هەواڵ

لە سلێمانی ناوی بێکاران تۆماردەکرێت

11:32 - 13/06/2019 466 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی سلێمانی ڕایگەیاند ئەمڕۆ لە سلێمانی دەست بە تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە دەکرێت کە بێکارن تا لە ئایندەدا پلانی لەسەر دابنرێت و هەلی کاریان بۆ بدۆزرێتەوە.


عەبدولمەجید فەرەج، بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای "زەمەن"ـی ڕاگەیاند ئەمڕۆ دەست بە تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە دەکرێت کە لە شاری سلێمانی بێکارن و بۆ ئەوەی ئامارێکی دروست لە بەردەست حکومەتدا بێت تا پلانی لەسەر دابنێت و لە کابینەی نوێشدا گەر هەلێکی کار یاخود ڕێککەوتنێک هەبوو لەگەڵ کەرتی تایبەتدا بە گوێرەی پسپۆڕی و لە ڕێگەی ئەو ناوانەوە کەسی شیاو دابمەزرێت.

 

لە بارەی مەرجەکانیشەوە ڕایگەیاند، هەر کەسێک لە کەرتی تایبەت و حکومەت کاری نەبێت و تەمەنی لە نێوان ١٨ تا ٦٠ ساڵدا بێت ئەوە ناوی تۆماردەکرێت.

وتیشی ئەم ناوتۆمارکردنە هەردوو ڕەگەزەکە دەگرێتەوە بێ جیاوازی.

 

پێشتریش دیار حه‌مید، نوێنه‌ری به‌رێوبه‌رایه‌تی گشتی كاری سلێمانی رایگه‌یاند: به‌رنامه‌ و پلانێكی فراوان له‌ نیوان وه‌زاره‌تی كار و رێكخراوی (G I Z)ی ئه‌ڵمانی دارێژراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی به‌ ته‌واوی شار‌و شارۆچكه‌كانه‌وه‌ ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ تۆمار بكرێت كه‌ بێكارن و لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە ناو تۆماركردن ده‌ست پێده‌كات و رۆژی (13 و 16)ی مانگ له‌ ناو ته‌لاری هونه‌ر ده‌بێت و رۆژانی (17،18،19،20) ناونوسین له‌ ناو پاركی ئازادی ده‌بێت.

 

نوێنه‌ره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاری هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد دوای تۆماركردنی ناوه‌كان به‌پێی سیستمی بایۆمه‌تری وردبینی ته‌واویان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كار و رێكخراوی (جی ئای زێت)ه و پارێزگاكانه‌وه‌ بۆ ده‌كرێت و دواتر هه‌وڵ ده‌درێت هه‌لی كار بۆ ئه‌و بێكارانه‌ بدۆزرێته‌وه‌ و هه‌لی كاریان بۆ دابین بكرێت. 


ڕوونیشیکردبویەوە كه‌ تۆماركردن بێ به‌رامبه‌ره‌ و بۆ هاوڵاتیانی ناو شاری سلێمانییه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ له‌ شار‌و شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ری سلێمانی نه‌یانتوانیوه‌ له‌ كاتی خۆیدا به‌هۆی نه‌خۆشی و گه‌شته‌وه‌ ناویان تۆمار بكه‌ن، ده‌توانن له‌گه‌ڵ بێكارانی سلێمانیدا ناویان تۆمار بكه‌ن، هه‌ركه‌سێكیش دووباره‌ ناوی تۆمار بكات راسته‌وخۆ هه‌ردوو ناوه‌كه‌ له‌ سیستمه‌كه‌ لاده‌برێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن