تەندروستی

ئەگەر تا مانگی چوار لایەنەكان رێكنەكەون
ئەمساڵیش دەست لە هەڵبژاردن بشۆن

03:24 - 25/02/2023 117 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"


ئەگەرچی دەبووایە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا، پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی کارانەکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن، نەتوانرا پڕۆسەکە لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت و رۆژی ٩ی ١٠ی ٢٠٢٢، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکدا بڕیاری درێژکردنەوەکەی تەمەنی خۆی پەسەند کرد.


لایەنە سیاسییەکان لەمیدیاوە وا ئیدیعا دەكەن كە ئەوان کۆکن لەسەر ئەوەی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە میانی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، بەڵام وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، شێروان زرار بە زەمەنی راگەیاند کە ئەگەر تا كۆتای مانگی چوار لایەنەکان رێکنەکەون ئەوا ناتوانن پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

شێروان زرار لەبارەی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، وتی: "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠١٩ەوە وادەی تەواو بووە، ئێمە پێش تەواوبوونی ماوەی یاسایی، بە ئەرکی خۆمان ھەڵساوین و تا ئێستا چوار نووسراومان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردووە و ئاگادارمان کردوون کە ئەگەر ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت ئەوا پێویستە ئەنجوومەنێکی کارای کۆمیسیاران ھەبێت و یاسایەکی بەرکار ھەبێت لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو ئەنجوومەنە کاری لەسەر بکات، بەڵام تا ئێستا ھیچ وەڵامێکی فەرمیمان وەرنەگرتووە، ئەمەش پەیوەندی بە رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە ھەیە کە بەداخەوە لە ساڵی پارەوە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن".

لە کۆتایی مانگی ئاداری ٢٠٢٢دا، پێشنیازە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکانی،یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان،یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەریی و نەوەی نوێ پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا و تیایدا داوا کرا کە ھەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی ھەڵبژاردندا دابەش بکرێت، ئەم پێشنیازە فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی کردە دوو بەش، بەشێک پێیانوابوو کە دەبێت ھەڵبژاردن بەم یاسایەی ئێستا لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت و بەشێکی دیکەیش داوای ھەموارکردنەوەی یاساکە دەکەن.

شێروان زرار لەبارەی کێشە و گرفتەکانی بەردەم ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە زەمەنی وت: "بۆچوونی ئێمە وایە کە بۆ ھەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە ھەرێمی کوردستان، شەش خاڵی سەرەکی ھەیە، ئەوانیش بریتیین لە:

یەكەم: رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی ئەمساڵ ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.


دووەم: رێککەوتنی پەرلەمانیی بکرێت لەسەر کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و بابەتی یاسای ھەڵبژاردن کە لەناویاساکەش ھەندێک بڕگە و ماددە ھەیە پێویستی بە ھەموارکردنەوە ھەیە لەوانە (بابەتی تۆماری دەنگدەران، کورسی ئافرەتان، کورسی پێکھاتەکان، دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی).

سێیەم:  مەرسومێکی ھەرێمیی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە دەربکرێت کە رۆژی ھەڵبژاردنی لەسەر دیاریی بکرێت.

چوارەم: دابینکردنی بوودجە لەلایەن حکوومەتەوە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكە.

پێنجەم: ماوەی شەش مانگمان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین ئامادەکاری بۆ پڕۆسەکە بکەین.

شەشەم: ھەبوونی کەشێکی لەبار بۆ ھەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان بەشداری تیادا بکەن کە بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستان ئەو کەشە لەبارە نابینین و بارودخی ھاووڵاتییان لەو ئاستە باشەدا نییە، بۆیە ئەگەر بیانەوێت ھەڵبژاردن بکرێت پێویستە لەم چەند مانگەدا، بارودۆخ و گوزەرانی خەڵک باشتر بکرێت.


لە دانیشتنی رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ی پەرلەمانی کوردستاندا پێشنیازە یاسای (بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق) بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار پەسەند کرا.

شێروان زرار وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، لەو لێدوانە تایبەتەیدا بۆ زەمەن جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەپێی یاسای درێژكردنەوەی خولی پەرلەمان ئەمساڵی ٢٠٢٣یە  دەبێت ھەڵبژاردن بکرێت و رێگرییەکانی بەردەم ھەڵبژاردن لاببرێت'، بۆیە بەپێی ھەموو پێوەرەکان دەبێت ھەڵبژاردن ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، چونکە ھەڵبژاردن نەک لە کاتی خۆیدا نەکراوە بەڵکو ساڵێکیش بەسەر وادەکەیدا تێپەڕیوە، بۆیە بەلای ئێمەوە گرنگە و چاوەڕێی لایەنە سیاسییەکانین. ھیوادارین تا مانگی نیسان لایەنە سیاسییەکان بگەنە رێککەوتن ئەگەر بڕیاربێت مانگی ١٠ پڕۆسەی ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت".

وتيشى "بە راشکاوی رایدەگەیەنین ئەگەرلەو بەروارەی باسمكرد لایەنە سیاسییەکان نەگەنە رێککەوتن، ئەوا بە ئەستەمی دەبینین پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، لەبەر ئەوەی کات لەبەردەمی کۆمیسیۆن نامینێت و ناتوانرێت ئامادەکارییەکی باش بکەین".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن