هەواڵ

پێنج هه‌نگاو بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاری ماسولكه‌و جومگه‌

11:12 - 15/05/2019 241 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"

١. خواردنه‌وه‌ی ئاوی زۆر:

خواردنه‌وه‌ی ئاوی زۆر گرنگه‌ بۆ لابردنی ئه‌و ژه‌هرو پاشه‌ڕۆیانه‌ی كۆده‌بنه‌وه‌ له‌ له‌شدا، كاری دڵ چالاك ده‌كات، واده‌كات خرۆكه‌ سووره‌كان زیاتر ئۆكسجین هه‌ڵگرن بۆ خانه‌ی ماسولكه‌و ئێسك‌و هه‌روه‌ها جومگه‌كان چه‌ور ده‌كات ئه‌ویش به‌زیاد دروستكردنی ئه‌و شله‌یه‌ی ناو جومگه‌كان (synovial fluid)


٢. جوڵه‌و مه‌ساج‌و وه‌رزش:
جوڵه‌ی ڕۆژانه‌ گرنگیه‌كی زۆری هه‌یه‌ بۆ چاكبوونه‌وه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازار، ئه‌ویش به‌و میكانیزمه‌ی كه‌ كۆئه‌ندامی لیمف چالاك ده‌كات كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ لابردنی پاشه‌ڕۆكانی خانه‌كانی له‌ش، ڕۆشتنی ئۆكسجین زیاد ده‌كات بۆ خانه‌كان، گرژی و فشاری سه‌ر ماسولكه‌كان كه‌م ده‌كات، بۆیه‌ باشتره‌ جووڵه‌و وه‌رزش و مه‌ساج ببێت به‌ ڕۆتینێك له‌ژیانتدا. به‌ڵام كاتی ئه‌نجامدانی ڕه‌چاو بكرێت له‌ ڕه‌مه‌زاندا كه‌ ده‌بێ یان به‌یانی زوو بكرێت ، یاخود سه‌عاتێك پێش به‌ربانگ ، یان سێ سه‌عات دوای به‌ربانگ .


٣. به‌ڕۆژووبوونی ته‌ندروست:

به‌ڕۆژووبوون یه‌كێكه‌ له‌ باشترین ڕێگاكان بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی ئازار (به‌ مه‌رجێك كه‌سه‌كه‌ له‌ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌ كێشه‌ی تری نه‌بێ كه‌ڕێگربێ له‌ به‌ڕۆژوو بوون)، ئه‌ویش به‌م میكانیزمانه‌ :


*زیادكردنی ڕێژه‌ی هۆرمۆنی گه‌شه‌ (HGH)له‌ له‌شدا. كه‌یارمه‌تی به‌هێزكردنی كڕكڕاگه‌و ئێسك‌و ماسولكه‌و به‌سته‌ره‌كان ده‌دات به‌هۆی زیادكردنی كۆلاجین تیایاندا .
*كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌وكردن‌و پاشه‌ڕۆی خۆراكی له‌ له‌شدا، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی دووجۆر ئه‌نزایم كه‌ پێی ده‌وترێ (cytokines) هه‌یه‌ له‌له‌شدا ناویان
(interleukin-6) و  (tumer necrosis factor alpha ) 

كه‌ به‌رپرسن له‌ زیادبوونی هه‌وكردن له‌ له‌شدا له‌كاتی به‌ڕۆژووبوندا به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م ده‌كه‌ن له‌ له‌شدا ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی كه‌م بوونه‌وه‌ی ئازار .


- یارمه‌تی دروستبوونه‌وه‌ی خانه‌و شانه‌كانی له‌ش ده‌دات‌و له‌ناوبردنی خانه‌ مردووه‌كان، ئه‌ویش به‌ چالاككردنی پروسێسێك كه ‌پـــێـــی ده‌وتـــرێــت (autophagy) واته‌ خۆ خۆری، كه‌تیایدا خانه‌ تێكشكاو زیانبه‌خشه‌كان لاده‌برێن‌و فڕێ ده‌درێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ش.


- به‌ڕۆژووبوون ئه‌نتی ئۆكسیده‌كان له‌ له‌شدا زیاد ده‌كات‌و وا له‌ له‌ش ده‌كات بچێته‌ دۆخی چـــه‌وری ســـوتـــانــدن (fat burning).


4. هه‌ناسه‌دانی قوڵ:

هه‌ندێجار هه‌ناسه‌دانی نادروست‌و كورت ده‌بێته‌ هۆی زیادكردنی هه‌وكردن له‌ خانه‌كانی له‌شدا ئه‌ویش به‌ میكانیزمی كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌م ئۆكسیدی كاربۆن له‌ له‌شدا ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی ئه‌و ماددانه‌ی هه‌وكردن زیاد ده‌كه‌ن، بۆیه‌ گرنگه‌ ئاگامان له‌ هه‌ناسه‌دانمان بێ‌و به‌شێوه‌یه‌كی قوڵ هه‌ناسه‌ بده‌ین كه‌ ئازارت هه‌بوو به‌مشێوه‌یه‌ هه‌ناسه‌ بده‌:


- هه‌ناسه‌ وه‌رگره‌ بۆ ماوه‌ی ٤ چركه‌ .
- هه‌ناسه‌كه‌ بهێڵه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی ٢چركه‌.
- ئینجا بیكه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ماوه‌ی ٤چركه‌ی تردا.
ئه‌م وه‌رزشه‌ بۆ ماوه‌ی ٥ خوله‌ك بكه‌ ٢ -٣ جار له‌ ڕۆژه‌كه‌دا، تێبینی باشبوون ده‌كه‌یت پاش ماوه‌یه‌كی كورت.


5. وه‌رگرتنی سپلیمێنت یاخود ته‌واوكه‌ری خۆراكی:

هه‌ندێ ته‌واوكه‌ری خۆراكی كاریگه‌ری باشیان هه‌یه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازار وه‌كو:


-ئه‌و سه‌پلیمێنتانه‌ی كه‌ مادده‌ی كوركمین(curcumin) كه‌ له‌ زه‌رده‌چه‌وه‌دا زۆره‌و دژه‌ هه‌وكردنه‌و دژه‌ ئۆكسیده‌و ئازارشكێنێكی سروشتیشه‌و به‌رگری له‌شیش زیاد ده‌كات، ده‌توانرێت (٢گم) وه‌رگیرێت لێی ڕۆژی ٢-٣ جار.


-ڕۆنی ماسی كاریگه‌ریه‌كی باشی هه‌یه‌ چونكه‌ ئۆمێگا ٣ی تێدایه‌، هه‌وكردن كه‌م ده‌كاته‌وه‌، دروستبوونه‌وه‌ی خانه‌ تێكشكاوه‌كان چالاك ده‌كات، كۆئه‌ندامی به‌رگری له‌ش به‌هێز ده‌كات، جوڵه‌ی جومگه‌كان زیاد ده‌كات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن