کوردستان

زانکۆى سلێمانیش لەبارەى یەكپۆشی خوێندکاران بڕیار دەدات

04:23 - 10/08/2022 183 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن_سلێمانى

 

یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، "سبەینێ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانكۆ بەڕێوەدەچێت و بڕیار لەسەر یەكپۆشی دەدەین".

 
د. پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بۆ كاروباری خوێندكاران ڕایگەیاند، بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانكۆ بەڕێوەبچێت و داتاكان لەبارەی ڕێژەی بەشداریكردن لە ڕاپرسی بۆ یەكپۆشیی خوێندكاران دەخرێنەڕوو، ئەگەر ڕێژەی بەشداریكردنی خوێندكاران زۆربوو بڕیار لەسەر یەكپۆشی دەدرێت، ئەگەر نا یەك هەفتەی دیكە درێژدەكرێـتەوە.

ئاشكرایكرد، "ڕاپرسییەكەمان لەسەر ئاستی سەرجەم كۆلێژەكان بووە، لای ئێمە بەهەزاران خوێندكار بەشدارییان لە ڕاپرسییەكەدا كردووە".

بە وتەی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، "لەسەر بنەمای ڕێژەی بەشداریكردنی خوێندكاران بڕیار لەسەر جێبەجێكردن و جێبەجێنەكردنی یەكپۆشی دەدەين".


ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ڕایگەیاند، بەپێی ئەنجامی ئەو ڕاپرسییەی لەناو خوێندکارانی زانکۆکەدا ئەنجامیانداوە، زۆرینەی خوێندکاران لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستمی یەکپۆشیدان و ئەمساڵ یەکپۆشی لە زانکۆکەیان جیبەجێدەکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن