هەواڵ

بۆچی دەنوسین؟

08:53 - 26/06/2019 108 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن" 

ئەحمەدى مەلا

(10)

گوێتەی ئەڵمانی قسەیەکی هەیە دەڵێ:” تاکو زمانێکی بیانیی فێرنەبی، زمانی دایکی خۆت فێرنابی.” چونکە زمانی دایک وەک شیر وایە، تێکەڵی ریشاڵەکانی لەش دەبێ، دەبێتە لەش، لەش قسە دەکات. کاتێک فێری زمانێکی بیانیی دەبین و دواتر وەکو غەریبێک لە دەرگای زمانی دایک دەدەین، زمانێکی دیکە دەرگامان لێدەکاتەوەو بەشێوەیەکی دیکە نیشتەجێی دەبین. گوێتە شاعیر بوو، دەیزانی چی دەڵێ. هەموو دەنگێکی زمان، هەموو نەبرەیەک، هەموو بڕگەیەک، هەموو موفرەدەیەک سەرلەنوێ لەدایکدەبێتەوە. “زمانی دیکەیەکی من” سەرهەڵدەدا، هاوبەش لەگەڵ زمانی گشتییدا، بەڵام جودا. شیعری نوێ یا نابێ، یا دەبێ بەو زمانەی دیکەیە بنووسرێ. لە زۆر شوێندا ئەدۆنیس دەڵێ “شیعر یادەوەرییە” بەو پێیەی یادی زمانێکی دیکە دەهێنێتە گۆش، شتێکی نەگوتراو دەگوترێ. شیعری نوێ کۆکردنەوە دەنگەکان نییە، تێکشکاندنی پارچەیەکی زمان نییە، بەڵکو سەرلەنوێ دروستکردنەوەی زمانە. شتێکە ئاشنا و غەریبە لە هەمان کات.

 


لەم دیدگایەوە (شیعر/ رەخنە) وەکو دوو دەستەخوشک دێنەکایەوە، شیعری نوێ بە بێ رەخنە مومکین نییە دروست بێ، رەخنە وەک پرۆسەیەکی ئەقڵانیی، داهێنانی شیعر وەک وروژانێکی نائەقڵانی، پێکەوە هەڵدەکەن. لە شیعری نوێدا، ئەقڵ ئامادەیی هەیە، بەڵام دەستوەرناداتە نێو کردەی نووسینەوە، جۆرە دارەڕایەکی سەیرە لەو نێوەندە. هەم غەریب، هەم ئاشنایە، هەم دوورە و هەم نزیکە، هەم ناسراوە و هەم نەناسراو، چونکە لە ناو جەرگەی کەلتوور و مێژووەوە سەرهەڵدەدا بۆ ئەوەی نەگوتراوی کەلتوور و مێژوو بنووسێتەوە. ئەم جۆرە شیعرە لە نێو کەلتووری ئێمە زۆر دەگمەنن، بۆیە هەست دەکەین هاوتەریب لەگەڵ هونەری پلاستیکی دەوەستێت. لە هونەری پلاستیکی نوێدا رەنگ، ئاماژە بۆ شتێک ناکات لە دەرەوەی خۆی بێ، زەرد هەر ئەو زەردەیە کە لە سەر رووبەری تابلۆکەدا هەیە، نەک زەردێکی دیکە کە سەمبۆلیسمی رەنگەکان قسەیان هەیە لەسەری، یا ئاماژەیەکی کۆمەڵایەتی یا سایکۆلۆژی هەبێت. لێرەوە واقیع بە شێوەیەکی کاتیی دەچێتە پشتەوەی کاری هونەرییەوە، نامرێ، دەمکوتیش ناکرێ، بەڵکو بوار دەرەخسێندرێت کە (هونەر/شیعر) قسەی خۆی بکات. 

 


کەچی ئێمە لە “گۆران” بە دواوە زۆر بە دەگمەن بیرمان لەم جۆرە شیعرە کردۆتەوە، چونکە هەندەی بەو شیعرانە واقیعمان دواندووە، هەندە واقیعمان وەلاوە نەناوە، تاکو شیعریش شوێن خۆی بکاتەوە، مافی هەبوونی خۆی هەبێ. بۆ نموونە، دەرکەوتەی ژن، خۆشەویستی، سروشت هەر هەمان گوتاری باوی کۆمەڵایەتییان هەیە، بەڵام بە کێش و ریتم و ئاوازێک کە هەستی خوێنەری وروژاندووە، ئەو خوێنەرەی کە هاوتەریب ویستوێتی دەمی ئەو واقیعە بکاتەوە. خوێنەری ئێمە هەمیشە بە دوای “چی دەڵێ”دا دەگەڕێ، نەک بە دوای “چۆن گوتراوە”. دەرکەوتەی ژن و خۆشەویستیی هەر لەسەر هەمان سەکۆی (زەین/ واقیع)دا دووبارە بۆنەتەوە کە لەلای نالی، دواتر لەلای گۆران و بێکەس دووبارە دبنەوە. تەنانەت بەشێکی زۆری ئەو شیعرانەی ئەمڕۆ بۆ ژن دەنووسرێن لەسەر هەمان هێڵ ئیش دەکەن، لە ناو هەمان هاوکێشەدا هەڵدەکەن، واتە شیعرگەلێکن بۆ دواندنی ژنێکی دووردەست، ژنێکی ئایدیالیزەکراو، ژنێک وەکو “ئۆبژێکت” بۆ دەستەمۆو کەوییکردن. ئەم تێماتیکە هەرگیز ناتوانێ ببێ بە تێماتیکی شیعری نوێ و من لە “زەردک”ەوە رەتم کردۆتەوە. چونکە ناشێ ئێمە ناو لە دەقێکی شیعریی بنێین شیعری نوێ و لەهەمان کاتیشدا ئەرکێکی کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژیی بدەینە دەق. ژنی نائامادە لە دەقە شیعرییەکانی حوجرەدا، ئەوێکی دووردەستە و نادیارە، ئەوێک بەشداریی ئۆرگانیکی نییە لە نێو دەقی شیعرییدا، نائامادە دەنووسێتەوە، وەهمێک دەکاتە جەستەو دەیکاتە بەر شیعر. تەنانەت ئەگەر ئەنالیزی دیسکورسی بێنڤێنیستی زمانەوانیش بەکاربهێنین، ئەوە هیچ جۆرە “موخاتەبەیەک” لە نێوان منی شاعیر و ئەوی ژن درووست نابێ. لەم جۆرە دەقانە موفرەدەکانی “تامەزرۆ”، “سووتان”، “فرمێسک”، “دووریی” هەمان ئەرکیان پێدراوە وەک لە شیعری بە ناو نوێدا...ئەمە جیهانبینییە دەبێ رەتکرێتەوەو بخرێتە ژێر پرسیارەوە...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن