هەواڵ

نازم حیکمەت... شیعر و نامە

09:00 - 01/07/2019 29 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

کتێبی (نازم حیکمەت شیعر و نامە) کە تازەترین کارو بەرهەمی شاعیر و وەرگێڕ (دلاوەر قەرەداغی) یە، وەرگێڕ بە جۆرێک ئەو نامەو شیعرانەی نازم حیکمەتی وەگێڕاوەتە سەر زمانی کوردیی، کە زۆرجار خوێنەر گومان بکات خودی تێکست و نامەکان لە بنەڕەتدا بە زمانی کوردیی نووسراوون، بەتایبەت لە شیعرەکاندا ئەم وەرگێڕە سەلیقەی هونەریی و باڵادەستی زمانەوانی خۆی لە جوانترین ئاستدا نیشانداوەو جۆرە چێژ و ئاوازێکی بە وشەو دێڕەکان بەخشیووە، کە خوێنەر چێژی زیاتریان لێ ببینێت و زیاتر بە دونیا فراوان و فرەڕەهەندەکەی زانم ئاشنا ببێت.

 

ئەم بەرهەمە بریتییە لە سێ کتێبی (نازم حیکمەت) کتێبی یەکەم هەڵبژاردەیەکە لە شیعرەکانی ئەم شاعیرە، کە دەتوانرێت لە رێی ئەم شیعرانەوە بەشێک لە دونیای شیعریی و دونیابینی ئەم شاعیرە بناسرێت. ئەمە بێجگە لە وتارێک لەبارەی ئەزموونی شیعرییەوە، کە لەوێدا خوێنەر بەر چەند وێستگەو دیدێکی وردی شیعریی دەکەوێت، یەکێک لە گرنگترین ئەو خاڵانەی لەوێدا باسی کردووە سەرەتاکانی ئاشنابوونی خوی بووە بە شیعر و ئەو کاریگەرییانەی کە هەستی شیعرییان لەودا بزواندووە، لەوێدا ئەوە روون دەبێتەوە کە ژینگەی خێزان دەشێ کاریگەریی دروست بکات بۆ بزواندنی هەستی شاعیریی لە مرۆڤدا. هەرچی کتێبی دووەم و سێیەمە، کۆمەڵێک نامەی جۆراوجۆرە بۆ هەریەک لە پیرایە و مەمەند، واتە منداڵ و هاوسەرەکەی نازم،  لە زینداندا نووسیونی.

 

ئەم سێ کتێبە هەوڵێکە بۆ ناسینی نازم حیکمەت و ئاگاداربوون لە بەشێک لە ژیان و بیرکردنەوەکانی و دەتوانرێت دەروازەیەک بێت بۆ ئەو کەسانەی خولیایانە بەو رۆحە شۆڕشگێڕی و یاخییەی ئەم شاعیرە ئاشنا بن. 

دلاوەر قەرداغی وەرگێڕ، سەبارەت بەم هەوڵە نوێیەی خۆی ئاماژەی بەوە داوە کە کتێبی (ئاسمان وەک دەستەکانی تۆیە) ئەو نامانەیە کە نازم حیکمەت لە ساڵی ١٩٣٣وە تا ساڵی ١٩٥٠، بە درێژایی حەڤدە ساڵ، لە زیندانی جۆراوجۆرەوە بۆ پیرایەی نووسیون. مەمەد ئەو نامانەی کۆکردوونەتەوەو ساغی کردوونەتەوەو لە چاپی داون .پیرایە تا لە ژیاندا بووە نەیویستووە هیچ شتێک سەبارەت بە خۆی بڵاوببێتەوە، تەنانەت رێگەی مەمەدیشی نەداوە وەڵامی کەسانێک بداتەوە کە شتگەلی درۆو راستیان سەبارەت بە پەیوەندی نازم و خۆی دەنووسن و پێی دەگوت: “گرینگ نییە، چ دەڵێن با بڵێن، تۆ خۆتیان تێ مەگەیەنە!”.

 

مەمەد بەشێک لە نامەکانی نازم و پیرایە، بە دزی دایکییەوە ئامادەو چاپ دەکات، بەڵام دایکی دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکە هیچ ناڵێ. کتێبەکە دەداتە ئیزگینی بووکی، کە وەک کچی خۆی خۆشی دەویست، تا بۆی بخوێنێتەوە.

دوای مردنی پیرایە، مەمەد هەموو نامەکان کە سەرجەمیان ٢٩٢ نامەن، بە پێشەکییەکی خۆیەوە چاپ و بڵاودەکاتەوە.

نازم حیکمەت جگە لە ئەزموونی دەوڵەمەندی شیعرنووسین، ژمارەیەک سیناریۆو شانۆنامەو رۆمانیشی نووسیوەو وەک باسدەکرێت دەستی بۆ هەر بوارێکی نووسین بردبێت داهێنانی تێدا کردووەو سەرکەوتوو بووە، بۆیە هەندێک پێیان وایە نازم حیکمەت چەند شاعیر بووە هێندەش رۆماننووس بووە.

ئەم نووسەرە، بەهۆی نووسین و هەڵوێستە سیاسیی و ئینسانییەکانیەوە گەلێ جاران تووشی زیندانی و گرتن و ئازاردان بوەتەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی تورکیاوە، لەو کاتانەدا کە نازم لە زینداندا بووە، لەسەر ئاستی جیهان کۆمیتەیەک پێکدەهێنرێت کە خەبات دەکەن بۆ ئازادکردنی نازم لە زیندان، لەو کۆمیتەیەدا چەندین نووسەرو رۆشنبیرو هونەرمەندو هزرڤانی بەنێوبانگی جیهانی بەشداربوون لەوانە (ژان پۆل سارتەر، پاپلۆنیرۆدا، بیکاسۆ) تەنانەت کاتێکیش پاش چەندین ساڵ لە زیندان دێتە دەرەوە سەرباری ئەوەی تەمەنی لە پەنجا ساڵی زیاترە، بەڵام بیانووی پێدەگرن و دەیانەوێت بینێرن بۆ خزمەتی سەربازیی، ئەو شوێنەش کە بڕیارە بۆی بنێرن لەڕووی کەشوهەواوە هێند نالەبار دەبێت کە رەنگە نازمی شاعیر بەرگەی نەگرێت و لەوێدا بۆ خۆی بمرێت، یاخود رەنگە خۆیان پلانی کوشتنیان بۆ دانابێت، دەسەڵات بەگشتی لە نازم حیکمەت ترساوەو بەردەوام چاودێری کردووە، لە شیعرو نووسین و هەڵوێستەکانی ترساوەو چالاکیی کۆمەڵایەتییان سنووردار کردووە، بۆیە پاش زیندان بەناچاری وڵات جێدەهڵێت و ماوەی ١٢ ساڵ ئاوارەی وڵاتانی دونیا دەبێت کە لەو ماوەیەی ژیانی ئاوارەییداو لە یەکێک لە فێستیڤاڵە ئەدەبییەکاندا (پاپلۆ نیرۆد)ی ناسی و پاش مردنیشی نیرۆدا شیننامەیەکی بۆ نازم نووسی، هاوکات نازمی سەرداری شیعری تورکی، لە ماوەی ئاوارەییدا بە وڵاتانی جیهاندا، لە وڵاتی رووسیا بە (مایاکۆڤسکی و مایرهۆڵد) ئاشنا بووەو سوودی رۆشنبیریی لەو ئاشنایەتییە وەرگرتووە.

 

نازم حیکمەت، لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە دەستی کردووە بە شیعر نووسین. لە ١٩ ساڵیدا چووە بۆ سۆڤیەت و لەوێ لەگەڵ نەوەی نوێی هونەرمەندانی شۆڕشگێڕدا ئاشنا دەبێت، بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕینی دیدگای ئەو بۆ شیعرو نووسین، نازم کاریگەر بوو بە مایاکۆڤسکی و سادەیی شیعرەکانی لەوەوە بۆ ماوەتەوە. نزیک بە سی ساڵ لە تەمەنی لە بەندیخانەکانی تورکیادا بەسەربردووەو زۆربەی شیعرەکانیشی هەر لەوێ نووسیون. ئەوکات هیچ رۆژنامەیەکی تورکی نەیدەوێرا ناوی نازم حیکمەت بهێنێت. شیعرەکانی لە بەندیخانەوە دزەیان کردووەتە دەرەوەو لە فەڕەنسا چاپ و بڵاوبوونەتەوە. لە پاریس کۆمیتەی نەجات بۆ داوای ئازادیی نازم پێکهات، کە کەسانێکی وەک (بێرتراند راسڵ، سارتەر، پیکاسۆ، برێخت، ئەراگۆن و نێرودا) لە پشتییەوە بوون.

 

نازم حیکمەت بە درێژایی ٦١ ساڵ تەمەن، ١٠ ساڵی لەنێو شارەکانی تورکیا بە چالاکی سیاسی و خۆحەشاردان، ١٧ ساڵی تەمەنیشی لەکونجی زیندانەکانی تورکیا، ١٣ ساڵی کۆتایی ژیانیشی بە ‌ئاوارەیی لە وڵاتانی ئەوروپاو ئاسیاو ئەفریقا گوزەراند. تا ساڵی ١٩٦٣ لە شوقە بچکۆلانەکەی لە شاری (مۆسکۆ) بۆ دواجار کۆتایی بە ژیانی ‌هات. تەنانەت ئەو ئاواتەشی لەگەڵ خۆی بردە ژێر گڵەوە کە حەزی دەکرد لەژێر درەختێکی (ئەنەدۆڵ) بە خاکی بسپێرن. چونکە لە سەرەتای ساڵانی پەنجاکانی سەدەی پێشوو، دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمانەی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی خۆیاندا (رەگەزنامەی تورکی)یان، لە (نازم ‌حیکمەت) سەندبۆوە.. ئەو رۆیشت، بەڵام لە دوای خۆی هەزاران شیعرو پەخشان و هەڵوێستی جوانی بەجێهێشت کە هەمیشە شایەنی خوێندنەوەن.
ئەم سێ کتێبە لە بۆکسێکدا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپیکردووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن