هەواڵ

ئه‌وه‌ی پێویسته ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه تازه‌که‌ی ئیسرائیل بیزانی

10:25 - 11/06/2019 125 جار خوێندراوەتەوە

مێگه‌ن سپێسیا


ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئیسرائیل – کنێست ده‌نگیان بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان دا، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ته‌نیا مانگێک بوو سوێندیان خواردبوو. ئه‌وه خۆی له‌خۆیدا رووداوێکی سیاسی سه‌رنجڕاکێش بوو، به‌ڵام بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ که ده‌یه‌یه‌که سه‌رۆکایه‌تی ئیسرائیل ده‌کات و له هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی ٩ی مانگی نیسانه‌وه وا ده‌هاته به‌رچاو دیسان ئەو پۆستەی مسۆگه‌ره، شکستی خوارد له‌وه‌ی زۆرینه‌ ده‌سته‌به‌ر بکات؛  ته‌نیا یه‌ک کورسی کورتی هێناو به‌و شێوه‌یه ماوه‌ی یاسایی بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت ته‌واو بوو.


ئێستا نه‌ته‌نیاهۆ له ئۆفیسه‌که‌ی خۆیه‌تی و سه‌رۆکوه‌زیرانی حکومه‌تێکی کاربه‌ڕێکه‌ره؛ ته‌نیا دوو مانگه هه‌ڵبژاردن کراوه، دیسان ده‌بێ خۆیان ئاماده‌بکه‌نه‌وه بۆ دووباره ده‌نگدانێکی تر.


بۆچی په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شایه‌وه؟
له هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی مانگی نیساندا، پارته‌که‌ی نه‌ته‌نیاهۆ - پارتی لیکۆدی کۆنزه‌رڤاتیڤ له‌کۆی ١٢٠ کورسی کنێست ٣٥ کورسی به‌ده‌ستهێنا؛ ئه‌مه‌ش هه‌مان ژماره‌ی کورسییه‌کانی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ناوه‌ندخواز - پارتی شین و سپی- بوو.
به‌ڵام نه‌ته‌نیاهۆ پێچه‌وانه‌ی سه‌رۆکی شین و سپی، بێنی گانتز، چانسی زیاتر بوو به‌وه‌ی ٦٥ ئه‌ندامی به‌ره‌ی راستڕه‌و داوایان لێکرد که حکومه‌تی نوێ پێکبهێنێ.
حکومه‌تی هاوپه‌یمانی له ئیسرائیل بووەته رێگه‌یه‌کی ژیان و سیاسه‌تکردن، چونکه سیستمی هه‌ڵبژاردن کارێکی کردووه که زۆر ئه‌سته‌مبێ حزبێک بتوانێ به ‌ته‌نیا زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی بهێنێ. بنیامین نه‌ته‌نیاهۆش خۆی شاره‌زایه‌کی باشه له ‌بواری وتووێژو دروستکردنی هاوپه‌یمانی. به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان ململانێی دۆسته‌کانی له‌ناوخۆیاندا ریسه‌که‌یان لێکرده‌وه بە خوری. له ‌دوا شه‌وی مۆڵه‌تدراودا لیکۆد رایگه‌یاند که ته‌نیا ٦٠ کورسی مسۆگه‌ره؛ له‌کاتێکدا پێویستی به ٦١ کورسی هه‌بوو بۆ دروستکردنی حکومه‌تی هاوپه‌یمانیی.
ئه‌وه‌ی وایکرد هاوپه‌یمانێتیه‌که‌ی نه‌ته‌نیاهۆ که پێکهاتبوو له هاوپه‌یمانی باڵی راست سه‌رنه‌گرێت، ناکۆکی بوو له‌سه‌ر ره‌شنووسی یاسای سه‌ربازیی که هه‌ردوو هاوپه‌یمانه‌که‌ی نه‌ته‌نیاهۆی له‌یه‌ک دابڕی و نه‌یهێشت بسازێن، ئه‌وانیش فراکسیۆنی عیلمانی ناسیۆنالیزمی په‌ڕگیر له‌لایه‌ک و پارته ئاینییه نه‌ریتییه‌کان له‌لایه‌کی دیکه بوون.
له رابردوودا، نه‌ته‌نیاهۆ بۆ پێکهێنانی هاوپه‌یمانی ده‌کرا له پارتی ناوه‌ندخوازه‌کان نزیکببێته‌وه؛ ئه‌وه‌ش یان بۆ پێکهێنانی هاوپه‌یمانێتیه‌‌کی جیاواز یان بۆ گوشار خستنه سه‌ر گروپه‌کانی باڵی راست تا له‌یه‌کتر نزیک ببنه‌وەو پێکبێن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان ناوه‌ندخوازه‌کان -شین و سپی- خۆیان لێنه‌بان کردو رایانگه‌یاند کار له‌گه‌ڵ نه‌ته‌نیاهۆ ناکه‌ن چونکه تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ره، هه‌روه‌ها گروپێکی بچووکی چه‌پی ناوه‌ندیش - پارتی کار- خۆی له نه‌ته‌نیاهۆ به‌دوورگرت.
هه‌موو ئه‌وانه، وایان له نه‌ته‌نیاهۆ کرد هه‌وڵ بدات په‌رله‌مان خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وەو هه‌ڵبژاردنێکی تر بکرێت و تۆپه‌که نه‌که‌وێته‌وه قاچی رکابه‌ره کۆنه‌كه‌ی خۆی که سه‌رۆک ریوڤن ریڤلینه. ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان خۆی هه‌ڵنه‌وه‌شاندایه‌ته‌وه، ره‌نگه سه‌رۆک داوای له که‌سێکی تر- بۆ نموونه بێنی گانتز- بکردایه، یاخود هه‌ر داوای له که‌سێکی تر له‌ناو حزبی لیکۆد بکردایه که هه‌وڵ بدات حکومه‌ت پێکبهێنێ.

ره‌شنووسی یاسای سه‌ربازیی چی بوو؟
کچان و کوڕانی ئیسرائیل له ته‌مه‌نی ١٨ ساڵیدا داواده‌کرێن که دوو ساڵ خزمه‌تی سه‌ربازیی بکه‌ن. به‌ڵام که‌سانێک که به‌ته‌واوی خۆیان بۆ خوێندنی ئایینی جوله‌که ته‌رخانکردووه ئه‌و خزمه‌ته نایانگرێته‌وه. ئێستا که ئه‌و که‌مایه‌تیه نه‌ریتییه‌ی که ئه‌و خزمه‌ته نایانگرێته‌وه، هه‌م ژماره‌یان زۆر بووەو هه‌م کاریگه‌ری سیاسیان هه‌یه، بۆیه ڕۆژ له‌دوای رۆژ زۆرتر ده‌بێته مایه‌ی ناکۆکی هێزه سیاسییه‌کان. به‌پێی ئاماری ‘په‌یمانگای دیموکراسی ئیسرائیل - ئه‌و گروپه - گروپی نه‌ریتخوازی توندئاژۆی جوله‌که - ئێستا رێژه‌ی له  ١١٪ی دانیشتووانی ئیسرائیل پێکده‌هێنن. ساڵی ٢٠١٧ دادگای باڵای ئیسرائیل بڕیاریدا که ئه‌و ژماره زۆره له دانیشتووان که خزمه‌تی سه‌ربازیی نایانگرێته‌وه جۆرێکه له هه‌ڵاواردن و خواردنی مافی که‌سانی تری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و گروپه‌یەو ناده‌ستووریه. ئه‌و بڕیاره‌ی دادگا گێرمه‌وکێشه‌یه‌‌‌کی زۆری دروستکرد. دادگا مۆڵه‌تی یه‌ک ساڵی به حکومه‌تدا بۆ ئه‌وه‌ی ره‌شنووسی یاسایه‌کی دیکه ئاماده بکه‌ن.
له خولی رابردووی په‌رله‌مان، ئه‌ڤیگیدۆر لیبه‌رمان، سه‌رۆکی پارتی عیلمانی ناسونالیستی توند - پارتی ئیسرائیل بێیتینو- پرۆژه یاسایه‌کی پێشنیازکرد که به‌پێی ئه‌و پرۆژه یاسایه ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ناو گروپی نه‌ریتخوازی ئایینی جوله‌که که خزمه‌تی سه‌ربازیی نایانگرێته‌وه که‌م ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها رێژه‌یه‌ک دابنرێت که له‌ناو ئه‌و گروپه‌دا که ده‌بێ تێکەڵی خزمه‌تی سه‌ربازیی ببن. لیبه‌رمان خاوه‌نی پێنج کورسی په‌رله‌مانەو بڕیاریدا نه‌چێته ناو هاوپه‌یمانێتی نه‌ته‌نیاهۆوه ئه‌گه‌ر ئه‌وان پشتگیری پرۆژه یاساکه‌ی نه‌که‌ن.
به‌ڵام پارته ئاینییه‌کان ١٦ کورسیان هه‌یه، نه‌ته‌نیاهۆ پێویستی به‌وانیش هه‌یه. ئه‌وان پێداده‌گرن که پرۆژه یاساکه ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌ک هه‌موار بکرێت که ژماره‌ی ئەو قوتابیه ئاینییانه‌ی که خزمه‌تی سه‌ربازیی نایانگرێته‌وه زۆرتر بێت له‌وه‌ی پرۆژه‌ یاساکه پێشنیاری کردووه. پێده‌چێ گێرمه‌وکێشه‌که زیاتر سیمبولیی بێ، چونکه پرۆژه یاساکه ناتوانێ ئه‌و ئه‌مری واقیعه بگۆڕێت که ئه‌و گروپه دینییه به‌هێزو کاریگه‌رن، که‌چی هیچ لایه‌کیشیان رازی نین بۆ یه‌کتری دابێنن. نه‌ته‌نیاهۆ لۆمه‌ی لیبه‌رمان ده‌کات به‌وه‌ی ته‌نیا بۆ چنینه‌وه‌ی سوودی سیاسی بۆ خۆی بوو به سه‌به‌بکاری داڕمانی حکومه‌ته‌که‌ی که له ‌لێواری پێکهێناندا بوو. 
که‌یسی گه‌نده‌ڵیه‌که چی به‌سه‌ردێت؟
نه‌ته‌نیاهۆ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ره، تۆمه‌تێک که کاریگه‌ری هه‌بوو له هه‌ڵبژاردنی مانگی نیسانداو له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووشدا کاریگه‌ری ده‌بێ.
له مانگی شوباتدا، دوای دوو ساڵ لێکۆڵینه‌وه، داواکاری گشتی ئه‌ڤیدای ماندلبلیت پلانێکی راگه‌یاند که به‌پێی ئه‌وه نه‌ته‌نیاهۆ تۆمه‌تبار ده‌بێ به به‌رتیل، ساخته‌کردن و پێشێلکردنی متمانەو مانگی ئۆکتۆبه‌ر دانراوه بۆ ده‌ستپێکردنی پرۆسه‌ی دادگاییکردنه‌که. ئه‌گه‌ر بگاته ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌کان بۆ تۆمه‌تبارکردنی ته‌واوبن ئه‌وا نه‌ته‌نیاهۆ ده‌بێته یه‌که‌م سه‌رۆکوه‌زیرانی ئیسرائیل که تۆمه‌تبار بکرێت له‌کاتێکدا که له‌سه‌ر کاره‌که‌یه‌تی وه‌ک سه‌رۆکوه‌زیران، ئه‌مه‌ش گوشارێکی زۆر دروست ده‌کات له‌سه‌ری که ده‌ست له‌کار بکێشێته‌وه. نه‌ته‌نیاهۆ ده‌ڵێت ئه‌وه بابه‌تێکه به پاڵنه‌ری سیاسی جوڵێنراوه، بۆیه ئه‌گه‌ر تۆمه‌تبارکرا ئه‌و هه‌ر له کاره‌که‌یدا ده‌مێنێته‌وه. ئه‌مه له‌رووی یاساییه‌وه مومکینه، به‌تایبه‌ت هه‌تا ئەوکاته‌ی ته‌واو حوکم ده‌درێت؛ ئینجا دادگای باڵای ئیسرائیل ڕه‌نگه بێته‌ناوه‌وه.
پارتی لیکۆد له ماوه‌ی رابردوودا هه‌وڵیدا یاسایه‌ک ده‌ربکات که گرەنتی پارێزبه‌ندی بداته نه‌ته‌نیاهۆ که دادگایی نه‌کرێت له‌کاتێکدا سه‌رۆکوه‌زیرانه، به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئه‌و چانسه‌شی له‌ده‌ست چوو.

دواتر چی؟
سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردنی گشتی له رۆژی ١٧ی سێپته‌مبه‌ردا ئه‌نجام ده‌درێت و نه‌ته‌نیاهۆ تاکو ئه‌وکاته ده‌مێنێته‌وه. مانگی ته‌موز پێش دامه‌زرێنه‌ری ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل داود بنگۆریۆن ده‌که‌وێته‌وه له‌وه‌ی درێژترین ماوه سه‌رۆکوه‌زیران بووه.
دوای هه‌ڵبژاردنی سێپته‌مبه‌ر به‌پێی یاسای ئیسرائیل، سه‌رۆکی وڵات ده‌بێ که‌سێک رابسپێرێت که باشترین چانسی هه‌یه بتوانێ حکومه‌تێکی زۆرینه‌ی هاوپه‌یمانی پێکبهێنێ. ئینجا با ئه‌و که‌سه نه‌ته‌نیاهۆشبێ.
ئه‌و نادڵنیاییه له بارودۆخی سیاسی ره‌نگه کاریگه‌ری له‌سه‌ر پلانه‌که‌ی کۆشکی سپی ‘پلانی ئاشتی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست’ دابنێ. ئه‌مریکا وتی ئایدیاکانی خۆی بۆ ئاشتی له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه ره‌نگڕێژ ده‌کات‌و بڕیاریش وابوو هه‌نگاوی یه‌که‌می پلانه‌که‌ی بنێ - وه‌به‌رهێنانێکی سیاسی که پاڵی به ناوچه‌کانی فه‌له‌ستینه‌وه نا - مانگی داهاتوو کۆنفرانسێک له به‌حره‌ین ببه‌ستن.
ته‌نیا چه‌ند کاتژمێرێک دوای ده‌نگدانه‌که بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، زاواکه‌ی تره‌مپ. جارید کوشنه‌ر، که سه‌رۆکی پلانه‌که‌یه چاوی کەوت بە نه‌ته‌نیاهۆ. کوشنه‌ر، بۆ کۆکردنه‌وه‌ی پاڵپشتی بۆ پلانه‌که له ناوچه‌که ده‌سوڕێته‌وه، به‌ڵام هێشتا روون نییه له‌رزینه سیاسیه‌که‌ی ئیسرائیل کۆسپ بۆ هه‌وڵه‌کانی دروست ده‌کات یاخود نا.

مێگه‌ن سپێسیا: رۆژنامه‌نووس و ریپۆرته‌ره له رۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمز.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن