هەواڵ

شتەکان دەگەن، ئەی مرۆڤەکان؟

11:42 - 16/05/2019 57 جار خوێندراوەتەوە

د. سەردار عەزیز

ماریو بەدەلیاچا ئیتاڵیەکی ئەبو شواربە. ئەم فۆتۆگرافەرە یەکێک لە پرۆژەکانی ساڵی ٢٠١٣ی وێنای ئەو شتانە بوو کە پەنابەرە ئەفریقاییەکان لە دورگەی لامپەدۆسا بەجێی دەهێڵن. شتەکان تەنها لە هەناو ئەم چوارچێوەیەدا مانا بەخشن، لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە هەتا بڵێی هاکەزایین. شتەکان پێداویستیە تایبەتەکانی کەسێكی موسافیرن، بە خەیاڵ و خەونێکی تایبەتەوە. کۆچ هەمیشە پێش ئەوەی کۆچ بێت بە شوێندا، کۆچە بە خەیاڵدا. پەنابەرەکان بە دەریای سپیدا بۆ ئەوروپا دێن لە بەلەمی کۆندا بە ژمارەی زۆر سەفەر دەکەن. بەڵام نەک هەر قاچاخچیەکان، بەڵکو ئەوروپاییەکانیش ئەوان وەک مرۆڤ نابینن. لە لامپەدوسۆ جێگایەک هەیە پێی دەڵێن گۆڕستانی بەلەمەکان لەوێ لەگەڵ بەلەمەکاندا شتومەکیش بەجێدەهێڵرێت. پرۆژەکەی ماریو بە ئیتاڵی ناوی فرامێنتیە، بە کوردی بە مانای بەش یان شتێکی پەرت بوو، یان پاشماوە دێت.

ڕۆژانی ڕابوردوو کە ماریوم بینی باسی ئەوەی کرد سەرەتا ڕۆژنامەی ریپۆبلیکا دەینێرێت بۆ دورگەکە، پاشان بیری ئەوەی لێدەکاتەوە کە بیکاتە پرۆژەیەک. شتەکان پێکەوە چیرۆکی سەیر دەگێڕنەوە. بۆ من دەکرێت ئەو کڵاوو نەعل و چاویلکەو فەرهەنگ و بەرگی پاسەپۆرت و نامەو جەوەنەو قاپ و قاچاخ و کتێبانە هەموو بەسەر دوو پۆلێندا پۆلێن بکرێن: یەکەمیان پێداویستیەکانی سەفەرێکی سەخت، لەگەڵ پێداویستیەکانی گەیشتن. لە ساڵانی ڕابوردودا ئەوەی لەمیانەی چیرۆکی سەفەردا زیاتر جێگای بایەخ بووە، لە هەموو شتێکی تر زیاتر گەیشتن بووە.

بەڵام ئەمڕۆ گەیشتن توێژی زیاتری دروستکردووە. بەوەی وڵاتانی ئەوروپی لە هەوڵی ئەوەدان کە دان بە گەشتنی پەنابەراندا نەنێن، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتیان نەگرنە ئەستۆ. ماریو لە پرۆژەیەکی تردا وێنای ئەو جێگایانە دەگرێت کە لە ئیتاڵیادا هەن بۆ بەندکردنی ئەو پەنابەرانەی کە چاوەڕێی ناردنەوەن. ئەم جێگایانە پێیان دەوترێت دیتێنشن سێنتەر، لە وێناکاندا وەها دەردەکەوێت جگە لە دیوارێکی ڕووت هیچی تر نەبێت.

هەڵکشانی شەپۆلی رەگەزپەرستی لە ئەوروپا گەیشتنی بیانی بۆ ئەو کیشوەرە لە هەموو ساتێک زیاتر سەختکردووە.

شتەکانی گەیشتن، وەک فەرهەنگی فێربوونی ئیتاڵی بێ مامۆستا، کڵاوو چاویلکەیەکی گەشتیارانە؛ دەربڕی خەونێکن، کە پەنابەر پێش گەیشتن بە گەیشتنەوە دەیبینێت. بەڵام شتەکان دەگەن، خۆی ناگات. گەیشتن تەنها ئەوە نیە لە ڕووی فیزیکیەوە بگەیتە سەر خاکی ئەوروپا. گەیشتن پرۆسەیەکی یاسایی، کەلتوری، دەروونی، ئابوری و ئاگاییە. ئەم هەموو توێژە هەتابێت زیاتر ئاڵۆز دەبن. وێناکانی ماریو لە کتێبخانەی گشتی شاری کۆرک کراون بە پێشەنگا، ئەوەی بۆ من جێگای سەرنج بوو، ئایا ئەم وێنایانە چۆن دەبینرێن؟ ئەمەم لەگەڵ ماریودا باسکرد، ترسی من ئەوە بوو، کە بە دیدو تێگەیشتنی پۆستمۆدێرنەکان، هەرکەس بە دیدی خۆی لێکی بداتەوە، لە ئەنجامدا کرۆکی چیرۆکەکە بفەوتێت. شتەکان لەکاتێکدا پەنابەران دەکەنە مرۆڤی ئاسایی و خاوەن خەونی بچکۆلە، لەهەمانکاتدا دەربڕی ئەوەن کە وەک خەڵکانێکی خاوەن مروەت لە خۆیان نواڕیوە. بەڵام بەپەنابەربوون دۆخێکە هەموو مروەتێکت لێ دەسێنێتەوە. پەنابەربوون دۆخی داڕن بوونە. پەنابەر لە ڕێگای تیلەو یاساو خێسەو پرسیاری پۆلیس و هاواری سیاسیەکان و ترسی کۆنی کەلتوری ئەوروپاییەکان لەوە دەکەوێت هەڵگری هیچ بەهایەکی مرۆڤ بوون بێت. گەرچی شتەکان چیرۆکی تاکەکەسین پێکەوە سەربوردەی یەکێک لە هەرە دیاردە تراژیدیەکانی ئەم سەردەمەمان بۆ دەگێڕنەوە، بەڵام تەنها پێکەوە مانایان هەیە.

فۆتۆکانی ماریو هیچ ناونیشانێکی تایبەت هەڵناگرن، هیچ ڕیزبەندیەک نیە بۆ پۆلێنکردنیان. ئەمە لەکاتێکدا خەسڵەتی وێناکانە، بەڵام جۆرێک لە بەرگریە لەلایەن ئەوەوە بۆ فشاری بە مۆزەکردن. مۆزەخانە جێگایەکی تایبەتی سەر بە مۆدێرنە. جۆرێکە لە دەستەمۆکردن، کە هەڵگری بەهاو خەسڵەتی خۆیەتی. شتی ناو مۆزەکان شتی ئەم سەردەمە نین. پانتایی مۆزەکان جۆرێکی تایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤەکاندا دادەڕێژن. مۆزەکان هەڵگرتن و هێنانەوەی ئەو شتانەن کە پێش سەردەمی ئەمڕۆ هەبوون، ئاماژەی دیاردەیەکی تێپەڕیون. بەڵام ئەم وێنایانە هێشتا مۆزەیی نین. هەڵگری خەسڵەتی دیاردەیەک و مرۆڤانێکن کە ئەمڕۆ لەسەر جادەکانی ئەوروپا بە ئازارەوە ژیانیان دەگوزەرێنن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن