هەواڵ

خۆڵەمێشی ناودارەكان

07:53 - 21/05/2019 92 جار خوێندراوەتەوە

‎"زەمەن"

عەبدولغەنی کاکۆ- بەرلین

 

من وای دەبینم کە ڕاوەستان لەسەر هەر ئەزموونێکی ئەدەبی هێندەی خودی ئەزموونەکە بایەخی هەیە، لە برەودان بەو هەنگاوانەی بە مەبەستی زیندووڕاگرتن و بەرەوپێشەوەبردنی ژانرە ئەدەبییە جۆراوجۆرەکان دەنووسرێن، بەتایبەتی لەسەردەمی ئێستاماندا کە زۆربەی ئەو کارو بەرهەمە تازانە دەخرێنە خانەی فەرامۆشکردنەوەو بەشێوەیەکی جددی هەڵوەستەیان لەسەر ناکرێت. من وەکو خوێنەرێک زۆر جاران خۆم لەبەردەم ئەو ئەزموونانەدا دەبینمەوە هەست بە ڕەوشی خراپی ڕەخنەی ئەدەبیمان دەکەم، هەست دەکەم بۆشاییەکی گەورە کەوتۆتە ناو ناوەندی ڕۆشنبیریمان.

‎کاتێک کۆمەڵە چیرۆکی (خۆڵەمێشی ناودارەکان)ی (سیامەند هادی)م خوێندەوە، بە پێویستم زانی وەک خوێنەرێک کورتەیەک لەباری سەرنجەکانی خۆم سەبارەت بەو چیرۆکانە بخەمە ڕوو. ئەم کۆمەڵەیە هەشت کورتە چیرۆکی لەخۆگرتووە. سیامەند بە شێوازێکی سادە چیرۆک و بەسەرهاتەکانی مرۆڤی نیشتیمانێکی ستەمدیدەی لەسەردەمی ئێستاو ڕۆژگارەکانی دوێنێ دەگێڕێتەوە.

 

ئەوەی جێگەی تێڕامانە وەک بڵێی نووسەر تەواو هەستی بە خەسڵەتی دونیای خوێندنەوەی ئێستا کردبێ خوێنەری نەخستۆتە ناو ئاڵۆزییەکی وەها کە لەناو ڕووداوی بێ سەرەتاو بێکۆتاییدا ونی بکات، ئەو ڕووداو و پەرۆشییە سەختەکانی مرۆڤ بە زمانێکی سادە دەنووسێتەوە. من ئەو هەستکردنەی نووسەر بە واقیعی ئەو سەردەمە، بە جیاوازی ئەو دەزانم ئەگینا چیرۆکەکان لەناو هەمان ئەو رەوتەی کورتەچیرۆکی کوردیدان کە لەسەری راهاتووین.

 

‎ نووسەر لە سەرتاپای چیرۆکەکانیدا پاڵەوانەکانی لە چوارچێوەی رووداوەکاندا نەهێناوەتە دەرەوە تا وەک کارەکتەرێکی سەربەخۆ بە خوێنەریان بناسێنێ، بەڵکو خودی چوارچێوەی ڕووداوەکان، ئاڕاستەی ڕووداوەکان، یان لە هەندێ شوێندا شۆڕبوونەوەی کارەکتەرەکان بۆ ناو ناخی خۆیان ناسنامەی کاراکتەرەكانمان بۆ دەخەنە ڕوو.

 

تەکنیکی گێڕانەوە لە چیرۆکەکاندا هاوشێوەییەکیان پێوە دیارە، بەڵام لە چیرۆکی (ئاشکرابوونی نهێنییەکانی شارێک) دا تەکنیکەکە بە تەواوەتی گۆڕانی بەسەردا دێت، ئەم چیرۆکە بابەتێکی قوڕس دەورووژێنێ بەبێ ئەوەی پاڵەوانێکی سەرەکی لەوێدا بوونی هەبێت، ئەم چیرۆکە لەڕێگەی کارەکتەرێکی نادیارو کۆمەڵێک دەنگ و فیگوری جیاوازەوە دەگێڕدرێتەوە، دیارە ئاماژەدان بە هەر دزێوییەک کە ناهاوسەنگییەکی لە ژیانی ئاسایی مرۆڤەکاندا خولقاندبێ لەلایەک ئاستی هاوبەشی ئەدەب لە ئاوێتەبوونی واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی دەردەبڕێت و لەو شوێنەدا ئەدەب خۆی لە بەرگێکی ڕیالیستیی ڕاستگۆیانەدا بەرجەستە دەکات، لەلایەکی دیکەشدا گەورەیی ئەوبابەتە و چڕکردنەوەی لەناو کورتە چیرۆکێکدا جوانی ئەو تەکنیکە دەردەبڕێ کە نووسەر لەو چیرۆکەدا پیادەی کردووە. 


من زۆر سەرنجی ئەوەم داوە کاتێک ڕەخنەگرتن لە واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی دەبێتە بابەتی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی زۆربەی جاران هەست دەکەم کە شێوازێکی ڕاپۆرتئامێزی وشک و خاڵی لە جوانیی بەسەر ئەو چیرۆک و ڕۆمانانەدا زاڵە. بەڵام لەم چیرۆکەدا هەست بە دەربڕین و گێڕانەوەیەک دەکەیت کە بە ڕیتمێکی هێمن دەتباتە سەر ئەنجامێکی ڕاچڵەکێنەر، لەلایەکی دیکە نووسەر هەوڵی داوە لە پەنای دەربڕینەکانی ئاماژەی مانادار و مەبەستی ترسناک لەپەنای ڕستەو دیالۆگە هێمنەکانەوە دەرببڕێت و شیکاری ئەو ئاماژانەش بۆ خوێنەر بەجێبهێڵێ.

لەناو ئەو کۆمەڵە چیرۆکەدا سێ چیرۆک بە ناوەرۆکێکی پۆلیسیی خۆ دەخەنە ڕوو، لە ڕاستیدا ئەو سێ چیرۆکە هەق نەبوو لە چوارچێوەی کورتە چیرۆکدا کورت بکرێنەوە، چونکە بابەتەکانیان پەلوپۆی زۆر دەکێشن و بۆیان هەبوو هەریەکەیان بکرێن بە نۆڤڵێت و ڕۆمانێکی سەربەخۆ، نووسەر لەو سێ کورتەچیرۆکەدا ڕایدەکێشامە ناو سێ بابەت و سێ ڕووداوی سەرنجڕاکێش کە هەریەکەیان خەیاڵی بۆ لایەک دەبردم، بەڵام سەرئەنجام هەستم دەکرد منی لەناوەندی ڕێگایەک بەجێهێشتووە، دیارە هەندێ جار کورتبڕی دەرەقەتی لەقاڵبگرتنی ڕووداوی گەورە نایێت، هەر بۆیە لەو سێ چیرۆکەشدا دەبینین ڕیتمی گێڕانەوە نەیتوانیوە بە چەشنێکی هاڕمۆنی لەگەڵ ڕووداوەکانیاندا بڕوات.

 

ئەو سێ چیرۆکە ئەگەر بۆ منی خوێنەر چەشەیەکی هەبووبێت، ئەوا ئەو چەشەیە خۆی لەوە کورت دەکاتەوە کە بڵێم ئەوانە ئاماژەو مژدەبەخشی ئەوەن کە نووسەر توانای ئەوەی هەیە لە داهاتوودا خۆی لەبابەتی مژارێک بدات کە بە داخەوە هێشتا ڕۆمانی کوردی وەکو پێویست ئاوڕی لێ نەداوەتەوە، لەکاتێکدا فراوانبوونی شار و ئەو دەرهاویشتانەی لەو فراوانبوونەدا ئاوێتەی ژیانی خەڵک دەبن، دەبووایە مژاری تاوان وپۆلیسیی زۆر زیاتر لەنێو ئەو بوارەدا ڕەنگی بدابووایەتەوە. ‎ئەوەی لە چەندین کورتە چیرۆکی ناو ئەم کۆمەڵەیە بوو بەجێگەی سەرنجی من ئاریشەی گێڕانەوەو گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو، نازانم بە ڕێکەوت بووە یان ئەوەیە نووسەر دەیەوێ لەپەنای ئەوە شتێکی دیکەمان پێ بڵێ، لەو چیرۆکانەدا (چوارەمین ئەلبومی تەنیایی، خۆڵەمێشی ناودارەکان، وێنەی نەناسراوەکان) دەبینین لە هەموو گەڕانەوەیەکدا بۆ ڕابردوو پەنا براوەتە بەر وێنە، هەر چەندە نووسەر سەرکەوتووانە توانیویەتی وێنە بکاتە دەروازەی گەڕانەوە بۆناو ڕابردوو (وەک چۆن لە چیرۆکی ئاشکرابوونی نهێنییەکانی شارێکیش دا وێنە ڕۆڵی بەڵگە دەبینێ)، بەڵام هێندە دووبارە بوونەوەی (وێنە) وەک خاڵی بنەڕەتی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو زیان بەباڵادەستی نووسەر دەگەیەنێت لە بەکارهێنانی تەکنیکی گونجاوی دیکە لە پڕۆسەی گێڕانەوەدا. لەلایەکی دیکە یەک ڕەنگییەکی کەمێک بێزارکەریش بە چەشەی خوێنەر دەگەیەنێت، بۆیە لەبەرامبەر چەندین ڕێگەی هونەری بۆ گەڕانەوە بۆ زەمەنی ڕابردوو، بۆ قووڵبوونەوە و شۆڕبوونەوە بەناخی ڕۆژگاری ڕابردوو ناکرێ گێڕانەوە لەیەك شێوە و ڕەنگدا قەتیس بکرێت.

 

‎لە کۆمەڵە چیرۆکی (خۆڵەمێشی ناودارەکان)دا شتێک کە زۆر جێگەی  دڵخۆشییە ئەوەیە کە نووسەرەکەی بە زمانێکی کوردی ڕەوان، بە ڕێنووسێکی جوان ئەو چیرۆکانەی داڕشتووە، بایەخی ئەو خاڵە لەوەدایە کە لەنێو ئەو هەموو پاشاگەردانییەی لە دونیای نووسینی کوردیدا بەرقەرارە، کتێبێک ببینی بە زمانێکی جوان و ڕەوان نووسرابێ دەبێ بەهای ئەو جوانیی و ڕەوانییە لەبەرچاو بگیرێ. لەو ڕووەوە سیامەندی نووسەر کە بە شێنەیی لەناو دونیای نووسیندا برەو بە ئەزموونی خۆی دەدا زۆر بە وریارییەوە ئاگاداری ئەو خاڵە بووە، وەک بڵێی بە وردی جەختی لەسەر ئەو ڕاستییە کردبێتەوە کە جوانی هەر تێکستێکی ئەدەبی پابەندە بە مەرجی جوانیی دەربڕین و زمانی ڕەوان و تەنانەت بە ڕاستیی نووسین و خۆپاراستن لە هەڵەی نووسین. لەم سۆنگەیەوە من چیرۆکەکانی سیامەند بە شایستەی خوێندنەوە دەزانم

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن