هەواڵ

پەرلەمانتارێکی گۆڕان وەڵامی دەداتەوە
قوباد تاڵەبانی لەسەر هێرشکردنە سەر مەکۆی گۆڕان ڕوونکردنەوە دەدات

09:11 - 11/06/2019 1817 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند ته‌قه‌كردنی‌ شه‌وی‌ ڕابردووی‌ نزیك له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان په‌یوه‌ندی‌ به‌یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانه‌وه‌ نه‌بووه‌، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت نوسینەکە بە نەفەسێکی حزبی و بەرگری خێزانی نوسراوە.

 

دابان محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە نوسینێکیدا لە فەیسبووک وەڵامی قسەکانی قوباد تاڵەبانی کە ئێستا "سەرۆکی حکومەتە" ڕایگەیاند "لە تویتێکدا قوباد تاڵەبانی کە ئێستا بە ئەمانەت و بۆ مانگێک سەرۆکی حکومەتی بە دەستە، حزبیانە و لایەندارانە قسە لەسەر روداوەکەی گردی زەرگەتە و شەهید کردنی کاکە (( ڕێبەند فەرهاد ))دەکات، لە کاتێکدا باسی بەردەوامی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەکات، حوکم دەدات و دەلێت: یەكێتی بێبەرییە لەو ڕوداوە".

ئەو پەرلەمانتارە هەروەها دەڵێت "نوسینەکە ئەوەند بە نەفەسێکی حزبی و بەرگری خێزانی نوسراوە، هەر بیری چوە ئەوەی شەهید بوە گەنجێکە و سەرەخۆشی لە خێزانەکەی و گۆڕان بکات، بەجۆرێک قسە ئەکات وەک ئەوەی ئاسایش، دژەتیرۆر، هێزە ۸٠٠ کەسیەکەی بافڵی برای، یەکەکانی ۷٠ و هێزە ڕەشەکە و فەوجەکانی سەرۆک کۆمار و فەوجەکانی فلان و هێزەکانی فیسار لای ئەوان نەبن، وەک ئەوەی هێزی ئەمنی و ئەم تۆزە ئەمنیەتەش کە ناو بەناو لە هەر قەیرانێکدا هەڕەشە لە تێکدانی دەکەن لای ئەوان نەبن".

ئەمڕۆ، ١١ی حوزەیرانی ٢٠١٩ بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "‎شه‌وی سێشه‌ممه‌، 11ی 6ی 2019، له‌ ئه‌نجامی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ر‌پرسێكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ هه‌ڵسوڕاوان و مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سلێمانی، دوای ئه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك هه‌ڵسوڕاو له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر هێرش و ته‌قه‌ی گروپێكی چه‌كداری به‌ناو سكیوریتی و له‌ ئه‌نجامدا كاكه‌ ( رێبه‌ند فه‌رهاد) شه‌هید ده‌بێت و چه‌ند كه‌سێك ده‌ستگیر ده‌كرێن و پاش ماوه‌یه‌ك ئازاد ده‌كرێن".

‎ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ڕوونیشیکردبوویەوە: "ئه‌م جۆره‌ ره‌فتاره‌ نابه‌رپرسیارانه‌ ئاسایشی ناوچه‌كه‌ و شاری سلێمانی تێكده‌دات".

جەختیشیکردبویەوە: "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ توندی ئیدانه‌ی ده‌كات و ئۆباڵی هه‌ر روداوێكی نه‌خوازراو ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی كه‌ رێز بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیان و كه‌رامه‌تی هاوڵاتیانی كوردستان دانانێن".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن