پلەى گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزێت
06:08 - 08/12/2022
247 جار خوێندراوەتەوە
زەمەن_هەرێمى کوردستان
بەپێى پێشبینییە
کەشناسییەکان، بایەکی وشک و سارد لە ئێوارەی سبەینێ هەینییەوە چالاکدەبێت و پلەكانی
گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزن.
ئاراس جەبار شارەزای
بواری کەشناسی رایگەیاند، “سبەینێ ھەینی ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بە زۆری ساماڵ و
کەمێک پەڵەھەور دەبێت، لە کاتەکانی سبەی ئێوارەوە تا پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممەی
داهاتوو، لە ئەنجامی زیادبوونەوەی کاریگەریی ئەو بەرزەپاڵەپەستۆیەی لەسەر ناوچەکانمانە،
بایەکی وشک و سارد ناوبەناو لە ناوچە شاخاوییەکانی خۆرھەڵاتی ھەرێم چالاکدەبێتەوە”.
بەپێی وتەی ئەو شارەزایەی
بواری كەشناسی، کاریگەریی ئەو بەرزەپاڵەپەستۆ و بایە ساردە، لەسەر ناوچەکانی سنووری
پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی خۆرھەڵاتی پارێزگای
ھەولێر دەبێت بە خێرایی 15 بۆ 30 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا.
ئاماژە بەوەشدەکات ئەو
گۆڕانەی كەشوهەوا دەبێتەھۆی زیاتر دابەزینی پلەکانی گەرما لە شەواندا و نزمبوونەوەی
پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سەدی لە ناوچە شاخاوییەکاندا، بەڵام لە کاتەکانی رۆژدا
بە گشتی پلەکانی گەرما لەو ماوەیەدا بە شێوەیەکی جێگیر دەمێننێتەوە.