هەواڵ

نرخی بلیت !

08:56 - 04/07/2019 30 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

دڵشاد حسێن


لە گوندێکی سویسرا، شانۆیی ڕۆمیۆ و جولێت بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ پێشکەش دەکرێت، ئەوەی جێی سەرنجە ئەم شانۆییە لە گوندێک پێشکەش دەکرێت، نرخی بلیتی نزیکی ٤٥ دۆلارە، کەواتە ئەگەر شارستانی پێشبکەوێت جیاوازی گوند و شار کەمدەبێتەوەو ئیتر شانۆ تەنها سیمای شارە گەورەکان نییە. ئەکرێت شانۆ سیمای گوندیش بێت، بینەران لە شارەکانەوە بچنە گوند و شانۆ ببینن لە کەشوھەوایەکی سروشتیدا، سەرنجی دووھەم نرخی بلیتە، کە ئەگەر بۆ ھەر ڕۆژێک لانی کەم ٢٠٠ بلیت بفرۆشێت “کە زیاتریش دەفرۆشێت” ئەوا ڕۆژی ٩٠٠٠ دۆلار دەفرۆشرێت و بۆ ٤٥ ڕۆژ بڕی ٤٠٥ ھەزار دۆلار داهاتی دەبێ. ئەمە رێگایەکە بۆ ئەوەی شانۆ لەسەر بودجەی خۆێ بژی و گەشە بکات، لەم ڕۆژانەدا لە شاری کۆڵن شانۆگەریی “شۆڕش مناڵەکانی خۆی دەخوات” م بینی، نرخی بلیتی ٤٨ ئێرۆ بوو، ئەو ڕۆژە زۆر کەس بلیتی دەستنەکەوت، لە کاتی چونە ژورەوە بە فزولی بە ئەڵمانیی لە بینەرێکم پرسی: (پێت وا نییە نرخی ئەم بلیتە گرانە؟ لە وەڵامدا وتی نەخێر بۆ من گران نییە، پارەی دوو ژەم نانخواردنی دەرەوەمە، ئێ خۆ لە مانگێکدا ژەمێکیش خواردنی رۆح و مێشکمان پێویستە کە بینینی شانۆیە.) وەڵامەکەی زۆر مانادار بوو، بۆیە ئەگەر گۆمەڵگەیەکی ساغڵەم بین، لە مانگێکدا پارەی ژەمێک خواردن چی ئەکات ئەگەر بیدەین بە ژەمێک خواردنی عەقڵ و ڕۆحمان؟ بۆیە پێموایە بۆ ئەوەی شانۆ ئەو ژەمە ڕۆحی و عەقڵییە بێت، ھەمومان ئەتوانین پارەی ژەمێک خواردن ببەخشین کە ھەم خۆمان تێر ئەبین و ھەم شانۆش بە ڕێگای سروشتی خۆی بەردەوام دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن