هەواڵ

من و جەنگ ...

08:17 - 23/05/2019 82 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"


بەختیار شارەزوری

من سەربازێکی ماندوم
لەبەرەکانی جەنگ هاتومەتەوە
بۆنی باروتم لێدێت
گیانم خەڵتانی خوێنی سەربازەکانی هاوڕێمە
لە جەنگێک هاتومەتەوە
تێیدا دۆڕاوین
گیرفانەکانم پڕە لە قەوانی فیشەک
ملوانکەی دوا قسەی هاوڕێکانم پێیە
پێش گیان لەدەست دان
پۆستاڵەکانم لە زەلکاوێکدا فڕێدا
تا ببنە ماڵێک بۆ بۆقەکان
بێریەکەشم کردە هێلانە بۆ پاسارییەکان
تفەنگەکەشم لە جۆگەیەکدا کردە پرد
بۆ پەڕینەوەی مێرولەکان
من سەربازی هەڵاتوی جەنگێکی دۆڕاوم
هاتوم پڕمکەیت لە ژیان
هاتوم پڕمکەیت لە بۆنی خۆت
هاتوم باخچەکانم جارێکی تر بۆ تەفسیر بکەیتەوە
هاتوم ئاشنامکەیت بە زمانی کوکوختی
ڕەنگی گوڵم پێ بناسێنیت
وام لێکە ... لەگەڵ باران قسەبکەم
لە حیکایەتی جێهێشتنی بەفر و ئاسمان تێبگەم
ئاخر من گوێم پڕە لە دەنگی کۆپتەر و فیشەک
هاتوم قسە بۆ گوێم بکەیت
تا ئاشنا بم بە دەنگی ئاو
هاتوم بمکەیت بە خۆت
لەسەر سنگم بنوسە
ئەی سەرباز وەرە پێکەوە بە ڕەنگی عەشق بنوسین
نەفرەت لە جەنگ
من سەربازێکی دۆڕاوم
کە هێنامیان بۆ جەنگ دڵیان دەرهێنام
بەلەپیتکەی تفەنگێکیان لە بری دانا
کە بردمیان بۆ جەنگ گوشیمیان
تا دوا تنۆکی عەشقم لێچۆڕا
دە  وەرە خاتون
ببینە من چۆن لە جەنگەوە هاتوم
پڕم لە حیکایەتی سەربڕاو
پڕم لە یاداشت و داتای سەربازانی کوژراو
پڕم لە هاڕەی داڕوخانی ئەو باڵەخانانەی
کە ژورەکانی جێ ژوانی عاشقان بون
ژێر پۆستاڵەکانم خوێنی عاشقانی پێوەیە
ئەو باڵەخانانەی
سەربانەکانیان پڕ بو لە هێلانەی
کۆتر و حاجی لەق لەق
وەرە خاتون گوێ بنێ بە سنگمەوە
پڕە لە دەنگی گریانی ئەو منداڵانەی
کە جەنگ تۆپەکەی تەقاندن و
گۆڕەپانی یاریەکەیانی کردە سەنگەر
وەرە خاتون .. توخوا وەرە
بمبەرەوە بۆ یەکەم ئاوایی
فێرمکە چۆن سەیری چرۆی داران و
ڕۆشتنی مێرولە بکەم
تێم گەیەنە کە شەقەی باڵی نەوڕەسێک
دەنگی فڕینی پۆلە ڕیشۆڵەیەک
دەنگی باڵی کۆپتەر نیە ..!
ورە و پێم بناسێنە
کە قاسپەی کەو دەنگی دۆشکە و شەست تیر نیە
بمناسێنە بە کولە و کانی
بە کەنەسمە و دەنگدانەوەی شاخەکان
بە وردە ماسی ناو گولاوی
جێ زنجیری دەبابەیەک
بمناسێنە تکایە  بمناسێنە
بە گوڵی گەنم  بەلەنجەی گوڵە جۆ
بە زیکەی زیکزیکەرە
بە خۆشتنی چۆلەکە لە گوڵاوێکدا
بمناسێنە و پێیان بڵێ
ئەم سەربازەی کە بۆنی باروتی لێدێت
من خاتونی ئەم سەربازە بوم
لە پاشماوەی وێرانەی جەنگێکدا
تەرمەکەیم بە ناو چرە دارستانێکدا ڕاکێشا
بە ماچی لێوم ئاوم پێ بەخشی
لە گوڵدانی هەناومەوە ڕۆحم بەخشیە جەستەی
بەڵێ من هێنامەوە
ئا  خاتون  پێیان بڵێ
ئەم سەربازە دۆراوە
دەیەوێت لە قەوانی هەر فیشەکێکدا
گوڵێ بڕوێنێ
دەیەوێت دەبابە مل خوارەکانی دوای وێرانەی جەنگ
دوای بێدەنگی تەواو بونی جەنگەکان
ڕەنگیان بکات و بیانکاتە کولانەی سەگەکانی ئاوایی
دەیەوێت چرای دیوەخانەکانی گوند بگرێت بە دەستیەوە و
تەواوی باخەکان بگەڕێت
دەیەوێت ئاسەواری شارە ڕوخاوەکان
بکات بە باخچە
پییان بڵێ ..هاتوم
بچمە بەر باران
تا بشۆرێمەوە لە گوناهەکانی جەنگ
ئا ئا .. خاتون گیان
پێان بڵی ئەم سەربازە گوناهبارە
بانگیان بکە
خەڵکی ئاوای بانگ بکە و بە بۆنی مێخەک بمشۆن
تا گڵاوی جەنگم لێدەرچێت
ئا خاتون وام لێکە
قسە لەگەڵ باخچە بکەم
گۆرانی بۆ کانی بڵێم
خاتون گیان .. وام لێکە
لەسەر بەردی بەردەم دەرگای مزگەوتی گوند دانیشم و
کەوتنی تفەنگەکان بژمێرم
من سەربازێکی دۆڕاوی دوا جەنگم
نەمتوانی بەلەپیتکەی تفەنگەکەم بنیشێنم
دوای کوشتنم
بە ڕەنگی تۆ  بە هەناسەی تۆ  زیندو بومەوە
پەنجەم فێر کە لە بری بەلەپیتەکەی تفەنگ
نۆتەی سەر پیانویەک بناسێ
من پڕم لە رەنگی دڕندەکانی جەنگ
ئەو کاتانەی چی کڵاوی کۆشکەکان هەبو
لەسەر سنگی شەقامەکان سوتان
چی دەنگی دایک و منداڵە
لە ژێر ئەو دەنگە تۆقێنەرەی ئاسمانی جەنگدا
چۆن تێکەڵ دەبو بە فڕین و جێهێشتنی باڵندەکان
چۆن خوێنی سەر شەقامەکان دەبونە فەرشی سوری
پێشوازی وەفدەکان
خاتونەکەم  پێیان بڵی بە خەڵکی ئاوایی بڵێ
هاتوم ئاشنا بم
بە گوڵە حاجیلە و دەنگی کەڵەشێر و سڵاوی بەیان
بە هۆرەی لاپاڵ شاخ و شنەی گوڵاڵە سورە
پێیان بڵێ ئەم سەرباز مردوەم
بە ڕۆحی نێوان مەمکەکانم زیندو کردەوە
پێیان بڵێ ئەم سەربازە ناتەقیتەوە
لە بری ڕوناکی تەڵقە تەنورە چی دی
سەیری ڕوناکی گوڵە ئەستێرە دەکات
خاتون پییان بڵێ .. سوێند دەخوات
سوێند بە سەوزایی
بە لقی شۆڕە بی
بە لاشەی ڕوتی ئاو
بە رۆحی خاتون
دەی خاتون هاتوم پڕم کەیت
لە بۆنی خۆت و سروشت
ملوانکەکەی دایکم بکەرە ملم
پرم کە لە موچرکەی ماچی لێو
وەرە و پڕم کە لە خۆت
لەسەر سنگم بە ڕەنگی عەشق بنوسە
نەفرەت لە جەنگ

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن