هەواڵ

کوردە عومەر: توندوتیژی سێکسیی لە هەموو توندوتیژییەکانی تر زیاترە

12:00 - 11/06/2019 172 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: زەمەن - هەولێر

 

کوردە عومەر، بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانی هەرێمی کوردستان، رەتیدەکاتەوە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کەمتەرخەمی کردبێ لە بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان، ئەو دەڵێت: بەڵام ئێمە رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی نین تا کەمپین بکەین و بچینە سەر جادە.
لە دیدارێکدا لەگەڵ “زەمەن” کوردە عومەر ئاشکرای دەکات، بۆ کابینەی داهاتوو پلان و ستراتیژی چوار ساڵیان داڕشتووەو لە بەرنامەیاندایە لە هەموو قەزاکان بەڕێوەبەرایەتی بکەنەوەو لە پارێزگای هەڵەبجەش بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەتیان هەبێ.
سەبارەت بە زیادبوونی توندوتیژییەکان لەسەر ژنان، کوردە عومەر دەڵێت: توندوتیژی زۆرە، بەڵام زۆربوونی سکاڵای ژنان، نیشانەی هۆشیاربوونەوەیانە لەسەر مافەکانیان و پێویستە زیاتر بکرێ تا پەنا بۆ یاسا ببرێ لە هەموو حاڵەتەکاندا.

 

 

* هه‌ر ژنێك رووبه‌ڕووی توندوتیژی ده‌بێته‌وه‌، خێرا كۆمه‌ڵێك كه‌س ده‌پرسن رێكخراوه‌كانی ژنان ئیشیان چیه‌؟ ئه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان ئیشیان چیه‌ كه‌ ئه‌و هه‌موو توندوتیژییه‌ هه‌یه‌، با ئێمه‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ تۆ بكه‌ین ئایا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ بێ كاریگه‌ریی بووه‌ تا خه‌ڵك گله‌یی لێی هه‌بێ؟
- لە هەموو كۆمه‌ڵگایه‌كدا توندوتیژی هەیە لەسەر ژنان و ته‌نیا له‌ وڵاتى ئێمه‌دا نییه‌، ساڵى رابردوو  10 هه‌زار‌و 808 كه‌س سكاڵایان تۆمارکردووە‌. ساڵانه‌ له‌ ده‌زگاكه‌ى ئێمه‌دا 10 بۆ 11 هه‌زار کەیسی‌توندوتیژی دژ بە ژنان دەبینرێ، ئەمە كه‌م نییە‌ کە‌ 10 هه‌زار ژن بێت و سكاڵا تۆماربكات. كه‌واته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ توندوتیژییان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت ده‌بێ ڕێگه‌ یاساییه‌كان بگرنه‌به‌ر‌و بێن سكاڵا تۆماربكه‌ن چونكه‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كى توندوتیژه‌، تا هۆشیار نه‌كرێته‌وه‌‌و رێگه‌ یاساییه‌كان نه‌گرێته‌ به‌ر چۆن پێش به‌ توندوتیژییه‌كان ده‌گیرێت. ئه‌مه‌ كاری ده‌زگایه‌ك نییە‌ بە تەنیا بتوانێ توندوتیژییه‌كان بنه‌بڕ بكات شتى وانییە‌. به‌ڵام ده‌كرێت ڕێگه‌ى یاسایى بگیرێته‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سانى تاوانبار به‌سزا بگه‌یه‌نرێن. 

 

 

* ئاماره‌كانی توندوتیژی چوار مانگی ئه‌مساڵ نیشانی ده‌دات، سكاڵا زۆربووه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم، به‌پێی ئه‌زموونی خۆتان ئه‌مه‌ بۆ هۆشیاربوونه‌وه‌ی ژنان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ناحه‌قی قبوڵ نه‌كه‌ن یان ئومێدیان بەوه‌یه‌ پشتوپه‌نایه‌كیان هه‌یه‌؟
- دیاره‌ دوو حاڵه‌ت هه‌یه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ له‌ چوار مانگى رابردوودا هێڵى گه‌رمى 119 كه‌وتووه‌ته‌ كار كه‌ ژنان ده‌توانن له‌ڕێى ئه‌م هێڵه‌وه‌ بێ به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندى بكه‌ن. خاڵى دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ ساڵ له‌ دواى ساڵ سكاڵاكانى ژنان زیاد ده‌كات، هه‌موو ساڵێك دوو هه‌زار حاڵه‌ت زیاد ده‌كات. ڕه‌نگه‌ ئه‌مساڵ زیاتریشبێ. به‌هه‌زارانى تر هه‌ن كه‌ توندوتیژیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت بەڵام سكاڵا تۆمار ناكه‌ن، زیادبوونى سكاڵاكان نیشانه‌ى هۆشیارى كۆمه‌ڵگه‌یه‌‌و له‌رێى میدیاكانه‌وه‌ هۆشیاریى بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

 

 

*وه‌زاره‌تی ناوخۆ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان تاچه‌ندێ هاوكاریتان ده‌كه‌ن؟
- باشه‌، له‌ زۆربه‌ى شوێنه‌كان له‌ڕێى پۆلیسه‌وه‌ هاوكارى ده‌كرێین.

 

 

*چ جۆره‌ توندوتیژییه‌ك زۆره‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژنان ده‌كرێت؟
- هه‌موو توندوتیژییه‌كان زۆره‌، وه‌كو لێدان‌و توندوتیژى سێكسیی، به‌ بۆچوونى من توندوتیژییه‌ سێكسییه‌كان زۆره‌ به‌ڵام كه‌متر تۆمار ده‌كرێن، به‌هۆى دابونه‌ریتى كۆمه‌ڵگه‌وه‌، سكاڵاكانى لێدان‌و نه‌گونجان زۆره‌.

 

 

*په‌یوه‌ندی و هاوكاری رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان چۆنه‌ بۆ ئێوه‌، كامیان زۆرتر هاوكاریتان پێشكه‌ش ده‌كات؟
- ئێمه‌ چه‌ند جارێك وتوومانه‌ ئه‌گه‌ر ڕێكخراوه‌ جۆربەجۆرەكانى سەر بە UN و ئه‌وانه‌ى له‌بوارى خولى ڕاهێنان‌و هاوکاریان کردووین نه‌بونایه،‌ ئێمه‌ نه‌مان ده‌توانى به‌رده‌وام بین. چونكه‌ به‌رده‌وام خولى ڕاهێنان‌و پێداویستى هێڵه‌ گه‌رمه‌كه‌ى به‌ هاوكاری ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ دانیشتووان ( UNFPA) دابینكراوه‌.

 

 

* قه‌یرانی دارایی كاریگه‌ریی هه‌بوو بۆ سه‌ر به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ئێوه‌ بۆ نموونه‌ وازهێنانی كارمه‌ند، كه‌مبوونه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌و پێداویستیی؟
- كارمه‌ند وازى نه‌هێناوه‌‌و ژماره‌یه‌كى كه‌میش مۆڵه‌تى بێ موچه‌یان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام حه‌تمه‌ن قه‌یرانه‌كه‌ كاریگه‌رى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر ده‌زگاكانى حكومه‌ت‌و ئه‌وه‌ى ئێمه‌ش هه‌بوو، له‌ڕووى ئۆتۆمبێڵ‌و نه‌سرییه‌وه‌.

 

 

*به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ئێوه‌ شوێنێكی هه‌ستیارن، كه‌چی بینا و شوێنیان ته‌نگ و بچووكه‌، ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ته‌ كێشه‌و ئاسته‌نگی به‌رده‌م كاره‌كانتان؟
- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى هه‌ولێر‌و سلێمانى‌و دهۆك‌و سۆران‌و ڕاپه‌ڕین شوێنیان به‌رفراوانه‌‌و بیناى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌، وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هه‌وڵماندا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هه‌ولێر شوێنى به‌رفراوانیان هه‌بێ‌و بینایان بۆ دروست بكرێ، به‌ڵام قه‌یرانى دارایى به‌سه‌ردا هات. ژمارەیەک نووسینگه‌مان هه‌یه‌ له‌ خانووى كرێدان‌و پێویستمان به‌ بیناى تایبه‌ت هه‌یه‌.

 

 

*كام وه‌زاره‌ت هه‌یه‌ كه‌ داواكارییه‌كانی ئێوه‌ی ره‌تكردبێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر سكاڵاتان له‌سه‌ر داواكراوێك هه‌بووبێ؟
-وه‌زاره‌ته‌كان هاوكارن، به‌ڵام وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌حكومى ئه‌وه‌ى چه‌ند جارێك نووسراو ده‌كه‌ین تا كه‌سێك ده‌دۆزرێته‌وه‌ له‌ چ فه‌یله‌ق‌و به‌شێكه‌‌، ئەمە ئاسان نییە‌ ئه‌وانه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ن.

 

 

*بۆچی كه‌یسی كوشتنی ژنان زیاتر رێكخراوه‌كان به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ن و كه‌مپینی بۆ ده‌كه‌ن، ئێوه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌ركتان چیه‌؟
- ئێمه‌ سەر بە وه‌زاره‌تى ناوخۆین، ناكرێ بچین كه‌مپین بكه‌ین‌و بچینه‌ سه‌ر جاده‌، ده‌كرێت له‌ڕێى تیمه‌كانى خۆمانه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌‌و به‌دواداچوون ب‌كه‌ین له‌گه‌ڵ پۆلیس. شته‌كانى ئێمه‌ زیاتر له‌ پشت په‌رده‌وه‌یه‌.

 

 

*له‌و ساڵه‌وه‌ كه‌ ده‌ستبه‌كاربووی، چ كه‌یس و تاوانێك هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر ژنان كه‌ زۆر كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌رت و له‌ بیرت ناچێته‌وه‌؟
- دوو شت هه‌یه‌ كه‌ به‌ئاسانی له‌بیرم ناچنه‌وه‌، كه‌یسى كوشتنى ئه‌و دوو منداڵه‌ى وا لە دهۆک پیاوێک کوشتنی، خۆی دوو ژنى هه‌بوو. یه‌كێكیان حه‌وت ساڵان بوو، ‌دواى ئیغتیسابكردنیان كوشتنى، ئه‌وه‌م له‌بیرناچێته‌وه‌. كه‌یسێكى تریش ئه‌وه‌بوو لە گەرمیان برایه‌ك ده‌ستدرێژى كرده‌ سه‌ر خوشكێکی خۆ‌ی، دواتر برایەكى ترى چوو كوشتى، ئه‌و دوو كه‌یسه‌ زۆر كاریگه‌ربوون لەسەرم.

 

 

*كه‌یسی عه‌قید ژیله‌مۆ لە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانی هەولێر كه‌ كوردستانی به‌جێهێشت به‌كوێ گه‌یشت ئایا ئێوه‌ ئاگاداری جێهێشتنی بوون؟
- مۆڵه‌تى بێ موچه‌ى کردووە‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى منداڵى نه‌خۆش بوو چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌‌و هیچ هۆكارێكى تر نه‌بووه‌‌و خۆمان مۆڵه‌تمان پێدا.

 

 

*پڕۆژه‌‌و به‌رنامه‌ى داهاتووتان چى ده‌بێ؟
- دانانى پلان و ستراتیژێك بۆ ماوه‌ى چوار ساڵ كه‌ بۆ كابینه‌ى تازه‌ى حكومه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و هێڵى گه‌رمه‌ كارى تێدا بكه‌ین‌و داموده‌زگاكانیشمان فراوانتر بكرێن، له‌زۆربه‌ى قه‌زاكان نووسینگه‌مان هه‌بێ و له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ تائێستا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان نییە‌، پێویسته‌ له‌ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ توندوتیژى هه‌یه‌ نووسینگه‌مان هه‌بێ. هه‌روه‌ها دانانى ستراتیژ بۆ خولى كارمه‌ند‌و ئه‌فسه‌رەکانمان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن