هەواڵ

چۆن خۆت ئامادە دەکەیت بۆ تاقیكردنه‌وه‌كان؟

08:42 - 25/05/2019 113 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

١. كاتی ته‌واو ته‌رخان بكه‌ بۆ سه‌عیكردن: 
هه‌وڵبده‌ خشته‌یه‌ك دابنێ بۆ دابه‌شكردنی وانه‌كانت به‌سه‌ر ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ ماوته‌ تاكاتی تاقیكردنه‌وه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك بتوانی فریای پیاچوونه‌وه‌ی هه‌موو بابه‌ته‌كانی خوێندوتن بكه‌وی. ئه‌مه‌ش ده‌توانرێ له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك یان زیاتر پێش ده‌ستپێكردنی تاقیكردنه‌وه‌كان بكرێت. هه‌ندێك له‌خوێندكاران هیچ كاتێك بۆ پیاچونه‌وه‌ی وانه‌كانیان ناهێڵنه‌وه‌و تەنیا رۆژێك یان شه‌وێك پێش ده‌ستپێكردنی تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌كه‌ونه‌ خۆیان‌و ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كاتی پێویستیان نه‌بێ‌و توشی شپرزه‌یی و شڵەژان ببن بۆیه‌ ده‌بێت ماوه‌یه‌ك پێش تاقیكردنه‌وه‌كان پلانت هه‌بێ‌و بزانی چه‌ندت كات پێویسته‌ بۆ پیاچونه‌وه‌ی سه‌رجه‌م وانه‌كانت.

٢. ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ سه‌عی تیاده‌كه‌یت ئاماده‌یبكه‌و رێكی بخه‌: 
ئه‌مه‌ش واته‌ ده‌بێ شوێنی سه‌عیکردن گونجاوبێ‌و شتی وای تێدانه‌بێ كه‌ سه‌رنجت لابدات له‌ سه‌عیكردنه‌كه‌ت. هه‌روه‌ها هه‌وڵبده‌ هه‌رشتێك ده‌زانی دوورت ده‌خاته‌وه‌ له‌ سه‌عیكردن لایبه‌ره‌، به‌تایبه‌تی ته‌له‌فزیۆن‌و ئایپادو پله‌یسته‌یشن‌.

٣. له‌كاتی سه‌عیكردندا قه‌ڵه‌مه‌كه‌ت به‌كاربهێنه‌:

به‌كارهێنانی قه‌ڵه‌م بۆ دروستكردنی ‌هێڵكاری‌و دایه‌گرام به‌مه‌به‌ستی رێكخستنی ئه‌و شتانه‌ی ده‌زانی گرنگن و یارمه‌تیت ده‌دا ئه‌و شتانه‌ی ده‌یخوێنیته‌وه‌ له‌بیریان نه‌كه‌یت‌و زوو بێنه‌وه‌ بیریت، له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆ ئه‌و شتانه‌ی ده‌یخوێنیته‌وه‌ ده‌توانی له‌ڕێی قه‌ڵه‌مه‌كه‌ته‌وه‌ بیكه‌یته‌ وێنه‌ی گرافیكی‌و به‌مه‌ش هه‌ستی بینینیشت به‌شدار ده‌بێ له‌ فێربوونداو باشتر شته‌كان ده‌چنه‌ یادگاته‌وه‌.


٤. پرسیاری تاقیكردنه‌وه‌ی ساڵانی ڕابردوو شیكار بكه‌: 
زۆر گرنگه‌، خوێندكاری هه‌ر قۆناغێكی خوێندنی كه‌ پرسیاری ساڵانی تر ده‌سبخه‌یت‌و هه‌وڵبده‌ی خۆتی پێتاقی بكه‌یته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ یارمه‌تیت ده‌دات بۆ تێگه‌یشتن له‌ بابه‌ته‌كه‌و هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ مه‌شقێكی كرداری پێش تاقیكردنه‌وه‌كان‌و ده‌زانی چه‌ندت پێویست به‌كات ده‌بێ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ت، له‌هه‌مووی گرنگتریش فێری شێوازو شێوه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی خۆتی بۆئاماده‌ده‌كه‌یت ده‌بیت.

٥. ئه‌وه‌ی سه‌عیت تێداكردووه‌ بۆ كه‌سانی تری باس بكه‌: 

یه‌كێك له‌و ڕێگه‌یانه‌ی یارمه‌تی تێگه‌یشتن و باشتربوونی بیركردنه‌وه‌ت ده‌دات باسكردنی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوێندوته‌وه‌ بۆ هاوڕێكانت یان ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ت. به‌مه‌ش هه‌م سوود به‌هاوڕێكه‌ت ده‌گه‌یه‌نیت و هه‌م ده‌بێته‌ مه‌شقێك بۆ خۆت و هه‌روه‌ها ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك جار باش تێینه‌گه‌شتبیت و هاوڕێكه‌ت بۆت ڕاستبكاته‌وه‌ و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌وڵ بده‌ كاتێك دابنێن له‌گه‌ڵ هاوڕێكانتدا به‌كۆمه‌ڵ باسی ئه‌و بابه‌تانه‌ بكه‌ن كه‌ سه‌عیتان تێداكردووه‌.

٦. ماوه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ریه‌ك سه‌عی مه‌كه‌: 
هه‌وڵبده‌ ناوبه‌ناو ئیسراحه‌تێك به‌ مێشكت بده‌ و له‌ هه‌ر ناوبڕێكدا كه‌ ده‌یكه‌یت بۆ پشوودان ئاو بخۆره‌وه‌، چونكه‌ ئاوخواردنه‌وه‌ یارمه‌تیت ده‌دات تا مێشكت هه‌ر به‌چالاكی بمێنێته‌وه‌. هه‌روه‌ها كاتی ته‌واویش بۆ خه‌وتن دابنێ و پشوو به‌جه‌سته‌ت بده‌.


٧. خواردنی ته‌ندروست بخۆ: 
خواردنی میوه‌و سه‌وزه‌ی جۆراوجۆرو پڕ له‌ ڤیتامین مێشكت به‌دروستی‌و باشی ده‌هێڵێته‌وه‌و واده‌كات مێشكت باشتر وانه‌كان وه‌ربگرێت‌و یادگه‌ت به‌هێز ده‌كات.

٨. له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌كاندا په‌له‌ مه‌كه‌: 
پرسیاره‌كان زۆر به‌ وردی‌و جوانی بخوێنه‌ره‌وه‌و تێبینیان له‌سه‌ر بنووسه‌و گه‌ر شتێكت نه‌زانی ده‌ستنیشانی بكه‌و بازده‌ به‌سه‌ریداو دوایی بچۆره‌وه‌ سه‌ری، ئه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی كاتت لێ به‌فیڕۆ نه‌ڕوات. ئه‌گه‌ر پرسیارێكت لا ڕوون نه‌بوو پرسیار له‌ مامۆستاكه‌ت بكه‌و داوای ڕونكردنه‌وه‌ی لێبكه‌. دوای وه‌ڵامدانه‌وه‌ش، پێداچوونه‌وه‌ بكه‌و دڵنیابه‌ره‌وه‌ كه‌هیچ لقێك یان پرسیارێكت به‌جێنه‌هێشتووه‌.

٩. یاساو ڕێنماییه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌كان بزانه‌و پابه‌ندبه‌ پێیانه‌وه‌: 
ئه‌میش بۆئه‌وه‌ی له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌كاندا توشی كاردانه‌وه‌ی نێگه‌تیڤ نه‌بیته‌وه‌ له‌لایه‌ن چاودێری تاقیكردنه‌وه‌كانه‌وه‌و كاربكاته‌ سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌كانت، له‌بیرت بێت پێویسته‌ هه‌میشه‌ ئارام بیت‌و هێمنی ناوهۆڵی تاقیكردنه‌وه‌كان بپارێزیت.


به‌همه‌ن جه‌بار: سه‌رپه‌رشتیاری پسپۆڕی زمانی ئینگلیزی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن