کوردستان

له‌باره‌ی به‌نزینه‌وه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان بڕیاری نوێی ده‌ركرد

04:03 - 21/06/2022 1295 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

كەمال محه‌مه‌د، وەزیری سامانە سروشتیەكان به‌ وه‌كاله‌ت، له‌گه‌ڵ بەڕێوەبەرانی نەوت و كانزاكانی پارێزگاكانی كوردستان كۆبوه‌وه‌ و چه‌ند بڕیارێك ده‌ركران.


به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا رۆژانە 3- 3,5 ملیۆن لیتر بەنزین دابین بکرێت بە كوالێتی و مواسەفاتێكی باش.

هه‌روه‌ها تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پاڵپشتیكردنی كەرتی گواستنەوەی گشتی بۆ ئەم مەبەستە وەزارەت بەنرخێکی پاڵپشتیکراو بەردەوام دەبێت بۆ دابینکردنی بەنزینی 690 دیناریی.

لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری سامانە سروشتیەکان، سوپاسی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووه‌، كە لەماوەی 4 رۆژی رابردوودا 9 ملیۆن لیتر بەنزینی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر پارێزگاکانی کوردستاندا دابینكردووەو رۆڵی لەكۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین هەبوو.

 بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خراپی کوالێتی بەنزینیش، وەزیری سامانە سروشتیەکان داوای لە لێژنەی باڵای چاودێری و بەدواداچوونی كوالێتی و مواسەفاتی بەنزینی کرد هەوڵەکانیان چڕبکەنەوەو دەستنیشان و سزای توندی هەر بەنزینخانەیەکیش بکەن کەبەدەر لە ڕێنماییەکانی وەزارەت سەرپێچی دەکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن