هەواڵ

"ده‌رمانى ساخته‌و بێ كوالێتى دراوه‌ به‌ توشبووانى شێرپه‌نجه‌"

10:53 - 02/06/2019 712 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

سازدانی: سەرچین ساڵح

 

د.شایان عه‌سكه‌ری، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاشکرای دەکات کە دەرمانی بێناسنامەو بێکوالێتی لە نەخۆشخانەکانی شێرپەنجەدا دراونەتە نەخۆش لە کاتێکدا دەرمانەکان بە فلتەری وەزارەتدا گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکان.


لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی “زەمەن” جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دەڵێت: بەڵگە بە دەستەوەیە کاتێک دەڵێت گەندەڵی گەورەو ترسناک هەیە لە کەرتی تەندروستیدا. هەروەها لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی لە هەرێمدا بازرگانی دەکرێت بە دەرمانەوە.


شایان بێجگە لەوەی ئەندامی پەرلەمانە لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان و بەدواچوون بۆ کێشەو کەموکوڕییەکان لە کەرتی تەندروستیدا دەکات، بۆ خۆیشی ئەزموونی پزیشکیی هەیە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی کە تایبەتە بە چارەسەری شێرپەنجە لە شاری هەولێر. دەڵێت: لەو کاتەی پزیشک بووە بۆ خۆی دەرمانی بێناسنامەی بینیوە کە دراونەتە توشبووانی شێرپەنجە.


ئەو هەروەها  وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ى له‌گه‌ڵ چوار كۆمپانیاى هێنانی ده‌رماندا رێککەوتنی هەیە کە ئەو کۆمپانیایانە دەرمانی ساخته‌یان هێناوەو ئێستا به‌ هه‌وڵى ئەوان لیژنه‌یه‌ك بۆ به‌دواداچوونى كه‌مى ده‌رمان له‌ هه‌ردوو نه‌خۆشخانه‌ى نانه‌كه‌لى له‌ هه‌ولێر‌و هیوا له‌ سلێمانى پێكهێنراون.



* سه‌ره‌تا با له‌وه‌وه‌ ده‌سپێبكه‌ین، ئەوەندەی تۆ بەدواداچوونت بۆ کردووە، كه‌میی یان نه‌مانی هه‌ندێك ده‌رمانی نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه‌ هۆكاری چیه‌؟
- كۆتایی مانگی سێی ئه‌مساڵ ده‌رمانسازێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ی هیوا باسی نه‌مان‌و كه‌می ده‌رمانی كرد، ئه‌وه‌ بوو له‌ لیژنه‌ی ته‌ندروستی‌و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كیمان پێكهێنا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌. سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كراو له‌گه‌ڵ وه‌زیری ته‌ندروستی‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سندوقی كۆمه‌ك بۆ توشبووانی شێرپه‌نجه‌ كۆبوونه‌وه‌ كرا، له‌ کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ بێجگە لە پێنج ملیۆن دۆلار، زیاتر له‌ ١١١ ملیار دیناریش له‌ حسابی بانكیی سندوقەکەدا هه‌بووه‌و ئێستا زیاتریشه‌. کەچی بۆیان هه‌یه‌ هه‌فتانه‌ تەنیا ٢٪ له‌و حسابه‌ بانكییه‌ رابكێشن بۆ كرینی ده‌رمان! پێویسته‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ بۆ ١٠٪  زیاد بكرێت بۆ دابینكردنی ده‌رمان بۆ هه‌موو سه‌نته‌ره‌كانی شێرپه‌نجه‌ له‌ كوردستان.


رۆژی ١٤ی نیسان لیژنەکەمان‌ سه‌ردانی وه‌زیری دارایی كرد، به‌رێزیان بەڵێنیاندا كه‌ رێژه‌كه‌ زیاد بكه‌ن، به‌ڵام نەک كێشه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا چاره‌سەر نەكرا، بەڵکو ئێستا نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لیشی هاتە‌سه‌ر کە لەوێش به‌شێك له‌ ده‌رمانی شێرپەنجە نەماوە. ئێمە رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی لیژنه‌ی ته‌ندروستی دیسان باسمان كرده‌وه‌، سه‌رۆكی لیژنه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان دوا، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی دوا ئه‌ویش به‌ڵێنه‌كه‌ی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ زیاد بكات، كه‌واته‌ سندوقی شێرپه‌نجه‌ هۆكاره‌كه‌ ده‌گه‌رێنێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی پاره‌. 

 


*  حكومه‌تی هه‌رێم‌و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وای نیشان ده‌ده‌ن زۆر په‌رۆش‌و رژدن له‌سه‌ر په‌یداكردنی ده‌رمان بۆ شێرپه‌نجه‌ به‌ڵام تواناكانیان سنوورداره‌، ئایا ئه‌م پاساوه‌ راسته‌ یان كه‌مته‌رخه‌می هه‌یه‌؟
- بێگومان كه‌مته‌رخه‌می هه‌یه‌، من ده‌پرسم له‌ چ روویه‌كه‌وه‌ تواناكانیان سنوورداره‌ ئەی بۆچی چاره‌سەری ناكه‌ن؟ راسته‌ بودجه‌ى وه‌زاره‌تى تەندروستی كه‌مه‌‌و ٧٪ی تێکڕای بودجه‌ى هه‌رێمه‌، به‌ڵام سندوقى شێرپه‌نجه‌ پاره‌یه‌كى زۆرى تێدایه‌ ئه‌گه‌ر پاره‌ى ئه‌و سندوقه‌ خه‌رج بكرێت، دەتوانێ ده‌رمان دابین بکات. ئینجا كاتێك وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كێشه‌یان هه‌یه‌ بابیهێننه‌ په‌رله‌مان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌ په‌رله‌مان كێشه‌كان ئاسانتر چاره‌سەر ده‌كرێن، كاتێك فه‌راغێكى یاسایی هه‌یه‌ یان یاسایه‌ك پێویستى به‌هه‌مواره‌ ئه‌وه‌یان بۆ ده‌كه‌ین، كارئاسانى زیاتریان بۆ ده‌كه‌ین. 

 


* تۆ ده‌ڵێی گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌ له‌ سندوقی هاوكاری توشبووانی شێرپه‌نجه‌، دەتوانی زیاتر روونی بکەیتەوە گه‌نده‌ڵییه‌كه‌ له‌ كوێدایه‌؟ 
-  كوێركرنی چاوی خه‌ڵك به‌ده‌رمانی ساخته‌، به‌ستنی ته‌نده‌ر له‌گه‌ڵ چوار كۆمپانیای هێنانی ده‌رمان کە ساخته‌ى تێدابووە‌. گه‌نده‌ڵییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ واژۆی وه‌زیری ته‌ندروستی له‌ كاتی قه‌یرانی داراییدا ده‌ست براوه‌ بۆ پاره‌ی سندوق بۆ دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌سه‌ر حسابی سندوق! پزیشكی بیانی هێنراوه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ریی كه‌ پزیشكانی كوردستان زۆر باشتر له‌و جۆره‌ نه‌شته‌رگه‌رییانه‌ ئه‌نجام ده‌دەن، ئەمانە بەشێکی گەندەڵییەکانن. 

 


* باسی ئه‌وه‌شت كردووه‌ كه‌ ده‌رمانی ساخته‌و بێكوالیتی دراوه‌ته‌ توشبووانی شێرپه‌نجه‌، ده‌توانی له‌مباره‌یه‌وه‌ زیاتر روونكرده‌وه‌ بده‌ی له‌ كوێ‌و چۆن دراوه‌؟ ده‌رمانه‌كان له‌ كوێوه‌ هاتوون‌و چۆن گه‌یه‌نراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی؟
- به‌دواداچوونم كردووه‌، دەرکەوتووە ده‌رمانى ساخته‌ و بێ كولێتى دراوه‌ به‌ توشبووانى شێرپه‌نجه‌. ئه‌و كاته‌یشی كاری پزیشكیم ده‌كرد له‌ نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی، جۆره‌ ده‌رمانێك ده‌درا به ‌نه‌خۆش پاكه‌ته‌كه‌ی سپی بوو هیچ زانیاری له‌سه‌ر نه‌بوو! ئەو دەرمانە بێناسنامەیە به‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی‌و سندوقی شێرپه‌نجه‌دا تێپه‌ڕی بوو تاگەیشتبووە نەخۆشخانە. 

 


* لە شوێندێکدا نووسیوتە: گەندەڵی و بازرگانی بە دەرمانەوە، سەرتاپای بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی گرتووەتەوە، به‌ڵگه‌ت چیه‌ كه‌ واده‌ڵێی؟ 
* كه‌ ده‌رمانێكی ساخته‌ بەبێ پشكنین له‌ بازگەکانە‌وه‌ بهێرێته‌ ناو كوردستانەوە‌و له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیه‌وه‌ رێگه‌ی پێبدرێ‌ دابەش بکرێن، کاتێ به‌رێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌كان لاری ده‌رنه‌بڕن لە وەرگرتنی ئەو جۆرە دەرمانانەدا، ئەمە بۆ خۆی گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ تێوه‌گلاون. ده‌رمان به‌بێ مۆرى ته‌ندروستى دێته‌ هه‌رێمه‌وه‌، له‌ڕێى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیه‌وه‌ ڕێگه‌ى پێده‌درێت دابه‌شبكرێت‌و به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌كانیش ڕه‌تی ناكه‌نه‌وه‌، بێجگه‌ له‌ نه‌بوونى ده‌رمان، كه‌مى ئامێر و کەرەستە هه‌یه‌، گه‌نده‌ڵى له‌ كۆمپانیاكانى پاككردنه‌وه‌دا هه‌یه‌ كارگێڕیى نه‌خۆشخانه‌كان ده‌ستیان تێیدایه‌. كه‌ره‌سته‌ و خۆراکى نه‌خۆشخانه‌كان خراپن‌ کەچی ده‌كرێن به ‌خواردن. ئەمانە نموونەیەکن لەو گەندەڵییانە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستیدا.

 


*  تۆ ئه‌ندامی له‌ رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی بۆ نه‌هێشتنی ده‌رمانی ساخته‌و كوالیتی خراپ، ئه‌م رێكخراوه‌ت ئاگادار كردووەته‌وه‌ له‌و مه‌ترسیانه‌ی باستكردون له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن؟ 
- كۆمه‌ڵیك نموونه‌ی ده‌رمانم بۆ ناردوون بۆ پشكنین بۆ دڵنیابوون له‌ كوالیتی ده‌رمانه‌كان، دوای هەڵسەنگاندنی نموونەکانی کە ئێمە ناردوومانن، دواتر ئه‌وان ڕاپۆرت ده‌نووسن‌ و وەڵاممان دەدەنەوە ئەوکاتە ئێمەش‌ ئیجرائات ده‌كه‌ین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئێمه‌ گومانمان له‌ كوالێتى كۆنترۆڵى جۆریى هه‌رێمی کوردستان هەیه‌، له‌وانه‌یه‌ بڵێن ئه‌و ده‌رمانه‌مان پشكنیوه‌، به‌ڵام ‌لەوانەیە ته‌زویربێ، حاڵه‌تى واش هه‌بووه‌.

 


* ئه‌وه‌نده‌ی تۆ به‌ دواداچوونت بۆ كردووه‌ گه‌نده‌ڵی‌و بازرگانیكردن به‌ ده‌رمانه‌وه‌ كارێكی رێكخراوه‌ یان هه‌ره‌مه‌كیه‌و به‌هۆی بێ توانایی وه‌زاره‌ت‌و حكومه‌ته‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م كه‌رته‌ گرنگه‌ ئالووده‌ی گه‌نده‌ڵی كراوه‌؟ 
- لە یەک کاتدا بەڵێ هه‌ردووكیه‌تی، به‌ڵام كاریگه‌ری به ‌سیستمكردنی گه‌نده‌ڵی له‌ ده‌رمان وکەرتی تەندروستیدا، زۆر مەترسیدارتره‌ له‌سەر کۆمەڵگە. چونکە ئەمە بەندە بە مان و نەمانی مرۆڤەوە بۆیە دەبێ لە هەموو کەرتەکانی تر خاوێنتربێ. لەلایەکی ترەوە به‌ڵێ بێ توانایی‌و بێ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت و وه‌زاره‌ت نیشان ده‌دات به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كه‌ بازاڕی ده‌رمانیان قۆرخ و پاوانكردووه‌و كه‌س نییه‌ لێپرسینه‌وه‌یان لێ بكات. بگره‌ ئه‌وان گه‌نده‌ڵییه‌كه‌ به‌سه‌ر وه‌زاره‌تدا ده‌سه‌پێنن و دەرمان  وکەرەستە خراپەکان فەرز دەکەن بەسەر وەزارەتدا. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن