە بۆ راکێشانى ئێران بۆ سەر مێزى گفتوگۆ نەک چاککردنى دۆخى ژیانى خەڵکى ئێران، بۆیە بە کارێکى راستى نازانێ دڵ بە فشارو پشتیوانییەکانى ئەمریکا خۆش بکرێت.

 

ئیبراهیم عەلى زادە سكرتێری كۆمەڵە- رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران بە “زەمەن”ى رایگەیاند: ئۆپۆزسیۆنى ئێران و لەناویشیاندا ئەو پارتانەى لەناوەندى هاوکاری حزبەکانى رۆژهەڵاتن، خۆشباوەڕانە هەموو شتێکیان لەسەر سیاستەکانى ئەمریکا بنیات ناوە. هەموویان بەو ئومێدە دانیشتوون ئەمریکا رژێم بڕوخێنێ، بەڵام تائێستا ئەمریکا بڕیارى نەداوە لەدژى ئێران کارتى ئۆپۆزسیۆن و کورد بەکار بێنێ”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن