هەواڵ

بەرپرسانی هەرێم 100 هەزار پاسەوانیان هەیە

12:29 - 02/07/2019 467 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

ژماره‌ی پاسه‌وا‌نانی به‌رپرسانی حكومیی‌ و حزبیی له‌ هه‌رێمی كوردستان نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 100 هه‌زار پاسه‌وان، کە ئه‌و رێژه‌یه‌ش به‌ده‌ر له‌ یاساو رێنمایی زیادیان كردووه‌. به‌شێكی زۆری ئەو پاسەوانانە بندیوارن‌و به‌رپرسان موچه‌كانیان ده‌به‌ن بۆ خۆیان.

 

له‌كاتێكدا ئاسایش‌و سه‌قامگیری هه‌رێم‌و دڵنیاییدان له‌ پاراستنی سه‌روماڵی هاوڵاتیان، بانگه‌شه‌ی هەمیشەیی به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستانه،‌ کەچی له‌ خودی ئه‌و به‌رپرسانه‌وه‌ تاده‌گاته‌ به‌رپرسانی خواره‌وه‌ بە به‌رپرسی‌ سه‌ربازیی‌و ئه‌منیی و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تییەوە،   ژماره‌یه‌كی زۆر پاسه‌وانیان به ‌دواوه‌یه.

ژمارەکان دەشاردرێنەوە
ئه‌یوب عه‌بدوڵڵا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ‌و ئاسایش بوو، بۆ ‌“زه‌مه‌ن” دەڵێت: “ تائێستا داتا‌یه‌كی ورد و سەلمێنراو نییه‌ له‌سه‌ر ژمارەی پاسه‌وانی به‌رپرسان‌ چونکە ئەوان ژمارەکان ده‌شارنەوە‌. ته‌نیا شتێک هەبێ ژماره‌ی پۆلیسی پاسه‌وانییە کە 45 هه‌زار پۆلیسن، زۆر له‌و ژماره‌یە زیاتر له‌ یه‌كه‌كان و هێزه‌كانی ناوخۆ، پاسه‌وانی به‌رپرسانن. سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی و لیواكانی سكرتاریه‌ت هه‌ن، به‌گشتی ژماره‌ی پاسه‌وانانی به‌رپرسان نزیكه‌ی 100 هه‌زار کەس ده‌بن”.

 

وتیشی: “سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی و سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی، زۆرترین پاسه‌وانیان هه‌یه‌ کە له‌ چوارچێوه‌ی لیوادان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی‌و پارتی فه‌وجی تایبه‌تیان هه‌یه”

 

به‌وته‌ی ئه‌یوب عه‌بدوڵڵا، ژماره‌ی پاسه‌وانان به‌شێوه‌یه‌ك تێكه‌ڵ‌وپێكه‌ڵ كراون کە جیاكردنه‌وه‌یان ئەستەمە، خاڵی جێی سەرنج ئه‌وه‌یە هەموو ئه‌و پاسه‌وانانه،‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی گشتی موچه‌یان پێدەدرێ.
پاسه‌وانی به‌رپرسان، لە ئەندامانی‌ یه‌كه‌ی پۆلیسی پاسه‌وانیی‌، هێزه‌كانی زێره‌ڤانی‌و به‌رگریی‌و فریاكه‌وتن،‌ پێشمه‌رگه‌ی یه‌كه‌کانی 70‌و 80 پێكهاتوون.

 

قادر ڕه‌زگه‌یی، ئەندامی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان کە ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەبوو پیشنیاز دەکات، بابه‌تی پاسه‌وانیی له‌ هه‌رێمی كوردستان‌ به‌ یاسا رێكبخرێ. له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رپرسان ژماره‌یه‌كی زۆر پاسه‌وانیان لای خۆیان جێگیركردووه‌.

 

لە دنیادا وێنەی نییە!
رەزگەیی دەڵێت: “ ئه‌و ژماره‌ زۆرەی پاسه‌وانی بەرپرسان کە له‌ هه‌رێمدا مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت هەبن، له‌ هیچ ده‌وڵه‌تێكی دنیادا وێنەی نییە. نەک هەر ئەوە بەڵکو زۆر كه‌س هەن پله‌كه‌یان هی ئەوە نییه‌ پاسه‌وانی بۆ دابنرێ، كه‌چی ئەوان پاسه‌وانیان هەیەو زۆرێك له‌ بەرپرسەکان به‌ ئارەزووی خۆیان ژماره‌ی پاسه‌وان زیاد ده‌كه‌ن.”

 

رەزگەیی پێیوایە زۆری ژمارەی پاسه‌وان،‌ بۆ شۆو و خۆده‌رخستنی به‌رپرسانە. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بووه‌ به‌ جۆرێک لە بازرگانی چونکە به‌شێكی پاسه‌وانه‌كان بندیوارن و لە پاسەوانی نەبوو موچە وەردەگرن بۆ خۆیان.

 

وەزارەتی ناوخۆ چی دەڵێت؟
سەبارەت بە ژمارەی پۆلیسی پاسەوانیی، لیوا به‌ختیار بابان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بۆ ‌“زه‌مه‌ن” وتی: “ بەرپرسان تموحمان زیاتره‌ بۆ دامه‌زراندن یان له‌جێدانانی پاسەوان چونکە ژماره‌یه‌ك پاسەوانی بەرپرسان وازیان هێناوه‌ یان به‌شێكیان خانه‌نشین بوون به‌شێكیشیان چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.”

 

لیوا بەختیار وتیشی: “من چی پەیوەندیم هه‌یه‌ بەوەی فڵانە شه‌خس‌و كه‌سایه‌تی پاسەوانی بۆ داده‌نێن، كوا پۆلیسمان هه‌یه‌ تا به‌شی ئه‌وانه‌ دابنێین؟ ئه‌وانه‌ سیستمی تایبەتی خۆیان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر دنیا به‌ره‌و ئارامیی بڕوات ئه‌وانه‌ هیچی نامێنێ”

 

بەپێی زانیارییەكان تاكۆتایی ساڵی 2012 ژمارەی پاسەوان لە هەرێمی كوردستان، نزیكەی 63 هەزار كەس بووە، بەڵام ئێستا ژمارەکە زۆر زیادیکردووە بۆ نزیکەی 100 هەزار کەس.

 

ئەو کەسانەش کە وەک پاسەوان دیاریکراون زۆرینەیان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاسەوانی وەزارەتی ناوخۆن، جگەلەوەی ژمارەیەک بەرپرس پاسەوانەکانیان لەسەر هێزەکانی زێرەڤانی و پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتن و یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگەن، هەروەک ژمارەیەک لە بەرپرسانی‌ باڵای‌ هەرێم لە حزب و حكومەت لیواو فەوج و سریەی‌ پاسەوانیان هەیە، بەشێك لە سەرۆک عەشرەت و کەسایەتییە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان پاسەوانیان بۆ دابین كراوە.

 

بەشێوەی فەرمییش، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاسەوانیی ئەرکی پاراستنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم شوێنە گشتتییەکان بارەگای حزب و رێکخراو و دامەزراوە و کەسایەتییەکانی لەسەر شانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن