هەواڵ

خۆکوشتنی کچان و ژنانی رۆژهەڵات گەیشتۆتە ئاستێکی ترسناک

09:17 - 16/05/2019 199 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن: هێمن حەسەن

بەگوێرەی میدیاکان و رێکخراوەکانی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، رووداوەکانی خۆکوشتن لەناو ژنانی کورددا حاڵەتی تێپەڕاندووەو بووەتە دیاردە.

بەپێی نوێترین ئامار کە “زەمەن” بەتایبەت لە رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دەستیکەوتووە، لە ساڵی ٢٠١٧دا لە سەرجەم شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ٢٠ ژن و کچ خۆیان کوشتووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەو رێژەیە بەرزبۆتەوە بۆ ٥٠ ژن، لە چوار مانگی رابردووی ٢٠١٩دا ٢٠ ژن خۆیان کوشتووە.

شنە درودگەر، سکرتێری یەکێتی ژنانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران -حدکا، هۆکاری زۆربوونی رێژەی خۆکوشتنی ژنان و کچانی رۆژهەڵات بۆ خراپی دۆخی ئابووری و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێنێتەوە.

شنە درودگەر بۆ “زەمەن” وتی: “لەدوای توندکردنی گەمارۆکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، هەژاریی و نەداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر تەشەنەی کردووە، هەروەها ئەو دابونەریتە سوننەتییەی لەناو کۆمەڵی کوردەواری لە رۆژهەڵاتدا هەیە هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی خۆکوشتنی ژنانە”.

سکرتێری یەکێتی ژنانی (حدکا) باس لەوە دەکات، دەوڵەت نەک چارەسەری بۆ ئەو کێشانە پێ نییە “بەڵکو حکومەتی ئێران خۆی یەکێکە لە هۆکارەکانی تری خۆکوشتنی ژنان و کچان بەوپێیەی رێگرە لە هۆشیارکردنەوەیان و دابینکردنی کارو بژێوی بۆیان”.

رێکخراوی هەنگاو، کە بایەخ بە مافەکانی مرۆڤ دەدات لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویکردۆتەوە، تەنیا لە ١٨ رۆژی مانگی بەهاردا ١٠ ژن لە شارەکانی قەسری شیرین، دێهلوڕان، ئیلام، سنە، مهاباد، کامیاران، پاوەو ورمێ خۆیان کوشتووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، کە لە ساڵی رابردوودا  لانیکەم ٢٧ ژنی کورد بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان کوژراون. زۆربەی ئەو حاڵەتانەش لە پارێزگای ورمێ تۆمارکراون کە لە ٦٦٪ی کوشتنەکان بەهۆی کێشەی خێزانیی و بەناوی شەرەفپارێزییەوە کوژراون.

سەبارەت بە زۆربوونی هۆکارەکانی خۆکوشتنی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، نیلا عەباسی، ئەندامی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە “زەمەن”ی وت: “هەژاریی و بێکاریی، ژنان و کچانی رۆژهەڵاتی تەواو هەراسان کردووە. کاتێک دەیانەوێ بخوێنن لە زانکۆ پارەیان نییە کاتێ دەیانەوێ کاربکەن پارەیان نییە یان رێگەیان پێنادەن، یان خوێندنی تەواوکردووە دانەمەزراوە، بۆیە ئەمانە هۆکاری سەرەکین بۆ خۆکوشتنی ژنان”.

نیلا دەشڵێت: هەرچەندە ئاستی هۆشیاریی لەناو ژنان و کچانی رۆژهەڵات بەرزە، بەڵام ئاستی بێکاری و بێدەرامەتی کاریگەری هۆشیارییەکەی نەهێشتووە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تێبینی ئەوەیان کردووە جۆری خۆکوشتنی ژنان زیاتر لەڕێی خۆهەڵواسین و خۆسوتاندنەوەیە، دوای ئەوان دەرمانخواردو خۆفڕێدانە خوارەوەیە لە بەرزاییەوە.

بنکەی چاودێری و هاوئاهەنگی کاروباری لاوانی ئێران لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بڵاویکردەوە، لەماوەی ساڵی رابردوو و چوار مانگی ئەمساڵدا، لە ئێراندا چوار هەزارو ٩٩٢ کەس هەوڵی خۆکوشتنیانداوە کە لەو ژمارەیە ١٤٠٠ کەسیان لە پێنج پارێزگای کوردستان (ئیلام، کرماشان، لوڕستان، سنەو ورمێ) بوون و ٥٧٠ کەسیان ژن بوون.

بنکەکە ئاشکرای کردووە لەسەرجەمی ئەو هەوڵانە زیاتر لە ٤٥ ژن و کچ لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان کوشتووە یان لەلایەن کەسوکاریانەوە کوژراون.

ئامارەکانی هەر سێ رێکخراوەکە دەیسەلمێنن ئەگەر چوار مانگی ئەمساڵ بەروارد بکرێت بە دوو ساڵی رابردوو، ئەوا خۆکوشتنی ژنان دوو بۆ سێ ئەوەندە زیادی کردووە.

مریەم ئیبراهیمپوور، ناوی خوازراوی ژنە پارێزەرو چالاکوانێکە لە شاری مهاباد، قسەی بۆ “زەمەن” کردو وتی: “لە رۆژهەڵاتدا ناوەندو رێکخراوگەلی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو ژنان بەتایبەتی، زۆر کەم و لاوازە، بۆیە ژنان لەژێر ئابووری و عەقڵی پیاواندا دەچەوسێنرێنەوە. دەوڵەت بۆخۆی هۆکاری یەکەمی زیادبوونی خۆکوشتنی ژنانە چونکە رێگە بەهیچ دەرفەتێکی هۆشیارکردنەوەی ژنان نادات، یاساو دادگاکانیش شوێنێک نین بۆ سەندنەوەی مافی ژنان، بۆیە رێژەی خۆکوشتنی ژن رۆژ بەرۆژ زیاد دەکات”.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن