هەواڵ

کتێبخانەى زەمەن

10:48 - 26/06/2019 37 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

ڕۆمانی بەفر:
ڕۆمانی بەفر، یەکێکە لە شاکارە گەورەکانی ڕۆماننوسی گەورە و وەرگری خەڵاتی نۆبڵ، ئۆرهان پامووک. ڕۆمانەکە  بابەتێکی هەستیار و مێژوویی کۆمەڵگەی تورکیی دەگێڕێتەوە، کە ئەویش کێشە و ململانێ ئیسلامیی سیاسییە لەناو جومگەکانی کۆمەڵگەدا. لەو پرسەشەوە بابەتی مێژوویی و پێکهاتەی کۆمەڵگە لە کۆنەوە بۆ ئێستا دەخاتە بەر گوومان و ڕەخنە بە تایبەتیش هێما بۆ ئەوە دەکات، کە سەردەمانێک توێژێکی ناوەندی دەوڵەمەند لە قارس ژیابوون، ئەوانە لە کۆشکەکاندا ئاهەنگیان دەگێڕا و زەماوەندی چەندین ڕۆژەیان ساز دەکرد، ئەمە، ئەگەرچی لە دووریشەوە بوایە، ساڵانی منداڵیی دەهێنایەوە بیری پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمانەکە کە ناوی (کا)یە. رۆمانەکە تێکەڵەیە لە گێڕانەوەی دراماتیکیی و ڕەهەندیی مێژوویی و ڕوداوەکانی ڕابردوو شاری قارس، ئەمەش لە سەرچاوەی هێز و دەوڵەمەندیی دەگەڕایەوە بۆ هەڵکەوتنی قارس لە سەر شاڕێی نێوان گورجستان، تەبرێز، بۆ بازرگانی بۆ ئەوەی شارەکە خاڵی بەیەکگەیشتنی هەردوو ئیمپراتۆریای عوسمانی و قەیسەری ڕوسی بوو. لە سەردەمی عوسمانیدا، ئەو شارە شوێنی نیشتەجێی میللەت و نەتەوەی جۆراوجۆر بووە.

گرنگیی بابەتەکانی ئەم ڕۆمانە، لە وەرگێڕانە هونەریی و جوانەکەیدایە، کە لەلایەن وەرگێڕی ناودار و بە سەلیقەی کورد، بەکر شوانیی کراوەتە کوردیی. بە زمانێک، خوێنەر گومان دەکات، ئەم ڕۆمانە لە بنەرەتدا بە زمانێکی تر بووبێ. هێندەی ئەوەی خوێنەر لە ساتی خوێندنەوەیدا هەست دەکات، بە زمانی دایک نووسرابێت.


ئەفەریقانامە بە تامی شیعر:
ئەمە ناونیشانی کتێبێکە، کە ئەزموونێکی جیاوازی شاعیر “پێشەوا کاکەیی”ە. کتێبەکە دوو پڕۆژەی شیعریی جیاوازە، یەکەمییان گەشتێکی خەیاڵییە بۆ قووڵایی خاک و کیشوەریی ئەفەریقا، دووەمیان ئەزموونێکی شیعر نووسینە لەسەر زەمیننامە. لە هەردوو ئەزموونەکەدا، بەتایبەتیش لە ئەفەریقانامەکەیدا، گەشتێکە بە تامی گەشتەکەی سندیباد بە نێو دوورگەکانی خەیاڵداندا. جگە لەوەی لەم قەسیدە درێژەدا، شاعیر بە ناچاریی خوێنەر پەلکێش دەکات بۆ دونیایەکی بەرین و فراوان، لە هەمانکاتیشدا تامی کۆمەڵێ دیمەن و ساتی شیعریی دەکات، کە پێویستی بە خوێندنەوەی جیاواز هەیە.
ڕەنگە ئەم ئەزموونە شیعرییەی پێشەوا کاکەیی زۆر ئاشنا نەبێ بە خوێنەری کورد، بەڵام لە داهاتوودا دەبێتە شێواز و ستایلێ کە پێویستی بە شرۆڤەی جیاواز هەیە. 

کتێبی (سکرینپلەی)
ئەم کتێبە، سەرچاوەیەکی  زۆر گرنگە لە بواری تیۆری سینەماناسیی و کاری سینەمایدا، کە لەلایەن نووسەر و سینەماکار دارۆ ئەزیز بە زمانێکی تایبەتمەند و ئەکادیمیی نووسراوە. سکرینپلەی سەرچاوەیەکی دانسقە و گرنگە، لە بواریی کاری فیلمسازیدا. بەتایبەتیش بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێ و خولیایانە فێری نووسینی سیناریۆ یان (سکرینپلەی) ببن بە شێوەیەکی تەندرووست و ئەکادیمیی. لە کتێبەکەدا شیکردنەوەیەکی دراماتیکیی ورد، بۆ هەموو ئەو رەگەز گرنگانە کراوە کە فەزاو ڕەگەزەکانی پێکهاتەی سیناریۆ پێکدەهێنن، هەر لەبیرۆکە و چیرۆک تادەگاتە بەرجەستەکرنی سیناریۆی تەکنیکیی، ئەمە جگە لە شیکردنەوە و باسکردنی دەیان ڕەگەز و تایبەتمەندیی تری کاری فیلمسازیی و سیناریۆی فیلم.

 

ئەم کتێبە دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ و بایەخداری بواری هونەریی سینەما، کە لە ئێستادا کتێبخانەی کوردیی، لەم بوارەدا هەژار و خاڵییە لەو جۆرە بابەت و باسانەی کە لەو بوارەوە نزیکن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن