هەواڵ

وێنە جێماوەکانی یادەوەریی

09:57 - 21/05/2019 430 جار خوێندراوەتەوە



مۆناكۆ ئیبراهیم 

دەزانم 
من دەزانم ڕۆژێک بەڕێوەیە؛
ھاکا ھات و 
منی بردەوە ناوخۆی.
لەو ڕۆژەدا:
دەگەڕێمەوە 
مەملەکەتە کاولبووەکەی خۆم
بەجەستەیەکی شێواو، 
شەکەت و وێران، دەردەکەم

دەگەڕێمەوە 
ژوورە تاکەکەسییەکەم
خۆم بە دار و دیواری ژوورەکەمدا دەکێشم،
وێنەی تارماریی پیاوێکی ڕۆشتووی 
کە لەسەر جێ ڕاکشاوە، دەکەم و نەماوە. 
                      *
دەزانم
 دەچمە بەر ئاوێنە و 
ئەوە منم لە خۆی ڕادەمێنێ
داخێکی ژنانە ھەڵدەمژم و
دەڵێم:
«ئەوە بوو ژیان؟
ئەوە بوو ئەڤینداریی؟»

یەک بە یەکەی لاپەڕەی ئەو مێژووانە دەدڕێنم
کە پیاویان بە پاڵەوانی چیرۆکەکان ناساندووە.
بە دوای یەک بەیەکی ئەو کتێبانەدا دەگەڕێم
کە باسیان لە جوانی ئەڤینداریی و ژیان دەکرد.
دوایش دەیانکەمە  ناو زبڵدانی مێژوو
                  *
دەزانم 
من ئەمڕۆ 
پێش ئەوەی ئەو ڕۆژە بگات
دەبێ پڕسیارێ
ئاراستەی 
«مرۆڤایەتی و جیهان» بکەم
بیانوەستێنم و 
شەرمەندەیان بکەم
ئەرێ بەڕاست:

«ئەوە بوو ژیان؟
ئەوە بوو ئەڤینداریی؟ 
ئەوە بوو پیاو؟»

ئێوارەی بەھار ٢٠١٩ - سلێمانی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن