هەواڵ

ئەنفال، چەمكی سڕینەوەی نەتەوەیەك

04:42 - 02/06/2019 29 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

 

بیشوان جەلال
(دوو هەفتە جارێک دەینووسێت)

ئەنفال ، ئەو وشەیەی كە 182 هەزار مرۆڤی كردە قوربانی، بەر لەوەی قوربانیەكان لە مانای وشەكە تێبگەن، وشەیەك نامۆ بە فەرهەنگی مێژووی مرۆڤایەتی و تەژی بە رق‌و كینەی هەڵچنراوی دەوڵەتێك لە هەمبەر هاوڵاتیانی خۆی.

 

بیرمەندێكی جولەكە لە پاش روداوی هۆڵكۆست وتی: “شیعر وەزیفەی خۆی لەدەستدا ئیدی ئێمە لەمەودا نابێت شیعر بنوسینەوە”  هەربۆیە سینەما وەك پێگەیەكی كاریگەر كارەساتی هۆلۆكۆستی گەیاندە گشت پنتێكی ئەم جیهانەو تاكو ئیستا ئەو پرسە هەوێنی بەردەوامی فیلمی سینەماییە.

 


ئەنفال، ئەو كارەساتەی گەر لە هۆڵۆكۆست گەورەتر نەبووبێت، بچوكتر نیە، لەنێو  جڤاتی كوردیدا  پێچەوانەی  هۆلۆكۆستی دەستەخوشكی كاری لەسەر كرا، لەوێ نووسەرێك وتی شیعر ئەركی خۆی لەدەستدا، بەڵام لێرە رەنگە تەنها شیعر و پەخشان ئەو كارەساتەی لە ئامێز گرتبێت، لەوێ پرسی ئاینێك،  بوو بە پرسی نەتەوە و بنیاتنانی قەوارەیەكی فراوان و كاریگەر لە جیهاندا .  لێرە، چەمكەكانی ئاین كران بە چەكی سڕینەوەی نەتەوەیەك. 

 


وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئەنفال لەنێو هزری رۆشنبیر و دەسەڵات و سیاسەت و ئاین و تاكی كوردیدا چۆن مانیفێست دەبێت بەجێدەهێڵین، بەڵام تیشك دەخەینە سەر بەرهەمێكی سینەمایی فیكشن دۆكیومێنتری بەناوی (هەزار و یەك سێو) كە لە نووسین و دەرهێنانی فیلمسازی كۆچكردووی كورد تەهای كەریمیە...

 


لەم فیلمەدا رزگاربووەكانی نێو تراژیدیای ئەنفال دەدوێن، ئەوان وێنەی چركە بە چركەی ئەو كارەساتەیان لەپێش چاو ون نابێ‌و  دەنگی  فیشەك و نەڕەی نوكی شۆفڵ و حەفارەكان هەمیشە لە گوێیاندا دەزرنگێتەوە. بەجۆرێك ئەو ئازارە لەكاتی گێرانەوەی روداوەكاندا لەرێگەی فرمێسەكانیانەوە خۆی بەیان دەكات .


فیلمی (هەزار و یەك سێو) هەرچەندە بە شێوەیەكی نەرم كاری لەسەر پرسی ئەنفال كردووە، بەڵام هەوڵێكە بۆ بەدۆكیومێنتكردنی ئەو كارەساتە، هەرچەندە نووسەرو دەرهێنەری فیلمەكە خۆی لە ژیاندا نەماوە، رەنگە بەشێكیش لە بەشداربوەكانی نێو فیلمەكە، لە ژیاندا نەمابن، بەڵام لە رێگەی ئەم فیلمەوە دەتونرێت وێنایەكی كارەساتی ئەنفال، لە زاری رزگاربوەكانی ئەو كارەساتەوە ببینین و ببیسین. تەهای كەریمی كوڕە لاوێكی بانەیی لە رۆژهەڵاتی نیشتیمانەوە ئازارەكانی هاونیشتمانیانی باشووری دۆكیومێنت كرد. ئێمەش لێرەوە هەوێنی ئەم پرسە وەك كەرەستەیەكی بەهێزی سینەمایی بەجێدێڵین بۆ فیلمساز و سینەماكارانی كورد، كە لە ئایندەدا وەك هۆڵۆكۆست بڕواننە پرسی ئەنفال.!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن