هەواڵ

كامه‌ران بابانزاده: مامۆستا عەلی باپیر هێشتا منافیسی بۆ دروست نەبووە

08:28 - 04/07/2019 412 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: سەرچین ساڵح

 

کامەران بابانزادە، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی لەم دیدارەی “زەمەن”دا، بە وردی باسی هەنگاوەکانی بەستنی کۆنگرەو کێشەو ئاستەنگەکانی بەردەم کۆمەڵی ئیسلامی دەکات و دەڵێت: دەبێ بۆ ئەم قۆناغە پڕ لە هەستیارییە، کۆمەڵی ئیسلامی هەنگاوی زیاترو جدیتر بنێ.


* سه‌ركردایه‌تیتان بڕیاریدا، لیژنه‌یه‌كی حه‌وت كه‌سیی له‌ماوه‌ی مانگێكدا راپۆرتێك بۆ كۆنگره‌ ئاماده‌ بكه‌ن، کاری ئه‌و لیژنه‌ چیه‌و له كێ پێكهاتووه‌؟
- له‌ كۆبونه‌وه‌ى رابردووى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵى ئیسلامیدا لیژنه‌یه‌ك پێكهات بۆ دانانى پرۆژه‌یه‌ك بۆ شێوازى به‌ستنى كۆنگره‌. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ده‌هێنرێتە كۆبوونه‌وه‌ى ئاینده‌ى سه‌ركردایه‌تى بۆئه‌وه‌ى گفتوگۆى له‌سه‌ر بكرێت، ئه‌م حه‌وت كه‌سه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامانى مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تى پێكهاتووه‌.

 


* كۆنگره‌ی ئه‌مجاره‌ ده‌بێ كۆنگره‌یه‌كی جیاوازبێ یان هه‌ر زیادكردنی ره‌قه‌مێكە بۆ سه‌ر كۆنگره‌كانی تر ؟
- ئه‌ندامانى مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تى و جه‌نابی مامۆستا عه‌لی باپیریش له‌ مێژه‌ ئه‌مه‌ ده‌رده‌شه ‌ده‌كه‌ین، ئه‌م كۆنگره‌ كۆنگره‌یه‌كى زۆر جیاوازبێ له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ بارودۆخێكى جیاوازدا ده‌ژین به‌راورد به‌ كۆنگره‌كانى تر. له‌ڕووى سیاسیه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆنبوون جۆرێك شپرزەیی پێوه‌ دیاره‌ ،به‌شداریكردنى راسته‌قینه‌ له‌ حكومه‌ت قورس بووه‌، بۆئه‌م قۆناغه‌ى تێیدان له‌ڕووى ئه‌وه‌ى جیلێكى تازه‌ پێگه‌یشتووه‌ بۆ كارى سیاسی‌و چۆن ده‌توانرێت مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت‌و بارودۆخى ناوخۆى حزب هه‌مووى ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كۆنگره‌یه‌كى زۆر نه‌وعیی بكرێت، ئه‌گه‌ر ته‌نیا ژماره ‌زیادكردن بێ ئه‌وا ناتوانێ گۆڕانكارى بكات بۆ كۆمه‌ڵى ئیسلامى.

 


* ئه‌و پرسه‌ گرنگ و پێویستانه‌ چین كه‌ له‌ناو ناوه‌نده‌كانی حزبتاندا باسده‌كرێن كه‌ له‌كۆنگره‌ بڕیاره‌ بوروژێنرێن؟
- ده‌بێ چاوه‌ڕێى ئه‌و پرۆژه‌یه ‌بكه‌ین‌و هه‌موومان هاوكاربین له‌گه‌ڵ ئه‌و لیژنه‌یه‌دا، ده‌بێ له‌ پرۆژه‌یه‌كه‌دا باسبكرێت چۆن ده‌چینه‌ كۆنگرەوە. پرۆژه‌كه‌ به‌شێكیان تایبه‌تن به‌ گۆڕانكارى ناوخۆ‌و كێ به‌شدارى كۆنگره‌ ده‌كات، پێشتر به‌رپرسی مه‌ڵبه‌نده‌كان له ‌سنوورى خۆیاندا هه‌ڵبژێردراون ئه‌مجاره‌ له‌ سه‌ركردایه‌تى هه‌ڵده‌بژێردرێن‌و دابه‌ش ده‌كرێن به‌سه‌ر مه‌ڵبه‌نده‌كاندا. ئه‌نجومه‌نى سیاسی كۆنگره‌ هه‌ڵى ده‌بژارد نه‌ك ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى ئه‌مجاره‌ درێژه‌ى پێده‌ده‌ین یان نا، واته‌ شێوازى ئیداره‌دانى حزب‌و دسه‌ڵاته‌كان سه‌رنجى زۆرى له‌سه‌ره‌ له ‌ماوه‌ى ئه‌م دوو كۆنگره‌یه‌دا چی کراوە.

 


* روانینی شه‌خسی خۆت له‌سه‌ر لابردنی پاشگری ئیسلامی بۆ حزبه‌كه‌تان چیه‌؟ 
- قه‌ناعه‌تى شه‌خسیم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م پاشگره‌ وه‌كو كو‌لتوور ماوه‌ته‌وه‌و هیچ پیرۆزییه‌كى شه‌رعیى‌و مێژوویى پێوه‌ نییه‌. به‌ڵام بووه‌ته‌ نه‌ریتێك‌و جۆرێك له‌ پیرۆزیى وه‌رگرتووه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانه‌وه‌، ئایا ئه‌مه‌ لاببرێ یان بمێنێته‌وه‌؟ ده‌بێ له‌ چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌كدابێ بۆ زیاتر به‌ جه‌ماوه‌ریكردنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى. له‌و نێوه‌نده‌شدا ئه‌و ناوه‌ رێگربێ له‌و فراوانكردن‌و به‌ جه‌ماوه‌رىكردنه‌دا لاببردرێت، ئه‌گینا سیحرى گۆڕانكارى‌و به‌ره‌و پێشچوون ته‌نیا له‌لابردنى ئه‌م ناوه‌ یان لانه‌بردنیدا وا گرنگ‌ نییه‌.

 


* قسه‌و باسیش له‌سه‌ر گۆڕینی دەستەواژەی ئه‌میر هه‌یه‌ كه‌ كۆنگره‌ بیكات به‌ ناوێكی تر؟
- ئه‌میر له‌ جه‌ماعه‌ته‌كانى داعش‌و ئیسلامییه‌ چه‌كدارییه‌كاندا هه‌یه‌، كۆمه‌ڵى ئیسلامى كاتێك ئه‌م ئه‌میره‌ى داناوه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى كۆنگره‌ى یه‌كبوونه‌ له‌ ساڵى 2000 و شتێکی تازه‌ نییه‌. مامۆستا بۆ خۆیشى هه‌وڵێكى زۆرى ‌دا كه ‌ئەم دەستەواژەیە لابدرێ، به‌ڵام ده‌نگى زۆرى نه‌هێنا. ئەو بێزاربوو ئه‌و ناوه‌ى پێوه‌بێ‌و داوایکرد بگۆڕێت بۆ ناوێك له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه‌دا بگونجێ و جۆرێك له‌ هاوچه‌رخیى پێوه‌دیاربێ.

 


* مامۆستا عه‌لی باپیر وا نزیكه‌ی 20 ساڵه‌ ئه‌میره‌، شتێکی وا لە ئارادا هەیە کەسێکی تر جێی بگرێتەوە؟
- ئه‌گه‌ر تێبینیمان كردبێ بۆ كه‌سی یه‌كه‌مى حزبه‌ سیاسییه‌كان راسته‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ناته‌واوییه‌ له‌ به‌رنامه‌ى كه‌سی یه‌كه‌م یان ناته‌واوییه‌ له‌ به‌رنامه‌ى حزبه‌كه.‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ منافسى گه‌وره‌ بۆ كه‌سی یه‌كه‌م دروست نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵى بڕواته‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، مامۆستا عه‌لی باپیریش تائێستا مونافسی بۆ دروست نه‌بووه‌، ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى مانه‌وه‌ى مامۆستا به‌ زه‌رور تێده‌گه‌ن، هێشتا ئه‌م باسه‌ نه‌هاتووه‌ته‌ ناو گفتوگۆوه‌‌و مامۆستا خۆیشى نه‌ى وروژاندووه‌، كۆنگره‌كانى رابردوو مامۆستا داكۆكى كرد نه‌مێنێته‌وه‌ به‌ڵام كۆنگره‌ مانه‌وه‌ى ئه‌وى به‌ زه‌رور زانیوە، ئایا  كۆنگره‌ی داهاتوو كه‌سێكى تر هەڵدەبژێرێ یان مامۆستا ده‌مێنێته‌وه؟‌ هێشتا ئەمە نه‌هاتووه‌ته‌ به‌رباس.

 


* ئێوه‌ چاوه‌ڕوانی چیتان له‌ كۆنگره‌ی داهاتوو هەیە؟
- ئه‌م قۆناغه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌ قۆناغه‌كانى رابردوو، پێشتر رێڕه‌وى كارى سیاسی زۆر رۆشن بووه‌، كارى سیاسی‌و گوتارى سیاسی كۆمه‌ڵ رۆشنتر بووه‌، له‌م كاته‌دا له‌برى ناكۆكى نێو ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات دوو ئیداره‌یى زه‌قبووه‌ته‌وه‌، ئه‌و هێزانه‌ى پێشتر ئۆپۆزسیۆن‌و  هه‌ماهه‌نگبوون جۆرێك له‌ په‌رتبوونیان تێدایه‌. ئه‌و جیله‌ى پێگه‌یشتووه‌ به‌ڵام شێوازى به‌ڕێوه‌بردنى ئێمه‌و ده‌موچاوه‌كان كۆنن، به‌شێك له‌ رێكخراوه‌كانمان كۆمه‌ڵى ئیسلامى ره‌خنه‌باران ده‌كه‌ن.

 


* ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ سه‌ركردایه‌تی و كادیرانتان له‌ ده‌ڤه‌ری هه‌ولێرو شوێنه‌كانی تر  ده‌ستیانله‌كاركێشایه‌وه‌. به‌ڵام ناوه‌ندی بڕیاری حزبه‌كه‌تان سیاسه‌تی بێده‌نگبوونی هه‌ڵبژارد، ئه‌و گرفته‌ وه‌ك خۆی ماوه‌؟
- سیاسه‌تى بێده‌نگبوون نه‌بێ، ئه‌وه‌ى ده‌ستى له‌كاركێشایه‌وه‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن بڵاوى كردووەته‌وه‌، سه‌ركردایه‌تى له‌ گرتنه‌به‌رى هه‌ر رێوشوێنێك بۆ ئه‌م ده‌ستله‌كار كێشانه‌وانە نه‌چووه‌ته‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ى روویدا‌وه ‌ته‌نیا له‌سه‌ر ئیداره‌دان بووه‌ پێویسته‌ له‌كۆنگره‌ چاره‌سه‌ر بكرێن هیچ جیاوازى فیكریى یان ده‌ستى ده‌ره‌كیى نه‌بووه‌. 

 


* ئه‌وانه‌ وه‌كو كۆمه‌ڵ ماون؟
- كه‌سانێك كه‌ خه‌مخۆرى كۆمه‌ڵى ئیسلامین ناوبژیوانن له‌ نێوان ئه‌وان‌و مامۆستا عه‌لی باپیرو ئه‌نجومه‌نى سیاسی دا، هه‌نگاوى باشی بڕیوه‌ چاوه‌ڕێى زیاتر ده‌كه‌ین، ئه‌وان هه‌ندێك مه‌رجیان هه‌بوه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ مه‌رجه‌كان له‌ تاوتوێكردندایه‌ له‌م نزیكانه‌دا ده‌گه‌ین به‌ ئه‌نجامێك له‌ نێوان قبوڵكردنى ئیستقاله‌كانیان یان قبوڵكردنى مه‌رجه‌كانیان.

 


* ده‌وترێت نیگه‌رانن له‌ تاكڕه‌وى ئه‌میرى كۆمه‌ڵى ئیسلامى؟
- مه‌رجه‌كان ره‌نگه‌ بۆ راگه‌یاندن نه‌شێ بڵایان بکەینەوە، مه‌وزوعه‌كه‌ تاكڕه‌وى مامۆستا نییه‌ له‌وانه‌یه‌ نیگه‌رانبن له‌ هه‌ڵوێستى مامۆستا. ده‌بێ جدى تربێ له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێو حزب، گرفتى ئێمه‌وه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ مامۆستا تاكڕه‌وه‌ گرفتمان ئه‌وه‌یه‌ ته‌داخولاتى كه‌مه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان. 

 


* حەوت مانگه‌ کۆمەڵ چاوه‌ڕێی پارتی ده‌كات بۆ بڕیاردان له‌ بەشداریکردنی لە حكومه‌تدا، خۆت بۆ ئەم سیاسەتکردنە چی دەڵێی؟
- ئێمه‌ رێكارێكى یاسایی‌و نه‌ریتى سیاسی ته‌ندروستمان هه‌ڵبژاردووه،‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ واقیعى كۆمه‌ڵگاى ئێمه‌یه‌ له‌م جۆره‌ حاڵه‌ته‌ تێناگات. په‌رله‌مانێك هه‌ڵبژێردراوه‌ ده‌بێ كابینه‌ى حكومه‌ت دروستبكات ده‌بێ له‌سه‌روبه‌ندى دروستكردنى كابینه‌ى نوێ دا ئه‌م بڕیاره‌ بدرێ نه‌ك له‌ پێشتر یان دواتردا. له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى ‌و لێدوانه‌كانى مامۆستادا ده‌توانین بڵێین كه‌ كۆمه‌ڵ به‌شدارى ئه‌م كابینه‌یه‌ ناكات، به‌ڵام به‌چی زمانێك ئۆپۆزسیۆنبوون هه‌ڵده‌بژێرێ و چۆن ته‌نسیق له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كاندا ده‌كات؟ هێشتا نه‌چووه‌ته‌ ئه‌و ورده‌كارییه‌وه‌.

 


* بۆچی پارتی ره‌غبه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ ئێوه‌ لاوازه‌؟
- پارتى به‌رژه‌وه‌ندى سیاسی خۆى هه‌یه،‌ دیاره‌ پێیوایه‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌ ئه‌جێنداى كارى ئه‌و له‌ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت دا نایه‌ته‌وه‌، ئه‌م ئه‌م سیاسه‌ته‌ى ئێمه‌ هه‌مانه‌ نه‌مان شاردووه‌ته‌وه‌ پارتى ئه‌وه‌ى پێ باش نییه‌.

 


* له‌گه‌ڵ یه‌كێـی نێوانتان چۆنه‌؟
- ئه‌مجاره‌ پێمانوایه‌ ناكۆكییه‌كانى پارتى‌و یه‌كێتى زه‌قترن له‌ جاران. یه‌كێتى ده‌یه‌وێ مامه‌ڵه‌یه‌كى جیاواز بكات له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا له‌ رابردوو له‌گه‌ڵ پارتی دا جیاواز نه‌بووه‌ له‌گه‌ڵماندا به‌ یه‌ك مه‌سافه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كردووین، هێشتا زووه‌ با به‌شدارى حكومه‌ت بكه‌ن ئه‌وه‌ش روون ده‌بێته‌وه‌.

 


* ئه‌و نزیكییه‌تان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆستانه‌ی به‌غدا بوو؟
- بێجگه‌ له‌ راوێژكارێكی سەرۆک کۆمار هیچ پۆستێك له‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار وه‌رنه‌گیراوه‌، به‌شێكى تر له‌لایه‌نه‌كان راوێژكاریان پێدراوه‌، به‌شێكیان به‌ گرێبه‌ستن ئه‌م پۆسته‌ش هێنده‌ گرنگ نییه‌ ئێمه‌ بێین نزیك ببینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى.

 


* ده‌وترێ هه‌م ده‌سه‌ڵات خێروبێری نه‌ماوه‌، هه‌م ئۆپۆزسیۆنبوونیش لای خه‌ڵك ره‌ونه‌قی نه‌ماوه، ئەی دەبێ‌ چی بكرێ؟
- ئێمه‌ له‌به‌رده‌م قۆناغێكى زۆر هه‌ستیارو به‌رپرسیارانه‌داین، وه‌كو گۆڕان‌و یه‌كگرتوو و لایه‌نه‌كانى تر، ده‌بێ باشتر بیربكه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ ئاوازى ئۆپۆزسیۆنى رابردوومان ئه‌و ره‌ونه‌قه‌ى نه‌ماوه‌ له‌به‌رده‌م ده‌نگده‌ردا ئه‌و ئومێده‌ى به‌ خه‌ڵكمان دابوو كه‌ گۆڕانكارى راسته‌قینه‌ ده‌كه‌ین یه‌كێتى‌و پارتى ده‌ده‌ینه‌ دادگا سوپاو ئاسایش ده‌كه‌ین به‌ نیشتمانیى، ئه‌مانه‌مان پێنه‌كرا. ئایا ئه‌مه‌مان پێده‌كرێت درێژه‌ى پێبده‌ین له‌ رێگه‌ى فشاره‌وه‌ به‌شدارى راسته‌قینه‌ى حكومه‌تیش زه‌حمه‌ته‌؟ بۆیه‌ له‌وانه‌یه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ى لاى من نه‌بێ به‌ڵام هه‌ریه‌ك له‌ به‌شدارى یان ده‌ره‌وه‌ هه‌ردووكیان بۆ غه‌یرى یه‌كێتى‌و پارتى بڕیارێكى قورسه‌.

 


* له‌سه‌روبه‌ندى كۆبوونه‌كانى پارتى و گۆڕان‌ بۆ به‌شدارىكردن له‌ حكومه‌ت، هه‌ڵمه‌تێكى ره‌خنه‌یی توند کرایە سەر گۆڕان، پێتوایه‌ ئه‌و ره‌خنانه‌ له‌جێى خۆیدا بوون؟
- پێموایه‌ ره‌خنه‌كان زووبوون، ده‌بوا‌ رێگه‌ بدرایه‌ به‌شدارى حكومه‌ت بكات ئایا رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت؟ نابێ پێش رووداوه‌كان بكه‌وین‌و پێمانوابێ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان بووەته ‌شه‌ریكى ئه‌و ناته‌واوییانه‌ى كه‌ پارتى‌و یه‌كێتى لێى به‌رپرسن. هێشتا به‌شدارى حكومه‌تى نه‌كردووه‌‌و پۆستى وه‌رنه‌گرتووه‌ تا ببێته‌ شه‌ریك ئه‌مه‌ پێشبینه‌یكى خراپه‌، پێمانوایه‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان‌و كاردو هه‌ڵسوڕاوه‌كانیان هێنده‌  ته‌سلیمى ده‌سه‌ڵات نابن، ئه‌گه‌ر بزانن گۆڕانكارییان پێناكرێت چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ببێتەوە به‌ ئۆپۆزسیۆن چونكه‌ ستایلى گۆڕان وا هاتووه‌ بۆ گۆڕانكارى دروستبووه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن