هەواڵ

لە پێوەری ئاوی ماڵاندا کۆمپانیاکان 16 ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە

10:47 - 02/07/2019 478 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن – سبەی


لە ساڵی 2016ەوە بە بڕیاری وەزارەتی شارەوانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە دانانی پێوەری ئاو بۆ ماڵان، دواتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە پرۆسەکە بۆ ماوەیەک راگیرا، سەرەتای ئەمساڵ پرۆسەکە دەستیپێکردەوەو تا کۆتایی ئەم مانگە دانراوە بۆ هاوڵاتیان بە مەبەستی دانانی پێوەرەکە، هەر ماڵێک پێوەرەکە نەبەستێ سزا دەدرێت تا رادەی بڕینی ئاوی خواردنەوە لێی.

 

بەگوێرەی ئاکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێم، تائێستا زیاتر لە 800 هەزار هاوبەش پێوەری ئاویان بۆ بەستراوە. هەروەها لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە دەستكراوە بە خوێندنەوەی پێوەرەكان.

 

سەرۆکی لیژنەی دەسپاکی و ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێن: لە هەر پێوەرێکدا ٢٠ دۆلار زیاتر لە نرخی راستەقینەی پێوەرەکان لەهاوڵاتیان وەرگیراوە. بەمپێیە ١٦ ملیۆن دۆلار قازانج چووە بۆ کۆمپانیاکانی هێنان و دانانی پێوەری ئاو.

دوو هێندەی نرخی خۆی پارە وەرگیراوە
لە سەرەتای دانانی پێوەرەکەوە، بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان گلەییان لە گرانی نرخەکەی هەیە، لیژنەی دەسپاکی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: لە هەر ماڵێک پێوەری بۆ بەسترابێ ٦٠ تا ٦٥ هەزار دیناری لێوەرگیراوە. لە کاتێکدا باشترین پێوەری ئاو، نرخەکەی لە ١٨ تا ٢٠ دۆلاردایە! ئێستا دەرکەوتووە بێجگە لە گرانییەکەی، ئامێری پێوەرەکە هەڵە و کەموکوڕی زۆری تێدایە.

 

شیرین ئه‌مین سه‌رۆكى لیژنه‌ى ده‌سپاكى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ئاشکرایکرد، سكاڵایه‌كى زۆرى هاوڵاتیان گه‌یشتووه‌ته لیژنەکەیان كه‌ ئه‌و پێوه‌ره‌ چۆن لە سەرەتاوە بەستراوە، سفر نه‌كراوه‌ته‌وه‌و پارە لەسەر هاوڵاتیان حساب کراوە. هەروەها هه‌ر ماڵێك ئه‌گه‌ر 60 تا‌نكى ئاو به‌كاربهێنێ، 36 هه‌زار دینارى لێوه‌ر ده‌گیرێ، به‌ڵام كه ‌بوو به‌ 61 تا‌نكى ئەوا یەکسەر پاره‌كه‌ زیاد ده‌بێ بۆ‌ 122 هه‌زار دینار!
شیرین وتی:” پێوه‌ره‌كه لە بنەڕەتدا‌ 18 دۆلار له‌سه‌ر كۆمپانیاكان‌ كەو‌تووه‌، کەچی 65 هه‌زار دینار له ‌ماڵان وه‌رگیراوه‌ کە ئەمە جیاوازییەکی زۆرەو له‌ به‌رژه‌وه‌ندى كۆمپانیاكاندایه‌. بەڕاستی ئێمە نازانین ئه‌و كۆمپانیایانە له‌ژێر چاودێرى كێدا پاره‌ى مانگانه‌ وه‌رده‌گرن‌و پاره‌كه‌ بۆ كوێ ده‌چێ‌و پشكى كۆمپانیاكانیش چه‌نده‌؟”.

 

لەلایەکی ترەوە دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، بەدواداچوونی بۆ ئەم کێشەیە کردووەو دەڵێت: پێوەرى ئاو بۆ ماڵان، لە سلێمانى کۆمپانیاى جونۆن و لە هەولێر و دهۆکیش کۆمپانیاى ئاراس دایانناوە، بەپێی ئەو تەندەرانەی بۆ هێنانی پێوەرەکە کراوە، نرخى هەر پێوەرێک بە کوالێتى بەرز لە نێوان 18 بۆ 20 دۆلاردابووە. کەچی کەمترین پارە کە لە هاوڵاتى وەرگیرابێ 40 دۆلار بووە، بێجگە لەوەش لە یەکەم هێنانى 100 هەزار پێوەردا، 55 هەزار پێوەرى ئاو لە چینەوە هێنراوە. 

 

دابان بە سایتی سبەی راگەیاند: زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر ماوەى تەندەرەکانى ئەو دوو کۆمپانیایەدا تێپەڕیوە، کەچی تائێستا پێوەرى ئاو دەفرۆشن و بە زارەکیى هەردووکیان لە لیستى رەشدان. هەروەها پێوەرەکانى ئاو پێش دانانیان تاقى نەکراونەتەوە، بۆیە دەرکەوتووە پێوەرە چینییەکان (هەوا)ش دەخوێنێتەوە. بە گشتى نزیکەى ٦٠٪ ى پێوەرەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان کێشەیان تێدایە.


خوێندنەوەی هەوا لە بری ئاو
رێبوار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت:”پێوەرەکان هەر لە سەرەتاوە تا دانان و بەستنی، بۆ هاوڵاتیان کێشە و کەموکوڕیی تێدایە. پێوەرەکان پێش دانانیان تێست نەکراون و بەشێکی زۆریشی بە هەڵەو بە پێچەوانەوە بۆ ماڵان بەستراوە. ئەمە بێجگە لەوەی کۆمپانیاکان پابەند نەکراون بە چارەسەرکردنی کێشەکان وەک جۆرێک لە خزمەتگوزاریی بەردەوام.”

 

رێبوار ئەحمەد روونی دەکاتەوە، ئەو پێوەرانە بۆیە هەوا دەخوێننەوە، لەبەر ئەوەیە لەبنەڕەتدا بۆ ئەو شوێنانە دروستکراون کە هەمیشە و بەردەوام ئاو لە بۆرییەکانیاندایە. نەک بۆ کوردستان کە لە هەفتەیەکدا بە دوو یان سێ رۆژ، چەند سەعاتێک ئاو دابەش دەکرێ. ئەمەش وادەکات پێوەرەکان تێک بچن و لەکاتی وەرگرتنی بۆشاییدا، هەواش لەسەر خاوەن ماڵ حساب دەکات.

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو پێوەرانەی لەماوەی رابردوودا بۆ ماڵان بەستراون، لەلایەن کۆمپانیاکانەوە پشکنینیان بۆ نەکراوە، کەچی تائێستا لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە رێوشوێن و لێپرسینەوەشیان لەگەڵدا نەکراوە.


“کێ کێشەی هەیە با قسە بکات”
سەبارەت بە کێشەکانی ئەو پێوەرە، مەسعود كاڕه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رى ئاو و ئاوه‌ڕۆکانى هه‌رێم بۆ زەمەن دەڵێت: هه‌موو ماڵێك به‌پێى پێوه‌ره‌كه‌ ده‌توانێ ڕۆژانه‌ دوو هه‌زار لیترو مانگانه‌ 60 مه‌تر چوارگۆشه‌ ئاو وەربگرێ. ئه‌مه‌ش ڕێگه‌یەکی باشە بۆ بەرگرتن له‌ زیاده‌ڕۆیى لە بەفیڕۆدانی ئاو.

 

سەبارەت بە سفرنەکردنەوەی پێوەرەکان و خوێندنەوەی هەوا، مەسعود کاڕەش وتی:” دانانى پێوه‌ره‌كه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندى خاوه‌ن ماڵه‌كان بووه‌ دواى دڵنیابوون له‌ چالاكى پێوه‌ره‌كه‌ ئەوسا پاره‌یان داوه‌ به‌ كۆمپانیاكان. ئەو هاوڵاتیانەی کێشەیان هەیەو پارەی زۆریان بۆ هاتووەتەوە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو بكەن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکەیان”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن