هەواڵ

شاسوار عەبدولواحید: دەچمە بەردەم دادگا

12:58 - 16/05/2019 111 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

شاسوار عەبدولواحید دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا، ڕایگەیاند ئێستا خۆم دەڕۆم بۆ بەردەم دادگا، وەک چۆن پێشتر چوینەتە بەردەم دادگا و سڵمان نەکردۆتەوە.
شاسوار عەبدولواحید لە پێگەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نوسویەتی "ئەمەی ئێمە و هاوڕێکانمان دەیچێژین، باجی هەڵوێستەکانمانە، نەک باجی هەڵە!! زۆرێک هەن هەڵەی گەورە و تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە، بەلام ئازادانە دەسورێنەوە لەم ولاتەدا، بۆ ئێمەش ئاسان بوو توشی ئەمانە نەبوینایە، ئاسان بوو بێ هەڵوێست بوینایە، ئاسان بوو پشتمان بکردایەتە خەلکی خۆمان و سەرمان کز کردایە، بەڵام ئەمەیان ڕێگا راستەکەیە."

ئەمەش لە کاتێکدا دێت ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە دادگای سلێمانی بە مادەی دووی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەرکرد.

ڕۆژی ٢٤ی نیسان، پەرلەمانتاری جوڵانەوەی نەوەی نوێ، شادی نەوزاد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە لەلایەن شاسوار عەبدولواحید و باندەکەیەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی (ڕووت)ی لێکراوە و سکاڵای لەسەر تۆماردەکات.

دوا بەدوای تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید، هەردوو سکرتێرەکەی و چەند خۆبەخشێکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیکران و ئاسایشی سلێمانیش ڕایگەیاند دەستگیرکردنەکان بە بڕیاری دادگا بووە.


هەروەها دواتر ئاسایش تۆمارێکی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا پێنج کەس کە دوانیان سکرتێری تایبەتی شاسوار عەبدولواحید بوون دانیان بەوەدا نا کە هەڕەشەیان لە شادی نەوزاد کردووە، هەروەها ئاسایشی ئاشکرایکرد کە "باندەکەی شاسوار" چەندین پەیجی نافەرمیان هەبووە کە لێوە هێرشیانکردووەتە سەر ڕۆژنامەنوسان و نوسەر و کەسایەتییە سیاسییەکان و ناویان زڕاندوون، دواتریش چەند ڕۆژنامەنوسیش سکاڵایان لەسەر تۆمارکرد.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن