هەواڵ

ئایا خوێنەر زیادیکردووە؟

10:58 - 26/06/2019 114 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

ئارام سدیق

ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زوو زوو ڕووبەڕووی کتێبفرۆشییەکان و ئەو کەسانە دەکرێتەوە، کە سەروکاریان لەگەڵ دونیای کتێب و چاپدا هەیە. بێگومان زۆربەی وەڵامەکان بە نەرێیە، بەڵام ئەگەر نەرێ بێت، بۆچی کتێب زۆر چاپ دەکرێت؟ بێگومان زۆر بەکەمی بیر لە مەغزا قووڵەکانی ئەم پرسیارە کراوەتەوە و ئەوانەی پرسیارەکەش دەکەن، تەنها ئێستا دەبینن، نەک ڕابردوو. بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئێستای کتێب و خوێنەر پێویستمان بە ئاوڕدانەوە هەیە لە ڕابردوو، بێگومان ڕابردوویەکی دوور نا، بەڵکو لانیکەم دە ساڵ لەمەوبەر.

 


لە وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە دەڵێم خوێنەر زیادی کردووە؟ بەڵام چ جۆرە خوێنەرێک؟ بێگومان خوێنەری بابەتی سادە و ڕووکەشگەرا. بەڵام لە بەرامبەردا خوێنەری جیدی و قووڵبین کەمی کردووە و چاپکردنی کتێبی جیدیش لە پاشەکشەدایە. تیراژی کتێبی جیدی لە هەزار دانە تێپەڕ ناکات، بەڵام تیراژی کتێبگەلی دیکە بۆ دە هێندە و زیاتریش تێپەڕ دەکات. بێگومان نووسەرانی ئاوارتە هەیە و ئێمە قسەمان لەسەر دۆخە گشتییەکەیە.

 


بیرمە لە ساڵی “دوو هەزار پێنج، تا دوو هەزار دە”دا، ئەگەر لە ماوەی مانگێکدا ڕێم نەکەوتایەتە بازاڕ بەشێک لە کتێبە جیدییەکانی ئەو مانگەم نەدەبینی و لە کتێبخانەکاندا نەدەمان. بەڵام ئێستا کام کتێبەی جیدییە، دوای چەند ساڵێک کەچی هێشتا لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکاندا دەبینرێت.! کەواتە بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی ئێستا تێپەڕێنرێت، ئەرکی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و میدیایە کە وشیاریی خوێندنەوە بڵاوبکاتەوە و ئاستی خوێنەر لە قۆناغێکەوە بەرەو قۆناغێکی نوێ ڕێنمایی بکەن. بەبێ خوێندنەوەی کتێبی جیدی مەحاڵە داهێنان و وزەی نوێی داهێنەرانە بتەقێتەوە، بۆیە پێویستمان بە خوێنەری جیدی و کتێبی گرنگی جیدی هەیە تا رۆحییەتی داهێنان بە جێمان نەهێڵێت. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن